بابه‌ت: ماڵپەڕی e-Commerce و نەبوونی کۆدی ZIP چارەسەرەکانی چین؟

سڵاو بەڕێزان،

ڕوونە لای هەموومان کە کۆمەڵێک بەربەست هەن لە کوردستان و عێراق، لەبەردەم درووستبوونی ماڵپەڕی بازرگانی ئەلەکترۆنیدا e-Commerce وەکو نەبوونی سیستمی بانکی (چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی درووست بوون کە وەک پێویست کارەکانیان ناکەن) هەروەها نەبوونی سیستمی ناونیشانی تەواوەتی کۆدی ZIP یان Postal کە ئەم دووانە دیارترین کێشەکانن.
لە کاتی درووستکردنی ماڵپەڕدا بۆ شێوازی پارەدان دەتوانیت لە نەبوونی هەر ڕێگایەکدا (پارەدان بەکاش) هەڵببژێریت، بەڵام لە نەبوونی سیستمێکدا کە ناونیشانی شارەکانی کوردستان ڕێکبخات، ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، دەزانین کە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ماڵپەڕی بازرگانی ئەلەکترۆنی ئەوەیە کە تۆ وەکو کڕیار و فرۆشیاریش هیچ پەیوەندی و گفتوگۆیەک لە نێوانتاندا ڕوونادات، لە کات و شوێنی دیاریکراودا پێداویستیەکان دەگاتە شوێنی مەبەست، بەڵام لە کوردستان کارمەندی گەیاندن چەند تەلەفون ئەکات (ئەلو کاکە ئەوە لای مەکتەبەکەم ئێستا بێمە کوێ؟) کڕیارەکەش وەڵامی ئەداتەوە (دووەم کۆڵان وەرە ژوورەوە خانویەکی سپیە و سیراتۆیەکمان هەیە) ئەم شێوەیە شتێکی تایبەت بە کوردستانە و زۆر ناڕێکوپێک و ناشرینە و ناتوانین بەمە بڵێین ماڵپەڕی بازرگانی ئەلەکترۆنی.
بۆیە دەبینین لێرە و لەوێ هەر ماڵپەڕێک درووست دەبێت ناگاتە ئەنجامێکی باش و لە شوێنێکدا ڕووبەڕووی کێشە و بەربەست دەبێتەوە.

ئایا چارەسەر بۆ نەبوونی کۆدی ZIP/Postal چیە؟ ئایا دەکرێت جێگرەوەی هەبێت؟
ئایا هیچ هەنگاوی بۆ نراوە؟ ئەگەر نەکراوە چۆن دەست پێبکرێت؟

وه‌ڵام: ماڵپەڕی e-Commerce و نەبوونی کۆدی ZIP چارەسەرەکانی چین؟

سڵاو، قسەکانت لەجێی خۆیەتی و دروستە، تاکە چارەسەر لەم کاتەی ئێستادا کە بەکەڵکمان بێت لە کوردستان بریتییە لە ڕوکردنە ئەو خزمەتگوزاریانەی بەردەست کراون لەم دواییانەدا (فاست پەی، زەین کاش، ئاسیا حەواڵە) هەرچەند لەناو خەڵکی ئاسایی کەمتر بڵاوە بەڵام باشترین بژاردەیە لە ئێستادا کە من ئەیبینم، خۆشبەختانە گشتیان ئەی پی ئای تایبەتیان هەیە و بەشێوەی پێوەکراویش بۆ چەندین سیستەمی جیاواز لەگەڵ بونی کەم و کوڕی بەڵام بەرە بەرە چارەسەر دەکرێت، تاکە شت کە پێویست بێت گشتگیربونیانە لەناو خەڵکی ئاسایدا.
بژیت.

