DNS کە کورتکراوەی Domain Name System ـە بریتییە لە سیستەم/پرۆتۆکۆلێک بۆ وەرگێڕانی دۆمەینی ئاسایی بۆ ژمارەی ئایپییەکانیان لەسەر نێت.
بێ کێشەبوون و خێرایی وەرگێڕانی ناوەکان بۆ ئەو ژمارەی ئایپییەی کە ڕووی تێدەکەن کاریگەریی باشی دەبێت لە بۆ بێ کێشەبوونەوەی پەڕەکانی سەر وێب و هەروەها لەوانەیە خێراتر بوونی نێتەکەت بە شێوەیەکی گشتیی.
مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە ئەوە نییە کە چۆن هێڵی ئینتەرنێتەکەت خێرا بکەیت، خێراکردنی هێڵی ئینتەرنێت پەیوەندیدار بە خۆت وەک کڕیار و کۆمپانیای دابینکەری ISP، تکایە بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە بگرە. بەڵکوو مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ڕاژەی DNS و نێو سیستەمەکەت/ ئەو کۆمپانیای کە هێڵی ئینتەرنێتی بۆ دابین کردوویت تاقی بکەیتەوە کە ئایا تا چەندە بێ کێشەیە و هەروەها چارەسەری باشتر چییە ئەگەر هەبێت؟.
بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە و تاقی کردنەوەی ڕاژەی DNS ئامرازێک بەکار دەبەین کە کۆمپانیای گووگڵ بەرهەمی هێناوە بە مەبەستی بەراوردکردن ڕاژەی DNS ی ئێستاییت لەگەڵ ڕاژەکانی دیکەی وەک Google Public DNS یان Open DNS و هەروەها بە ئەنجام گەیاندنی ئاستی ڕاژەکان.
کرتە لە ئێرە بکە بۆ داگرتنی ئامرازی namebench بۆ ماک، ویندۆز و لینوکس
namebench پێویستی بە دامەزراندن نییە و ڕاستەوخۆ دەکرێتەوە،
لە بەشی Nameservers دا ئایپی ڕاژەکار/ڕاژەکارەکانی DNS ڕیز دەکرێت کە ئێستا بەکاری دەبەیت، namebenech ئەو ڕاژەکارانە تاقی دەکاتەوە. پێویست بە گۆڕینی ڕێکخستنەکان و نرخەکان ناکات، کرتە لە دووگمەی Start Benchmark بکە بۆ دەستپێکردن. پرۆسەکە هەندێک کاتی پێویست دەبێت و درووست وایە کۆمپیوتەرەکەت بەکار نەبەیت تا کۆتایی هاتنی.
لە کۆتاییدا پەڕەی ئەنجام دەکرێتەوە و ئەوەی کە گرینگە ئەنجامی تاقیکارییە کە لە سەرەوەی پەڕەکە هەیە،
لە وێنەی سەرەوە دەبینین نووسراوە ئەگەر DNS ی سیستەمەکەم بگۆڕم بە Google Public DNS وەرگێڕانی دۆمەین بۆ ئایپییەکانیان ١١% خێراتر دەبێت و لە ئەنجام دا کەمتر چاوەڕوانی کردنەوەی پەڕەکانی وێب دەکەم. لە بەشی ڕاستی هەمان پەڕە نووسراوە کە چ DNS Server ـێک وەک سەرەکی بەکار ببەیت کە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕاژەکانی DNS ی سەربە Google Public DNS پیشان دەدات.
Google Public DNS بە دوو ناونیشان دەتوانرێت بەکار ببرێت،
یەکەم: 8.8.8.8
دووەم: 8.8.4.4
بۆ گۆڕینی DNS Server لە نێو ویندۆز ٧، کرتەی ڕاست بکە سەر ناوی Connection ی چالاک و بەکاربراو، Properties، لە لیستەی ڕاژەکاندا IPV4 هەڵبژێرە و لە خوارەوەی کرتە لە Properties بکە.
بەکاربردنی DNS Server وەک هی Google Public DNS چەند سوودێکی هەیە،
١، بە هۆکاری ئەوەی سیستەمێکی جیهانییەوە و کۆمپانیایەکی گەورەی وەک گووگڵ پەرەی پێدەدات باشتر و بێ کێشەتر کار دەکات.
٢، زۆر جارێک هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئاستی DNS ماڵپەڕ یان ناونیشانی دیکە لەسەر وێب فیلتەر دەکەن، بە بەکاربردنی Google Public DNS ئەو فیلتەرە ناچالاک دەبێت.
٣، بە شێوەیەکی ئاسایی خێراترە لە ڕاژەی DNS ی کۆمپانیاکانی هێڵی ئینتەرنێت، بەتایبەت ئەگەر کۆمپانیای ناوبراو کۆمپانیایەکی بچووک بێت و هەمان توانای تەکنیکی نەبێت بۆ پەرەپێدانی ڕاژەی DNS ی خۆیان.
٤، جێهانی بوونی ڕاژەی ناوبراو وادەکات کە بەردەوامی نوێ دەکرێتەوە و گۆڕانکارییەکان لە بواری دۆمەین لەسەر وێب بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە Google Public DNS ڕوو دەدەن و پێویست بە چاوەڕوانی کردن ناکات تا ISP خۆت DNS Server/Cache ی خۆیان نوێ بکەنەوە بۆ وەرگرتنی دواترین گۆڕانکارییەکان. (هەموو ISP ـەک ناگرێتەوە).
کۆتایی.
نووسەر: ئاسۆ نادری