ژ.ب ٤٨٨٤

Google AdSense، پێناسە، بەکارهێنان، پێشنیار و باشتردانانی کۆدەکانی بۆ زۆرترین داهات


لە زۆر بابەت و پەیامی مەکۆکان باسمان لە گووگڵ AdSense کردووە، بە ئەدسێنس یان ئەدسەنس دەخوێنرێتەوە. بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە پاڵپشتی لە ماڵپەڕ بە زمانی کوردی سۆرانی ناکرێت لە نێو سیستەمی AdSense گرینگی تایبەتیی پێنەدراوە وەک بوارەکانی دیکە. لە ئەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم AdSense ـتان پێ بناسینم.

وێنەی بابەتی پێناسە و بەکارهێنانی گووگڵ ئەدسێنس

کۆمپانیای گووگڵ و ڕێکلام


ڕێکلام کردن لە نێو ڕایەڵەی گووگڵ گەورەترین سەرچاوەی داهاتی کۆمپانیای ناوبراوە. داهاتی کۆمپانیای گووگڵ تەنیا لە بواری فرۆشتنی ڕێکلام نزیکەی ٦٤ ملیارد دۆلار بووە لە ساڵی ٢٠١٥. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو بوارە هەموو کات لە گەشە سەندن دایە و ساڵ دوای ساڵ داهاتی زۆرتر دەبێت.

پێش ئەوەی بچینە سەر بابەتی AdSense دەبێت ئاماژەیەکی درووست بدەین بە AdWords، چوونکە بەبێ هەبوونی AdWords و ئامرازەکانی، AdSense پێویست نابێت و بەکار نابرێت.

ڕێکلام لە کۆمپانیای گووگڵ چۆن کار دەکات

سیستەمی Google AdWords چییە؟


گووگڵ لە بواری ڕێکلامدا دوو ئامرازی سەرەکی هەیە، AdWords & AdSense. کاتێک کۆمپانیایەک دەیەوێت ڕێکلام بکات لە نێو سیستەمەکانی گووگڵ بە گەڕان، یوتیوب، ئەپەکانی ئەندرۆید و هتد… لە نێو AdWords ڕێکلامی خۆی درووست دەکات، تۆماری دەکات و پارەی بۆ دەدات. پاش ئەوەی کە ڕێکلامەکەی پەسەند کرا و چالاک بوو لە نێو سیستەمی AdWords، واتە ئامادەیە بۆ دەرکەوتن لە نێو ئەنجامەکانی گەڕان لە پەڕەی گەڕانی گووگڵ خۆی لە هەموو وڵاتەکاندا. ئەو ڕێکلامانەی کە لە کاتی گەڕاندا لە گووگڵ بەدی دەکەیت لە AdWords درووست کراون و پارەیان بۆ دراوە. یان ئەو ڕێکلامانەی کە لە خوارەوەی ڤیدیۆکانی یوتیوب دەردەکەون بە هەمان شێوە لە AdWords درووست کراوە. ئەو سیستەمە پێی دەوترێت For Advertisers واتە سیستەمێک بۆ ئەو کەس، کۆمپانیا، ڕێکخراو و جۆرە پێکهاتانەیە کە دەیانەوێت کۆمپانیا و ناو و پەیامی خۆیان بە ڕێگای ڕێکلام کردن لە نێو ڕایەڵەی گووگڵ بە خەڵکان و بەکارهێنەرانی گووگڵ بناسێن، بۆ ئەو ڕاژەیەش پارە دەدەن. پارەی زۆر زۆر.

ئێستا کە دەزانین ڕێکلامەکان لە AdWords ـەوە سەرچاوە دەگرن، کاتی ڕوونکردنەوە و ڕۆڵی AdSense هاتووە کە بزانین چۆن تەواوکەری AdWords ـە و گرینگی لە چیدایە.

یەک خاڵی گرینگ کە هەروەها گرینگە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، ئەو سیستەمەی ڕێکلامی گووگڵ پێی دەوترێت Contextual advertising. واتە ئەو ڕێکلامانەی کە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەن پێویستیان بە دوو بەش زانیاری هەیە کە بتوانن ڕێکلامی درووست و کارامە پیشان بدەن. دیارە هەموو سیستەمەکە خۆکارانەیە و بە شێوەیەکی پرۆگراماتیکی کار دەکات.

