بابهت: پێشنیار بۆ کڕینی مۆبایلی داهاتووت
پێشنیار بۆ کڕینی مۆبایلی داهاتووت
پاش ساڵانێکی زۆر لە تاقیکردنەوەی ھەموو مۆبایلە یەکەمەکونی ساڵ لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە Samsung Galaxy S6 بەکار دەھێنم و زۆر جارێک ھەوڵم داوە بیگۆڕم، بەڵام بە نوێترین ئایفۆنیشەوە ئەو وێنانەم بۆ دەست ناکەوێت کە S6 لە توانایدا ھەیە. مەبەستم ئەوەیە کە دێتە سەر کامێرا S6 / S7 باشترین تەلەفۆنن کە تێستم کردوون. تەنیا Google Pixel ـم تێست نەکردووە لەو بوارەدا. خاڵەکانی خوارەوە بۆچوونی خۆمن و لەوانەیە هەڵەی تێدابێت یان هاوبۆچوون نەبین کە ئاساییە، تکایە تۆش بۆچوونی خۆت بنووسە.

بۆ بەکارھێنەرێکی کورد، خوێندنەوە و نووسینی کوردی لەسەر ھەردوو سیستەمە زلەکان Android و iOS ئەمڕۆ لە ئاستێکی زۆر باشدان، لە ھەردوو سیستەمەکە ھەڵبژاردەی تەختەکلیل زۆر ھەیە. بە ھۆکاری ئەوەی ئەندرۆید کراوەترە گۆڕینی تەختەکلیل خێراترە، بۆ نموونە گۆڕین لە نێوان سویدی و کوردی سۆرانی لە ئەندرۆید خێراترە لە ھەمان پرۆسە لە iOS .
وەک بەکارھێنەرێکی گووگڵ بە شێوەیەکی ئاسایی ئەندرۆید دەبێتە سیستەمی یەکەم کە بیری لێدەکەمەوە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ھەندێک لە ئەپەکانی گووگڵ زۆر باشتر لە ئایفۆن و ئایپاد کار دەکەن بە نوێترین سیستەمی iOS .
لە iOS بە ھۆکاری ئەوەی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ خۆی ھەموو لایەنێکی ھاردوەیر و سۆفتوەیر کۆنترۆڵ دەکات ئایفۆن بۆ جێبەجێکردنی کاری ڕۆژانە بێ نموونەیە، گرینگ نییە چ تەلەفۆنێکی ئەندرۆید بەکار دەھێنیت و چ تایبەتمەندیی و خێراییەکی ھەیە ھیچ کاتێک وەک ئایفۆن خێراو و بەپێی چاوەڕوانکراو کارەکان ڕاناپەڕێنێت. تەلەفۆنێکی وەک Samsung Galaxy S6 کە لە ھەموو بوارێکەوە دەبێت لە ئایفۆنی ٧ ی ئەمساڵیش خێرابێت، بەڵام پێچەوانەوەیە و لە ھەموو لایەنێکەوە خاوترە تەنیا کامێرا نەبێت. کە ئەویش لە ھەندێک کاتدا سەرکەوتوو نییە.
