ژ.ب ١٠٤٠٠

خێراکردنی ماڵپەڕی خاو، دۆزینەوەی کێشە و چارەسەرکردنیان (بەشی دووەم، کۆتایی)


لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە بابەتە سەرەتای چۆنیەتی لێکۆڵینەوە، دۆزینەوە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە خاوبوونەوەی ماڵپەڕم هێنایە بەرباس. لە بەشی دووەم و کۆتاییدا لایەنێکی دیکە دەهێنمە بەرباس کە بە شێوەیەکی زۆر پشت بەست دەبێت بە بەکارهێنانی ئامرازی دەرەکی و بەرهەمی دەرەکی بۆ خێراترکردنی ماڵپەڕ.

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کرتە لە بەستەری خوارەوە بکە،
خێراکردنی ماڵپەڕی خاو، دۆزینەوەی کێشە و چارەسەرکردنیان (بەشی یەکەم)

شایەنی باسە دەبێت لە پێش بەردەوامبوون ئاماژە بە ئەو خاڵە بدەم کە پێش دەستپێکردنی هەر لێکۆڵینەوەیەک دەبێت بزانرێت کە ئایا ئەو هۆستەی کە ماڵپەڕی پەیوەندیداری لەسەرە بۆ خۆی پێکهاتەی ڕایەڵەیی چۆنە و خێرایی چەندە. Traffic لە زۆر شوێنێک کەرەستەیەکی گران نرخە و کۆمپانیاکانی هۆست فرۆش هەوڵ دەدەن زۆرترین کڕیار بە کەمترین ترافیک بەڕێ بکەن کە لەوانەیە ببێتە هۆکاری خاوبوونەوەی ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان.


Google PageSpeed Service
سەرەتای ئەم بەشە بە ئامرازێکی نوێی گووگڵ لە ژێر ناوی PageSpeed Service دەست پێدەکەم.
PageSpeed Service یان PSS ڕاژەیەکی نوێی کۆمپانیای گووگڵ ـە و لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەیانەوێت ببێتە ئامرازێک کە خاوەن ماڵپەڕان بەکاری ببەن بۆ خێراتر کردنەوەی ماڵپەڕەکانیان، بۆ گەیشتن بە ئەو ئەنجامە PSS چەندین ئامراز و ڕێکخستنی تایبەتی لە خۆ گرتووە و کۆکردنەوەیان لە ژێر PSS کارئاسانی زۆر دەکات بۆ ئێمەی وێبداڕێژ/خاوەن ماڵپەڕان.

هەندێک لە تایبمەندییەکانی PSS

١، ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەت لە نێو ڕایەڵەی گووگڵ دابەش دەکات و بە خێراترین شێوە ڕەوانەی وێبگەڕی بەکارهێنەرانی دەکات، بە واتایەکی دیکە PSS شێوازێکە لە CDN.
٢، بچووکردنەوە، پەستاندن، کۆکردنەوە، خاوێنکردنەوەی کۆد و وێنە بە شێوەیەکی زیندوو و ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی پێویست بکات تۆی خاوەن ماڵپەڕ کارەکان جێبەجێ بکەیت. ڕاژەکاری گووگڵ ئەو کارانە جێبەجێ دەکات و زۆر باشیش جێبەجێی دەکات.
٣، ئەگەر ماڵپەڕەکەت وێنەی زۆری لە خۆ گرتبێت و ترافیکی زۆری پێویست بێت، گووگڵ هاوکاریت دەکات و تا بتوانێت وێنەکان کاش دەکات، لە ڕاژەکاری خۆیانەوە ڕەوانەی وێبگەڕی بەکارهێنەری دەکەن و ترافیکی گووگڵ بەکار دەبات.
٤، لە هەر شوێنێک کە کۆدخانەی وەک jQuery و هتد... بەکار هێنابێت، PSS بەستەرەکانیان دەگۆڕێت بۆ بەستەری خانەخوێ کراو لەسەر ڕاژەکارەکانی گووگڵ، کە لە ئەنجامدا هەمان کاریگەریی خاڵی یەکەمی دەبێت و کردنەوەیان خێراتر دەبێت.