لە Contextual advertising دا گووگڵ پێویستە بزانێت ئەو کەسەی کە ڕێکلامەکە دەبینێت کێیە، هەروەها ئەو پەڕەیەی کە ڕێکلامەکەی لە نێو پیشان دەدرێت سەبارەت بە چییە. دواتر ئەو دوو بەشە زانیارییە بە هاوکاری سیستەمی کۆمپیوتەریی خۆکارانە پێکەوە دەبەستنەوە و لە نێو ڕێکلامەکانی AdWords دا ئەو ڕێکلامەت بۆ هەڵدەبژێرن و پیشانی دەدەن کە دەزانن شانسی ڕاکێشانی سەرنجی ئەو کەسەی زۆرترە. بە ئەو شێوەیەش دەکرێت بڵێین هەموو لایەک سوودمەند دەبێت لە پرۆسەکە. لایەنی خاوەن ڕێکلام خۆشحاڵ دەبێت بە ئەوەی ڕێکلامەکەی بە کەسێک پیشان دەدرێت کە شانسی گەڕاندەوەی سوودی بۆی هەیە. ئەو کەسەش کە ڕێکلامەکە دەبینێت، ڕێکلامێک دەبینێت کە جێی سەرنجی دەبێت و لەوانەیە شتێک بێت کە لە ئەو کاتەدا پێویستی پێی هەبێت، چوونکە گووگڵ دەزانێت کە بەکارهێنەرانی بەدوای چیدا دەگەڕێن و چییان پێویستە. لە کۆتاییشدا گووگڵ سوودمەند دەبێت لە ئەو پرۆسەیە چوونکە بەشی خۆی لە ئەنجامی فرۆشتن و پیشاندانی ئەو ڕێکلامە دەبات.

سیستەمی AdSense چییە؟


وەک دەبینین وشەی سیستەم بەکار دەبەم بۆ ئەو ڕاژە و ئامرازانەی گووگڵ، چوونکە سیستەمەکان ئەوەندە گەورە و بەربڵاون، هەر یەکە و بۆ خۆیان دەریایەک زانستیان پێویستە بۆ درووست بەکارهێنان. بەڵام خۆشبەختانە گووگڵ بەشێکی زۆری پرۆسەی پەیوەندیداری بە AdWords و AdSense ـەوە ئاسان کردووەتەوە بە شێوەیەک کە هەموو کەسێک کە لە شێوازی کارکردنی سیستەمەکان تێبگات بتوانێت بەکاریان بهێنێت.

سیستەمی AdSense بە پێچەوانەی AdWords ـە. ئەو ڕێکلامانەی کە کەسانی ڕێکلامکەر لە AdWords درووستی دەکەن، لە ڕێی AdSense ـەوە پیشان دەدرێن. AdSense بە ئەو مانایە پێچەوانەی AdWords ـە کە شوێنێک نییە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ ڕێکلامکردن، بەڵکوو دەتوانیت وەک خاوەن ماڵپەڕ AdSense بەکار ببەیت بۆ دابینکردنی داهاتێکی باش بۆ ماڵپەڕەکەت. بە سەدان هەزاران کەس و کۆمپانیا هەیە کە تەنیا لەسەر AdSense ژیانێکی پڕ سامانیان پێکەوە ناوە و یان کۆمپانیای زۆر پڕداهاتیان لە سایەی AdSense بنیاد ناوە.

بە شێوەیەکی کورت تر دەمەوێ ئەوە بڵێم، کە ئەگەر ماڵپەڕت هەیە بە یەکێک لە ئەو زمانانەی کە AdSense پاڵپشتیی لێدەکات، دەتوانیت داواکاری بنێریت بۆ گووگڵ کە دەتەوێت ڕێکلامەکانی AdSense لە نێو ماڵپەڕەکەت بڵاو بکەیتەوە و لە بەرانبەردا گووگڵ پارەت پێبدات. لێرەدا دەبێت دووبارەی بکەمەوە کە گووگڵ پاڵپشتیی ماڵپەڕی کوردی سۆرانی ناکات هەر بە هۆکاری ئەوەی کە ڕێکلامەکانی گووگڵ لە سەر بنەمای Contextual advertising کار دەکەن و دەبێت کۆمپیوتەرەکانیان بزانن ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکە سەبارەت بە چییە بۆ ئەوەی ڕێکلامی درووست پیشان بدەن. ئەوەش بۆ زمانی کوردی سۆرانی لە نێو سیستەمی ئەمڕۆی گووگڵ دەست نادات.