ئەگەر بەکارهێنەرێکی Pro ـت، لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە تەلەفۆنەکەت بۆ فەیسبووک بەکار بهێنیت، بەڵکوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاری ڕۆژانە و بژێوی ڕۆژانەت پشتی پێ ببەستیت، لە زۆر بوارێکدا ئەندرۆید بەهێزترە، بۆ نموونە بەشی Share کردن. دیسان بە هۆی کراوەیی تری سیستەمەکە زۆربەی پرۆگرامەکان دەتوانن بە ئاسانی خۆیان تێکەڵاوی بەشی Share بکەن بە شێوەیەک کە گۆڕینەوە و ناردنی زانیاری لە نێوان ئەپەکاندا زۆر ئاسانترە لە ئەندرۆید، ئەگەر بمەوێت وێنەیەک بنێرم زۆر بە ئاسانی لە بەشی Share دا هەموو ئەو پرۆگرامانەم بۆ دەرکەوێت کە لەگەڵ ئەو کرادارەدا تۆمار کراون و تایبەتمەندیی باشتریان هەیە لەوەی کە لە iOS هەیە. هەرچەندە لە ڕاستیدا لە وەشانە نوێکانی iOS ئەو بەشەش زۆرتر کراوەترە و ئێستا پرۆگرامی زۆرتر دەتوانن لە ئەو بەشەدا هەبن. نموونەیەک کە بۆ خۆم هەموو ڕۆژێک بەکاری دەهێنم نووسینی کورتە پەیام SMS ـە لە کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی دیکەوە بە هاوکای Pushbullet. بە هەمان شێوەی iMessage لە ماک. لە iOS دا ئەگەر کۆمپیوتەرەکەت سیستەمی ماکی نەبێت ناتوانیت iMessage بەکار ببەیت، بەڵام لە ئەندرۆید لە هەموو شوێن و ئامێرێک کار دەکات.
ئایفۆن بێ نموونەیە بۆ کەسانی بە تەمەن، هەر کەسێک کە لێم دەپرسێت چ تەلەفۆنێک بکڕم باشە، لێ دەپرسمەوە کە چیت دەوێت لە تەلەفۆنەکەت؟ ئەگەر شتێکی تایبەتی نەبوو، دەڵێم ئایفۆن بکڕە و بیر لە شتی دیکە مەکەوە. ئایفۆن تەلەفۆنێکە کە لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئەو ڕۆژەی لە ماوەیەکی "مەعقوول" دا کە نزیکەی دوو ساڵە دەیگۆڕیت، بە هەمان خێرایی و بێ کێشەیی هەموو کارەکانی جێبەجێ دەکات. کە ئەوەش وادەکات بەکارهێنەر هەموو کات دڵنیا بێت و بتوانێت پشت بە ئامێرەکەی ببەستێت لە کاتی پێوست دا. ئایفۆنی ١٦ گیگابایت چیتر بە کەڵک نایەت و کڕینی هەڵەیە. هەر بۆیە Apple ئێستا لە ٣٢ گیگابایتەوە دەست پێدەکات.
کاتێک دێتە سەر ڤیدیۆ چاولێکردن ئەندرۆید بەهێزترە بەڵام ئایفۆن باشترە. ئەندرۆید لەوەدا بەهێزە کە توانای خوێندنەوەی فۆرماتی ڤیدیۆی زۆرتری هەیە، ئەگەر ڤیدیۆیەک لە پرۆگرامێکدا نەکرایەوە دەتوانیت پرۆگرامێکی دیکە دابمەزرێنیت کە بیکاتەوە و چاوی لێبکەیت. لە ئایفۆن فۆرماتەکان سنووردارن، ئەگەر ڤیدیۆکەت بە فۆرماتی درووست نەبێت یان کێشەی دەنگی هەیە یان ناکرێتەوە. بەڵام ئەو بەهێزییەی ئەندرۆید ئەوە دەگەیەنێت کە پێویستت بە پرۆگرامی زۆرتر دەبێت بۆ چاولێکردنی فۆرماتە جیاوازەکان. لە ئایفۆن یان کار دەکات یان نایکات. کە ئەوەش لە خۆیدا دەکرێت هەندێک جار وەک خاڵێکی باش چاوی لێبکرێت.
