بابهت: هەواڵنێری وێبچن
سڵاو هاوڕێیان،
ماوەیەکی زۆرە بە هیوای ئەوە بووم ئەم بابەتە بنووسم، بەڵام تا ئێستا دواکەوت. دووبارە کاتی هاتووەتەوە و پێویستە تا کۆتایی ئەم مانگە بگاتە ئەنجام.
هۆکاری ئەم هەنگاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەمانەوێت لە ماڵپەڕی وێبچن هەواڵی ئایتی بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام بڵاو بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کوردۆید بە هەمان شێوە زیندوو بکرێتەوە.
هەواڵنێری وێبچن چییە؟
هەواڵنێری وێبچن ئامرازێکە کە هەواڵنووسێک بەکاری دەبات بۆ نووسینی هەواڵەکانی، وەرگێڕانی هەواڵەکانی. بۆ نموونە کاتێک وەک وەرگێڕ سەردانی پەڕەی هەواڵنێری وێبچن بکەیت هەموو ڕۆژێک کۆمەڵێک هەواڵ دانراون کە دەمانەوێت وەربگێڕدرێن بۆ بڵاوکردنەوە لە ماڵپەڕی وێبچن. ئەو هەواڵانە ئێمە دەستنیشانیان دەکەین.
هەموو هەواڵێک نرخێکی هەیە بۆ وەرگێڕان، نرخی وەرگێڕانی هەواڵەکان بەپێی گرینگیی هەواڵەکە دیاری دەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر هەواڵێک نرخی وەرگێڕانی ٥٠ سەنت بێت، تۆی وەرگێڕ پاش تەواوکردنی وەرگێڕانەکەت ٥٠ بەدەست دەهێنیت و هەموو ئەو زانیارییانە لە ژێر هەژمارەکەت لە هەواڵنێری وێبچن کۆ دەبنەوە.
بە واتایەکی تر، کاری وەرگێڕانی هەواڵەکان لە وێبچن خۆبەخشانە نییە، ئەو ئەندامەی کە هەواڵ وەردەگێڕێت لە بەرانبەر کات و ماندووبوونی ئەو نرخەی هەواڵی دەدرێتێ.
سیستەمەکە سادەیە و بە شێوەیەک داڕێژراوە کە هەموو وەرگێڕێک شانسی خۆی هەیە ئەو هەواڵە هەڵبژێرێت کە دەتوانێت/دەیەوێت وەریبگێڕێت.
ئەو بڕە پارەیەی کە کۆی دەکەیتەوە لە ئەنجامی وەرگێڕانەکانت، کۆتایی هەموو مانگێک لە ڕێی PayPal ـەوە دەنێردرێنە هەژمارەکەت لە PayPal.
مەرجەکانی بوون بە وەرگێڕ،
دەبێت توانای وەرگێڕانت هەبێت لە زمانی ئینگلیزییەوە، وەرگێڕانی وشە بە وشەمان ناوێت، بەڵکوو وەرگێڕانێک کە واتای گشتیی هەواڵە بنەڕەتییەکە بگەیەنێت.
مەرجە توانای نووسینی بێ کێشەت هەبێت بە زمانی کوردی سۆرانی لەگەڵ کەمترین هەڵەی ڕێزمانی، هەروەها پەیڕەوی لە ڕێنوێنییەکانی ڕێنووسی یەکگرتووی زمانی کوردی (زانستپەروەرانی کورد) بکەیت. (دواتر زانیاری زۆرترت بە دەست دەگات).
دەبێت هەژماری PayPal ـت هەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت پارەی وەرگێڕانەکانت وەربگریت، تکایە مەپرسە بۆ شێوازی دیکە، تەنیا PayPal کار پێدەکەین.
دەبێت لە وێبچن هەژمارت هەبێت. بە هەمان هەژمارەوە سیستەمی هەواڵنێری دەکەیتەوە و وەرگێڕانەکانت جێبەجێ دەکەیت.
لە کاتی وەرگێڕان دا پێویستت بە کۆد نووسین نابێت و دەبێت پەیڕەوی لە ئەو خاڵانەی وەرگێڕان بکەیت کە دواتر بە ئیمەیل بۆت دەنێرین ئەگەر توانای وەرگێڕانت هەبوو.
چۆن دەست پێبکەم؟
تکایە سەردانی پەڕەی پەیوەندی وێبچن بکە http://www.webchin.org/index.php?besh=peywendi و پەیامێکمان بۆ بنووسە کە دەتەوێت ببیت بە وەرگێڕ. بنووسە کە لە وێبچن چ ناوێکت هەیە.
دواتر لە وەڵامی ئیمەیل دا زانیاری زۆرترتان پێدەگات.
تا ڕێکەوتی ٢٠١٤/١١/٢٦ دەتوانیت داواکاریی بوون بە وەرگێڕ بنێریت.
تکایە ئەگەر هەر پرسیارێک هەبوو لە ئەم بابەتە بینووسە.