کاتێک داواکاریت نارد بۆ گووگڵ  و ماڵپەڕەکەت پەسەند کرا، پێت دەوترێت AdSense Publisher.

ناردنی داواکاری بۆ بوون بە Google AdSense Publisher
بە کرتە کردن لە ئەم بەستەرەی خۆتۆمارکردن لە سیستەمی AdSense دەتوانیت داواکاری بوون بە Publisher بنێریت. مەرجە سەرەتاییەکان بریتین لە،

  • ماڵپەڕێکت هەبێت کە چالاک بێت و لەگەڵ داواکارییەکەت دەینێریت بۆ تیمی ئەدسێنس.



  • پێویستە ماڵپەڕەکەت ناوەڕۆکی هەبێت، نابێت ماڵپەڕەکەت تەنیا و تەنیا بە مەبەستی ئەوە درووست کردبێت کە ڕێکلامی ئەدسێنسی لێ بڵاو بکەیتەوە و لە بیری داهاتە ئابوورییەکەی بیت. گرینگە ماڵپەڕەکەت لە هەنگاوی یەکەم دا ڕوو لە بەکارهێنەری ڕاستەقینە بکات کە بەڕاستی سوود لە بوون و ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەت دەبینن. کاتێک ماڵپەڕەکەت ناوەڕۆکی بەنرخ و کەم نموونەی هەبوو، ئەو کاتە سیستەمە کۆمپیوتەرییەکەی Contextual advertising باشتر کار دەکات، ڕێکلامی باشتر دەردەخات و داهاتی ڕێکلامی باشیش بریتییە لە پارەی زۆرتر. ئەم خاڵەیان زۆر گرینگە و گووگڵ گرینگی زۆری پێدەدات. زۆر ڕوودانی وا هەبوو کە ماڵپەڕێک لە سەرەتاوە پەسەند کراوە، بەڵام دواتر مافی Publisher یی لێوەرگرتووەتەوە چوونکە ماڵپەڕەکە پانەد نەبووە بە ئەو خاڵە.


  • نابێت و درووست وایە لە یەکەم خوولەکەوە ئەوە لە بیری خۆت ببەیتەوە کە فێل لە سیستەمی AdSense بکەیت، هیچ کاتێک بە هیچ شێوەیەک نابێت کرتە لە ڕێکلامەکانی نێو ماڵپەڕی خۆت بکەیت، نەک بۆ تاقیکردنەوە نەک بۆ هیچی دیکە. وەک لە سەرەتای بابەتەکەم ئاماژەم پێداوە، ڕێکلام کردن گەورەترین سەرچاوەی داهاتی کۆمپانیای گووگڵ ـە، هەموو هێز و توانای تەکنیکی و لێهاتوویی خۆیان خستووەتە گڕ کە ڕێگربن لە فێڵکردن و تا ئێستاش سەرکەوتووبوون.


  • نابێت لە ماڵپەڕەکەت بەرهەمی قاچاخ بوو، بڵاو بکەیتەوە. جا پرۆگرام، ئەپ، موزیک، فیلم یان هەر شتێکی دیکە بێت. AdSense ماڵپەڕێک پەسەند ناکات کە ناوەڕۆکی قاچاخ بڵاو بکاتەوە.

گووگڵ بۆ خۆیان لیستەیەکی تەواوتریان نووسیووە کە گرینگە ئاگاداری بیت ئەگەر دەتەوێت ببیتە AdSense Publisher و داهاتی ئابوورییت هەبێت لە ئەو سیستەمەدا. بۆ خوێندنەوەی زانیارییەکان کرتە لە ئێرە بکە.