ئەگەر کۆمپیوتەری ماکت هەیە و سیستەمی macOS بەکار دەبەیت، بیر لە ئەندرۆید مەکەوە، تەنیا ئایفۆن دەتوانێت بە درووستیی و بە تەواوی بەسوود بێت لە ئەو دۆخەدا. تایبەتمەندی وەک FaceTime و iMessage زۆر بەنرخن بە تایبەت ئەگەر کەسانی دیکە لە دەوروبەرت ئایفۆنیان هەبێت. بۆ خۆم بەکارهێنەرێکی ڕۆژانەی هەردوو ئەو ڕاژەیەم و زۆر جێی داخ و سەیرە کە ئەمڕۆ لە ئەندرۆیدا شتێکی ستانداردی هاوشێوە نییە. گووگڵ لە هەوڵدایە، بەڵام زۆر لە پاشەوەن. جگە لەوەش ئەو دوو ڕاژەیە زۆر باش کار دەکەن و لە ڕاستیدا ئەگەر بە درووستیی بەکار ببرێن دەکرێت بە تەواوی پشتیان پێ ببەسترێت و پارەدان بۆ هێڵی تەلەفۆن بنبڕ بکرێت بە مەرجی هەبوونی Wifi.
دیسان دەبێت بڵێم کە ئایفۆن باشترە چوونکە هەندێک ئەپی بنەڕەتیی و ستاندارد لە خۆ دەگرێت کە لە ئەندرۆیدا وەک ستاندارد نین، بۆ نموونە ئەپی کەش و هەوا، نووسین و پاشەکەوتکردنی سەرنج / Notes. ئەپی بەبیرهێنانەوە Reminder، بۆ درووستکردنی PDF ئەپی iBook کە لەوانەیە بۆ هەموو کەسێک گرینگ نەبێت، بەڵام هەیە. دەزانم کە ئەو ئەپانە هەموویان لە Google Play هەن بۆ داگرتن و لەوانەیە لەوەی لە iOS هەیە باشتر کار بکەن، بەڵام خۆڕا، خاوێن و ستانداردی سیستەمەکە بن بابەتێکی دیکە کە سوودی زۆرتری هەیە و لە مەودای درێژخایەندا بێ کێشەترن.
خوێندنەوەی پەنجەمۆر Touch ID یان Fingerprint Sensor. لێرەشدا ئایفۆن دیسان زۆر لە پێشەوەیە، ئەمە یەکێک لە ئەو خاڵە گرینگانەیە کە لە کاتی کڕین دا دەبێت بیری لێ بکرێتەوە. هەبوونی TouchID تەنیا بۆ جوانیی نییە، کاتێک Apple ئەو تایبەتمەندییە لە ئامێرەکاندا زۆر دەکات وەک ستانداردی لێدێت، کۆمپانیا و ئەپەکانی دیکە پشتی پێ دەبەستن و بەکاری دەهێنن یان ئەپەکانی خۆیان پەیوەست دەکەن بە API تایبەت Touch ID و خزمەتگووزارییەکی باشتر بۆ بەکارهێنەرانیان دابین دەکەن. بە هۆکاری ئەوەی کە Touch ID هەر یەک Touch ID ـە و لە پشتەوە هەمان API بەڕیوەی دەبات داڕشتنی ئەپ کە سوودی لێ ببینێت ئاسانە بۆ App Developers، کە لە کۆتاییدا ئەپی زۆرتر سوود لە Touch ID دەبینێت و بەکارهێنەرانی ئایفۆنیش کاریان ئاسانتر دەبێتەوە. ئەم ڕاستییە لە ئەندرۆیدا هەندێک لاوازترە، چوونکە هەر ئامێرێکی ئەندرۆید بە شێوە و ویستی خۆی API دەنووسێت بۆ Fingerprint Reader/Sensor، وا دەکات کە ئەپ نووسەکان گرینگیی پێ نەدەن و بەکارهێنەرانی ئەندرۆید نەتوانن بە هەمان شێوەی بەربڵاو سوود لە ئەو تایبەتمەندییەی ئامێرەکانیان ببینن.