وه‌ڵام: ماڵپەڕی e-Commerce و نەبوونی کۆدی ZIP چارەسەرەکانی چین؟

کاک گۆڤاری ئازیز ماندوونەبیت، قسەکەت بەجێیە، بەڕاستی من کارم لەگەڵ زەین کاش نەکردووە، تەنها لەگەڵ ئاسیاحەواڵە و فاستپەی کارم کردووە، وەکو زیادکراو بۆ وۆردپرێس، ئەوەی جێگەی نیگەرانی منە کە تیمەکانیان ڕاستەوخۆ گرنگی بە نوێکاریەکانی وۆردپرێس و ووکامێرس نادەن، بەڵکو پێویستە نوێکاریەکانی خۆت بەشێوەی ستاگینگ بکەیت تا دڵنیابیتەوە پێوەکراوەکانی ئەوان کێشەی نیە، ئەگەر هات و کێشەی درووست کرد پێویستە داوایان لێ بکەیت و ئەوانیش بەپێی داواکاریەکەی تۆ چارەسەرەکە دەکەن، بەڕاستی نازانم هەڵەم یان نا، بەڵام نوێکاری پێوەکراو لە دوای مانگێک و لەسەر داوای بەکارهێنەرەکەت، زۆر سەیر دەردەکەوێت وەکو ئەوەی گرنگ نەبێت تا ئەو کاتەی بەکارهێنەرێک کێشەی بۆ درووست دەبێت.

وه‌ڵام: ماڵپەڕی e-Commerce و نەبوونی کۆدی ZIP چارەسەرەکانی چین؟

قسەکەت دروستە برام، هەمووی هەمان بابەتە هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەوەندەی ئاگادارم هیچیان کار بە گەشەپێدەری ناوخۆ ناکەن، جیا لەوەش تا ئێستا بەکارهێنەریان وەک پێویست نییە، هەندێک کات خۆم گۆڕانکاریم لە پێوەکراوەکاندا کردووە، بەڵام وەک وتم بژاردەی ئێستا لەوە زیاتر بەردەست نیییە، خۆزگە باشتر هەبوایە.

وه‌ڵام: ماڵپەڕی e-Commerce و نەبوونی کۆدی ZIP چارەسەرەکانی چین؟

هاوڕێیەکم وتی شوێنێک هەیە داوای ئەو خواردنەوەیە ئەکەم یەکسەر ئەیهێنێتە بەردەم ماڵمان، پێویست ناکا ئەو هەموو ڕێگایە ببڕم و سەیارە داگرسێنم و بۆ خواردنەوەیەک بگەمە ئەو شوێنە دوورە... بەس بۆ ئێستا خۆم ئەچم ئەیهێنم...

وتم خزمەتگوزارییەکی زۆر باشە، ئەی بۆ ئێستا داوای ناکەی، قسەکەی بەڕیزاتانی کرد، "ئەبێ بچیتە سەر سووچی کۆڵانەکە، بە ٣ تەلەفۆن ئینجا ئەگاتە سەر سووچەکە، خۆم بڕۆم بیکڕم باشترە..."

ئەم كێشانە وەک کاک گۆڤار ئاماژەی پێدا چارەسەری کردووە لە ڕووی حسابات تا ڕادەیەک بەڵام وەک Postal Code تا ئێستا نازانین چۆنە لە وڵاتی ئێمە، چارەسەری زەحمەتە بەڵام چارەسەریش ئەکرێت.
ئەوەتا ساڵانێک بوو زمانی کوردیمان نەبوو پێی بنووسین، دوای ‌هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر ئێستا کیبۆردی کوردیمان هەیە.

ئاسۆ نادری، ڕۆحت هەر لەگەڵمانە.

وه‌ڵام: ماڵپەڕی e-Commerce و نەبوونی کۆدی ZIP چارەسەرەکانی چین؟

کاک ڕێنواری ئازیز دەستت خۆش بێت قسەکەت درووستە، بەڕاستی ئەوە جێگەی نیگەرانیە چونکە لەسەرەتاوە ئەگەر بهاتایە و شارەوانیەکان بیریان لەوە بکردایەتەوە ئێستا چەندین هەنگاو لەو بوارەدا دەچووینە پێشەوە، بابەتی پۆستاڵ کۆد یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەو جۆرە کارە، گەڕانێکم بۆ پۆستەی شاهانەی بەریتانیا کرد Royal Mail لە ویکیپیدیا لەسەریم خوێندەوە باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٥١٦ وە دامەزراوە و لەو کاتەوە کاری پۆستە دەکات، واتە زیاتر لە ٥٠٠ ساڵە ئەو کۆمپانیایە کێشەی پۆستاڵ کۆدیان نەبووە، بەڕاستی وەک جەنابت دەڵێیت چارەسەرەکەی قورسە بەڵام ئایا حکومەت و شارەوانیەکان کەی بیری لێ دەکەنەوە؟ ئایا ناکرێت بە پڕۆژەیەک؟ ئەگەر بکرێت چۆن بکرێت؟