پاش چالاکبوونی هەژمار، دانانی یەکەم کۆد لە نێو ماڵپەڕەکەت


لە سەرەتاوە لە ساڵانی سەرەتای AdSense دا زۆر ماڵپەڕێک کە دادەڕێژران بە مەبەستی ئەوە دادەڕێژران کە شوێنی تایبەتییان هەبێت بۆ ڕێکلامەکانی AdSense کە پێیان وابوو/وایە ئەگەر ڕێکلامێک لە فڵان شوێن دەربکەوێت کاریگەریی زۆرتری هەیە، ئەمە لە خۆیدا هەڵە نییە. بەڵام ئەوەندە سادە و ئاسان نییە کە ڕێکلامێک تەنیا بە هۆکاری ئەوەی لە سەرەوەی پەڕە بێت شانسی داهاتی پارەیی زۆرتری دەبێت، یان خەڵک زۆرتر دەیبینێت و کرتەی لێ دەکەن. لە سەرەتاوە ئاساییە کە کۆدەکان لە ئەو شوێنانە دابنێیت کە پێت وایە باشترین کاریگەرییان هەیە، بەڵام ماوەیەک جارێک شوێنی دیکە ئەزموون بکە لەوانەیە لە شوێنە نوێکەیدا کاریگەری و داهاتی باشتری هەبێت.

ڕێکلامەکانی AdSense بە دانانی چەند دێڕێک کۆدی جافاسکریپت دادەنرێن لە نێو ماڵپەڕ، ڕێکلامەکان قەبارەی جیاوازیان هەیە و هەروەها نوێترین شێوازی ڕێکلامەکان بزۆکن Responsive ـن بۆ ئەوەی لەگەڵ ماڵپەڕی Responsive خۆیان بگوونجێنن و ڕێکلام بە قەبارەی درووست لەسەر ئامێری درووست دەربکەوێت.

درووستکردنی کۆدی تایبەت بە پیشاندانی ڕێکلامی AdSense


پاش بوون بە خاوەنی هەژماری چالاک و چوونەژوورەوە، کرتە لە بەشی My Ads بکە بۆ گەیشتن بە بەشی ڕێکلامەکان.

پێش درووستکردنی کۆدەکەمان، پێویستە بزانین کە لە AdSense دا چەندین شێوازی ڕێکلام هەیە، لە ئەم بەستەرەی تایبەت بە نموونەی ڕێکلامەکان دەتوانرێت پێشبینییان بکرێت.

کۆدی ڕێکلامی AdSense

شێوازەکانی ڕێکلام لە AdSense بە پێی ئەو قەبارە ستانداردانە درووست داڕێژراون کە بۆ هەموو ماڵپەڕ و شێوازێکی دیزاین بگوونجێت. پاش هەڵبژاردنی شێوازی ڕێکلامی درووست بۆ ماڵپەڕەکەت/ ئەو شوێنەی کە ڕێکلامەکەی لێ دەردەکەوێت، کۆدێکی تایبەت بە ڕێکلامەکەت بۆ پیشان دەدرێت و ڤاجاسکریپت دەبێت. ئەو کۆدە لە هەرشوێنێک کە بتەوێت ڕێکلامەکە دەربکەوێت دایدەنێیت.

چەند تێبینییەک سەبارەت بە کۆدی ڕێکلامی AdSense،

  • لە هەر پەڕەیەک دا دەتوانیت تا ٣ کۆد دابنێیت، زۆرتر لە ٣ کۆد تەنیا ٣ ڕێکلام پیشان دەدات و چوارەم و هتد… پشت گوێ دەخرێن.


  • دوای دانانی کۆدی ڕێکلام لە نێو ماڵپەڕەکەت، لە پەیوەندی لەگەڵ ناوەڕۆک و پێکهاتەی ماڵپەڕەکەت، لە ٢ کاتژمێر یان زۆرتری پێویست دەبێت بۆ ئەوەی ڕێکلامەکە دەست بە دەرکەوتن بکات.


  • دانانی کۆدی ڕێکلام لە خۆیدا ئاسانە، بەڵام شوێنی دانان و چ شێوازە ڕێکلامێک بۆ چ شوێنێک گوونجاوە، پرۆسەیەکە کە هەموو خاوەن ماڵپەڕێک پێویستە ئەزموونی لەسەر بکات، دەتوانیت ماوەیەک جارێک ئەو کۆدە بگۆڕیت بۆ کۆدی ڕێکلامێکی دیکە و لەسەر شێوازێکی دیکە، ئەوەیان داهاتی زۆرتری هەبێت بێگومان سەرکەتووترە.