PSS زۆر تایبەتمەندی دیکەی هەیە کە دەتوانیت لە پەڕەی زانیاری سەبارەت بە راژەی ناوبراو بیخوێنیتەوە و سەیری ڤیدیۆی خوارەوە بکە،


چۆن PSS بەکار ببەم؟
PSS لە ئاستی DNS دا کار دەکات و پێویست دەکات ترافیکی Serving Domain ڕەوانەی ڕاژەکاری گووگڵ بکەیت. مەترسە، ڕێکخستنی زۆر ئاسانە.

پێویست دەکات داوکاری خۆ تۆمارکردن بۆ ڕاژەی ناوبراو بنێریت لە بەستەری خوارەوە،
https://developers.google.com/speed/pagespeed/service

پاش خۆ تۆمارکردن دەبێت ترافیکی www بەڕێی ڕاژەکاری گووگڵ بنێریت.
واتە کاتێک بەکارهێنەرێک لە وێبگەڕی خۆی ناونیشانی ماڵپەڕ دەنووسیت، بۆ نموونە www.domain.com، ژێر دۆمەینی www دەبێتە cname ـێک کە ڕوودەکاتە ڕاژەکاری گووگڵ، بە ئەو بنەمایە هەر کاتێک بەکارهێنەر www لەگەڵ ناونیشانی ماڵپەڕ بنووسێت ناوەڕۆکی ماڵپەڕ لە ڕاژەکاری گووگڵ ـەوە پیشان دەدرێت.

هەموو هەنگاوەکانی چالاک کردن و چۆنیەتی دەست بەکاربوون لەگەڵ PSS لە بەستەری سەرەوە نووسراوە و ئاسانن.

پاش چالاک کردن لە پەڕەی ڕێکخستنی PSS هەڵبژاردنی جۆراوجۆر هەیە بۆ ڕێکخستنی ڕاژەی ناوبراو کە بە باشترین شێوە بۆ ماڵپەڕەکەت کار بکات، ماڵپەڕێک کە وێنەی زۆر لە خۆ بگرێت درووست وایە سوود لە تایبەتمەندییەکانی پەستاندن، بچووک کردنەوە و خاوێنکردنی وێنەکان ببینێت.


پرۆگرامی FileOptimizer بۆ خاوێنکردن و پەستاندنی وێنە
FileOptimizer پرۆگرامێکە کە کۆمەڵێک ئامرازی بەناوبانگی لە نێو خۆیدا کۆ کردوەتەوە و بە شێوەیەکی خۆکارانە قەبارەی وێنەکانت بچووک دەکاتەوە.

https://www.webchin.org/v3-images/babet/speed-up-website-2/fileoptimizer.png

بەکارهێنانی FileOptimizer زانینی ئەوتۆی پێویست نابێت، بە کرتە کردن لە دووگمەی Add Files وێنەیەک یان زۆرتر بهێنە نێو پرۆگرامی ناوبراو، بە کرتە کردن لە دووگمەی Optimize All files هەموو وێنە هێنراوەکان بچووک دەکاتەوە.

شایەنی باسە FileOptimizer قەبارەی پەڕگەی دیکەش بچووک دەکاتەوە، بۆ لیستی هەموو پەڕگەکان سەردانی بەستەری خوارەوە بکە،
http://nikkhokkho.sourceforge.net/stati … eOptimizer


وشەی کۆتایی
نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە ئەم بەشە و بەشی پێشووی بابەت باس لە شێوازە گشتییەکان دەکات کە لەوانەیە ببنە ئامرازێک بۆ خێراکردنی ماڵپەڕێکی خاو، بەڵام مەرج نییە هەمان کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەموو ماڵپەڕێک. گرینگە کە خۆت وەک خاوەن ماڵپەڕ لە بنەماکانی داڕشتنی ماڵپەڕێکی بێ کێشە و لە بنەما خێرادا زانیاری درووستت هەبێت و لە کار و

چالاکیی ڕۆژانەی ماڵپەڕدا ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن بۆ خێرا ڕاگرتنی ماڵپەڕ پەیڕەو بکرێن.

کۆتایی.

بۆچوون نووسین ناچالاك كراوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌
Rawan2016-08-25

من زۆر سودم لێ بینی، نازانم چیت پێ بلێم کاک ئاسۆ، هیوادارم هەمیشە لەش ساخ بیت.

wp-kurdish2015-03-17

destt xosh bet kak aso ba raste zor basud bw

syronz2014-01-05

دەست خۆش! زۆر سودی لێ وەردەگیرێت