بۆ خۆم کە Galaxy S6 بەکار دەهێنم زۆر جارێک تووشی ئەو کێشەیە دەبم کە Fingerprint Sensor ـەکەی بە تەواوی پەنجەمۆرەکانم ناخوێنێتەوە و لە کۆتاییدا ناچارم دەکات وشەی نهێنی ٣٢ پیتی بنووسمەوە، کە هەموو مەبەستی هەبوونی ئەو تایبەتمەندییە لە تەلەفۆنەکەم دا بێمانا دەکات. بەڵام Touch ID بە تایبەت لە iPhone 6s و iPhone 7 دا تا ئێستا ڕووی نەداوە یەکجاریش نەتوانن پەنجەمۆرم بخوێننەوە. هەموو کات دەکرێت پشتیان بێ ببەسترێت و لە لایەنی پاراستنیشەوە Apple زانیاری بڵاوکردووەتەوە بۆ دڵنیاکردنەوەی بەکارهێنەران لەوەی کە بەکارهێنانی Touch ID دەتوانن دڵنیا بن زانیاری و پەنجەمۆریان بە پشتیوانی نوێترین تەکنەلۆژیای Cryptography / "تەشفیر" پارێزراوە. کۆمپانیاکانی دیکە دیسانەوە بە هۆکاری نەبوونی ستانداردێک لە نێوانیان دا، هیچ زانیارییەکیان نییە لەو بوارەدا کە بەکارهێنانی پەنجەمۆر خوێنەرەکانیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لە ئەندرۆید ٦ دا گووگڵ Fingerprint Authentication ی وەک API ستاندارد لە سیستەمەکەدا بڵاوکردووەتەوە، کە کارێکی زۆر باشە، بەڵام ئەو ئامێرانەی کە وەشانی ٦ بەکاردەهێنن کەمن.
چاپکردن لە iOS، کۆمپانیای Apple تەکنەلۆژیای AirPrint ی هەیە کە ماوەیەکی زۆرە لە ئایفۆن و ئایپادیش دا هەن، لە سەرەتاوە تەنیا لە ماک هەبوو. لەگەڵ AirPrint ئامێرەکەت دەتوانێت بە بێ کێبڵ و بە بەکاربردنی Wifi ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئامێری چاپکردن / Printer ـەوە بکات و چاپ بکات بەبێ ئەوەی پێویست بکات هیچ جۆرە ڕێکخستنێک بکرێت. لە ئەندرۆید پێویست دەکات بۆ هەر کۆمپانیایەک ئەپ/Driver ی ئەو کۆمپانیایە دابمەزرێنیت بۆ ئەوەی کە هەمان کردار جێبەجێ بکەیت. لە ئەندرۆیدا هەندێک لە کۆمپانیاکان لە ئەپەکانی خۆیاندا تایبەتمەندی زۆرتریان هەیە لەوەی کە AirPrint دابینی دەکات بەڵام دەستپێکردن و بەکارهێنانی وەک AirPrint بێ کێشە و ئاسان نییە. بۆ ئەوەی AirPrint کار بکات پێویستە چاپکەر پاڵپشتیی بکات، کە زۆرینەی چاپکەرە بێ کێبڵەکانی ئەمڕۆ لە بازاڕەکاندا ئەو تایبەتمەندییەیان هەیە.
تۆمارکردنی دەنگ/ گفتووگۆی تەلەفۆنیی. لە ئەندرۆید دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی بە دامەزراندنی ئەپێک جێبەجێ بکرێت کە گفتووگۆکان تۆمار بکات، باریان بکاتە نێو شوێنێکی وەک Dropbox یان Google Drive و دواتریش بیسانڕێتەوە. لە ئەوە باشتر و ئاسانتر نابێت. لە ئایفۆن بە پێچەوانەوە پێویست دەکات ئامێرێکی تایبەت بکڕیت کە پەیوەستی بکەیت بە ئایفۆنەوە، دەنگەکە بە ئەو ئامێرەدا تێدەپەڕێت، پاشەکەوتی دەکات، دواتر پیویستە پەیوەستی بکەیت بە کۆمپیوتەرێک بۆ وەدەرهێنانیان و پاشەکەوتکردنیان بە یەکجاریی. وەک دەبینین لێرەدا ئەندرۆید بێگومان هەڵبژاردەی یەکەمە ئەگەر بتەوێت گفتووگۆ تەلەفۆنییەکانت تۆمار بکەیت.