  • ڕێکلام لە شوێنێکدا تێکەڵی ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەت مەکە کە ڕوون نەبێت بۆ بەکارهێنەرانی ماڵپەڕەکەت کە ئایا ڕێکلامە یان بەشێکە لە ناوەڕۆکی ئەسڵی ماڵپەڕەکەت. لە ڕاستیدا ئەم خاڵە یەکێک لە ئەو خاڵانەیە کە گووگڵ هەژماری AdSense ی لەسەر سزا داوە. هەندێک گرینگە.


  • ئەو داهاتەی لە Google AdSense کۆ دەبێتەوە دەبێت لە سەرەوەی ١٠٠ دۆلار بێت بۆ ئەوەی گووگڵ بۆت بنێرێت، ئەوەی کەمتر بێت لای ئەوان دەمێنێتەوە تا سنووری ١٠٠ دۆلار تێدەپەڕێنێت. پارەکەش لە مانگی دواتر دا دەنێردرێت. واتە پارەی ژمێردراوی مانگی ٩ لە کۆتایی مانگی ١٠ دەگاتە سەر ژمارەی حیسابی بانکییت.

بە کرتە کردن لە New Ad Unit دەتوانیت کۆدی ڕێکلامە نوێکە درووست بکەیت و وەک خۆی لە نێو ماڵپەڕ/پرۆژەکەت دایبنێیت. لە هەمان بەشدا دەتوانیت وردەکارییەکانی ڕێکلام، وەک شێواز، قەبارە، جۆری ڕێکلام ئایا ڕێکلامی بانەریی Banner Ads یان دەقیی Text Ads بێت. ڕێکلامەکانی Text Ads زۆر گرینگن و لە زۆر شوێنێکدا لە جۆرەکانی دیکە داهاتی باشتریان هەیە، بەتایبەت لە شوێنێک کە دەرکەوتنی بەستەر گوونجاو بێت. بۆ نموونە لە کۆتایی بابەتێک یان پەڕەیەک کە خوێنەر هان بدات بۆ بەردەوام بوون لەسەر خوێندنەوەکەی و لەوانەیە کرتە لە ڕێکلامێک بکات. بەڵام دیسان نابێت بە شێوەیەک تێکەڵاوی ناوەڕۆکی بنەڕەتیی ماڵپەڕ بکرێت کە خوێنەر نەتوانێت بە ئاسانیی لە یەکتر بیانناسێنێتەوە.

نموونەی کۆدی ڕێکلامێک،
کۆدی ڕێکلامی AdSense

سیستەمی ڕێکلام لە گووگڵ و بە تایبەت AdSense بۆ خاوەن ماڵپەڕان دەکرێت سەرچاوەیەکی زۆر باش  و جێی متمانە بێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی ئابووری تا ئەو کاتەی کە پەیڕەوی لە یاسا و مەرجەکای بەکارهێنانی بکرێت.

کۆتایی.

بۆچوون نووسین ناچالاك كراوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌
nechiraqili912017-05-10

ده‌سته‌كانت خۆش كاك  ئاسۆ   به‌به‌ته‌كه‌ت زۆر  به‌جوانی رونكردۆته‌وه‌

omer1232016-10-12

دەستەکانت خۆشبێ کاک ئاسۆ بابەتێکی زۆر جوانە.
سوودم بینی.

ئاسۆ نادری2016-10-08

هەڵبژاردەکان لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە. لای خۆت سەیری بەشی Payments  بکە و بزانە هەڵبژاردەکان چیین.

KOYAR2016-10-08

دەستت خۆش بێت کاک ئاسۆ بابەتێکی زۆر جوانە و لە جێی خۆیەتی 
پرسیارێکم هەیە من ئیستا زیاتر 100 دۆلارم کۆکردۆتەوە چۆن بتوانم ئەو بڕە پارەی بە وەربگرمەوە بە کاش

KOYAR2016-10-02

دەستت خۆش بێت لەڕاستیدا من زۆر سودم لێ بینیوە لە ڕووی مادەیەوە هەم لە ڕووی ناساندنی کارەکانمانەوە 

Ranja Hseen2016-09-11

ده‌ست خۆش به‌سووده‌

Rawan2016-09-10

دەستخۆش، سەبارەت بە گووگل و تواناکانی، زۆر ڕاستە، گووگل هەموو شت دەزانێت.
زانیاری گرنگ بوون. سووپاس smile .

ئاسۆ نادری2016-09-10

مەسەلە لە باوەڕ، کوردبوون و هتدەوە نییە. Contextual Advertising کارێکی ئاسان نییە، گووگڵ دەزانێت ئێمە کەی دەخەوین، کەی دێینەوە سەر هێڵ، بە Google Map بۆ کوێ دەڕۆێن کاتێک لە تەنیشت کۆمپیوتەرەکانمان نین، لە Gmail ئیمەیلەکانمان سکان دەکرێت، گووگڵ دەزانێت سبەی چیم پێویستە بیکڕم، دەزانێت هەفتەی داهاتوو لەوانەیە چی بکەم چوونکە تێکەڵاوی هەموو شتێکە لە ژیانماندا. هەر کاتێک ئەو کارانە لە سیستەمێکی هاوشێوەدا جێبەجێ کرا لە شوێنێکی دیکە، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین کەسی دیکەش هەیە Contextual Advertising جێبەجێ بکات، تا ئەو کاتە هیچ کەسێکی دیکە ئەو داتایەی نییە و بەبێ ئەو داتایەیش Contextual Advertising کار ناکات.  ئێستا فەیسبووک بە هۆکاری ئەوەی زۆر و زۆرتر تێکەڵاوی ژیانی خەڵکی دەبێت، ئەوانیش ئەو کارەیان پێدەکرێت و هەر ئێستا ڕێکلامکردن لە فەیسبووک لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات.

شێوازەکانی دیکە کە تەنیا بریتییە لە گۆڕینەوەی بەستەر یان پیشاندانیان لەسەر چەند ماڵپەڕێک کە لە Network ـەکەدا بەشدارن، لە سەرەتای ئینتەرنێتەوە هەبووە و نوێ نییە، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە کە من و تۆ بەستەر گۆڕینەوە جێبەجێ بکەین لە نێوان ماڵپەڕەکانمان بەبێ لایەنی Network. هیچ ژیرییەکی لە پشتەوە نییە ئەو نرخی درووست بدات لە بەرانبەر ئەو پارە خەرجکردنە.

Rawan2016-09-10

وایە کاک ئاسۆ، منیش لە بنەڕەتدا باوەڕم پێیان نیە، هەر هیچ .
کاری وا تەنها بە فەیسبووک و گووگل دەکرێت. بژیت.

ئاسۆ نادری2016-09-10

کاک ڕەوەن تەنیا گووگڵ و فەیسبووک دەتوانن کاری وەک AdSense جێبەجێ بکەن، شتی تر و کۆمپانیای تر بەردی بناغەی ئەو کارەیان نییە. کاری وەک ئەوە بە هەموو وڵاتێکیش ناکرێت تا ئەوەی کەسێکی کورد بە ڕێزمانێکی داماوی کوردی سۆرانییەوە بیەوێت ئەو کارە جێبەجێ بکات. کات بە فیڕۆدان و خەرجکردنی پارەی خەڵکە لەسەر بنەمای هەڵە.

هەموو دوو ماڵپەڕێک دەتوانن Link Exchange بکەن، ئەوە زانستی پێویست نییە. زانست لە Contextual Advertising _ە و ئەو زانستەش لەگەڵ داتای پێویست تەنیا تەنیا گووگڵ و فەیسبووک هەیانە.

Rawan2016-09-10

دەستخۆش، زۆر جوانت باسکردووە. دوو ماڵپەڕی کوردیم بینی کە کاری وەک گووگل ئەدسێنس دەکەن! بەلام تاقیم نەکردۆتەوە. ئەمە بەهۆی ئەوەی کە گووگل ئەدسێنس پالپشتی زمانی کوردی ناکات، ئەوان گوایە کاری هاوشێوە دەکەن!