وێبگەڕی جیاواز، لە ئەندرۆید دەتوانیت هەر وێبگەڕێک کە بتەوێت دابمەزرێنیت، وەک خۆم Firefox بەکار دەبەم چوونکە توانای دامەزراندنی Add-on ی هەیە لە ئەندرۆید، لە iOS بێگومان دەتوانرێت وێبگەڕی دیکە جگە لە Safari دابمەزرێندرێت و بەکار ببرێت. بەڵام کۆمپانیای Apple لە بنەڕەتدا iOS ی بە ئەو شێوازە داڕشتووە کە Safari وێبگەڕی یەکەمە و ئەو توانا و تابەتمەندییانەی کە لە Safari دا هەن، ڕێگە نادرێت لە وێبگەڕەکانی دیکەدا هەبن. وێبگەڕەکانی دیکە ناتوانن Engine ی خۆیان بەکار ببەن، واتە Safari بە هەر شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ پەڕەیەکی وێب دا بکات دەبێت وێبگەڕەکانی دیکەش بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و لە خێراییدا Apple بە مەبەستەوە خێرایی وێبگەڕەکانی دیکەی سنووردار کردووە. هەر بۆیە Safari خێراترە هەموو کات. Safari وێبگەڕێکی بەهێزە و ئەگەر ماک و ئامێری دیکەی وەک ئایپادت هەبێت، بێگوومان هەڵبژاردەی یەکەمە بۆ iOS بەڵام لەوانەیە هەموو کەسێک نەیەوێت بەکاری بهێنێت. ئەو ئازادییە لە ئەندرۆید بەربڵاوترە و کراوەترە بە تایبەتمەندی باشترەوە.
ئەپڵ سیستەمی iOS نوێ دەکاتەوە. گووگڵ ئەندرۆید نوێ دەکاتەوە. بەڵام نوێکارییەکانی گووگڵ ناگاتە بەکارهێنەران. کێشەیەکی بنەڕەتیی ئەندرۆید ئەوەیە کە وەشانی نوێ زۆر درەنگ و کەم دەگەنە بەکارهێنەران یان قەت ناگەن. بە هۆکاری ئەوەی هەر بەرهەم هێنەرێکی ئامێری ئەندرۆید بۆ خۆی بڕیار دەدات ئایا نوێترین وەشانی ئەندرۆید بڵاو بکەنەوە بۆ ئامێرەکان یان نە. Samsung Galaxy S6 کە تەلەفۆنێکی بێ کێشەیە، تایبەتمەندیی باشیی هەیە و بە ئاسانی دەتوانێت نوێترین وەشانی ئەندرۆید کارپێبکات لە ئەو نوێکارییە بێ بەش دەبێت چوونکە کۆمپانیای سامسۆنگ پێی وایە لە بواری ئابوورییەوە گوونجاو نییە پاڵپشتیی تەلەفۆنێکی ٢ ساڵ کۆن بکەن، کە بیرکردنەوەیەکی هەڵە نییە، لە هەمان کاتدا من وەک بەکارهێنەر ناچار دەکات تەلەفۆن بگۆڕم چوونکە نەبوونی نوێترین وەشانی سیستەمەکە زۆربەی کات کێشەی پاراستن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. کاتێک Apple نوێکاری بڵاودەکاتەوە ڕاستەوخۆ دەگاتە ئامێرەکان و لە ئەو بوارەدا بەکارهێنەران دەتوانن پشت بەستبن بە پارێزراویی ئامێرەکانیان.
ڕوونە کە دەکرێت ئەم بابەتە زۆرتری لەسەر بنووسرێت چوونکە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی من/تۆ وەک بەکارهێنەر چ داواکارییەکمان لە ئامێرەکانمان هەیە و لەسەر ئەو بنەمایە ئامێری داهاتوومان بکڕین. ئەو خاڵانەم بە گرینگ زانی کە ئاماژەم پێداون، ئەگەر شتێکی کەمە و پێویستە، تکایە لە خوارەوە بینووسە.