ناوەڕۆک
PunBB بریتییە لە پرۆگرامۆکەیەک Script بۆ پێکهێنانی مەکۆی سەر وێب. بە زمانی PHP نووسراوە و بە پشت بەستن بە MySQL زانیارییەکانی پاشەکەوت دەکرێن. بە واتایەکی دیکە بۆ ئەوەی بتوانرێت PunBB لەسەر ڕاژەکارێک دابمەزرێت، دەبێت ئەو ڕاژەکارە پاڵپشتی PHP و MySQL بکات.
پرۆگرامۆکەی PunBB بە خێرایی و کەم قەبارەیی ناسراوە، لە ڕاستیدا یەکێکە لە ئاسانترین و خاوێن ترین پرۆگرامۆکەکانی پێکهێنانی مەکۆ کە ئەمڕۆ لەسەر وێب هەن. دامەزراندنی PunBB پێکهاتووە لە پڕکردنەوەی چەند خانەیەکی کەم و دەست بەکاربوون لەگەڵ بەکاربردنی پاش چەند خوولەکێکی کەم. گرینگی دانمان بە PunBB دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بنەمایە کە پرۆگرامۆکەی خاوێن، خێرا و کەم کێشە گرینگترە و درووست ترە بۆ ناسین بە پێچەوانەی پرۆگرامۆکەی دیکە کە تایبەتمەندی ناپێویست و هەروەها کێشەی زۆرتریان هەیە.
PunBB لە لایەن کۆمەڵێک کارمەندی بە توانا و زانا لە بواری خۆیان پەرە پێدەدرێت، بەستەری سەرەکی پرۆژەی PunBB هەموو کات www.punbb.org بووە و تا ئێستاش هەروایە. گرینگە کە هەموو کات پرۆگرامۆکەی PunBB لە سەرچاوەی یەکەم و ماڵپەڕی فەرمییەوە دابگیردرێت. لە مێژووی PunBB دا سێ گەورە وەشان بڵاو کراوەتەوە، وەشانی ١،٢ و دواتر ١،٣ و نوێترین وەشانی ئێستا ١،٤ ـە، هەر یەک لە وەشانەکان کۆمەڵێک ژێر وەشانیان هەیە بۆ نموونە نوێترین ژێر وەشان تا کاتی نووسینی ئەم بەڵگەنامەیە ١،٤،٢ ـە. لە ئەم بەڵگەنامەدا زانیارییەکانمان لەسەر وەشانەکانی ١،٣ و ١،٤ دەبن.
بۆ داگرتنی وەشانی ١،٣،٦ کرتە لە
http://punbb.informer.com/downloads.php#1.3.6 بکە.
بۆ داگرتنی وەشانی
١،٤،٢ کرتە لە
http://punbb.informer.com/downloads.php#1.4.2 بکە.
پاش داگرتنی وەشانێک، پەڕگەکانی نێو .zip دەربهێنە Extract بکە. هەموو بوخچەی و پەڕگەکانی بە ئەم شێوازە دەبن (لەسەر وەشانی ١،٤،٢ ئەم بابەتە درێژە دەدرێت).
admin cache extensions img include lang style .htaccess.dist ChangeLog COPYING delete.php edit.php extern.php favicon.ico footer.php header.php help.php humans.txt index.php login.php misc.php moderate.php post.php profile.php README README.md register.php rewrite.php robots.txt search.php userlist.php viewforum.php viewtopic.php
بوخچە و پەڕگەکانی سەرەوە دەبێت وەک خۆیان بار بکرێنە نێو شوێنی تایبەت بە ماڵپەڕ بۆ ئامادەکردنی دامەزراندن. لە هەنگاوی داهاتوودا پێویست بە نووسینی زانیارییەکانی بنکەی دراوە دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویست دەکات بنکەیەکی دراوەی MySQL لەگەڵ بەکارهێنەرێک بە دەسەڵاتی درووست هەبێت.
پاش بارکردنی پەرگەکانی سەرەوە بۆ نێو شوێنی ماڵپەڕ، لە وێبگەڕدا ناونیشانی ماڵپەڕەکەت بنووسە. ئەگەر هەنگاوەکانی سەرەوە بە درووستی جێبەجێ کرابن، دەبێت پەڕەیەکی وەک وێنەی ژمارە ١ بکرێتەوە.

کرتە لە بەستەری install.php بکە، دواتر پەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە بۆ نووسینی زانیارییەکانی بنکەی دراوە. هەموو زانیارییەکان بە درووستی بنووسە، کرتە لە Start Install بکە، پاش چەند چرکەیەکی کورت مەکۆی PunBB دادەمەزرێت و ئامادە دەبێت بۆ بەکاربردن. پاش دامەزراندن بە سەرکەوتوویی، یەکەم پەڕەی مەکۆکان وەک وێنەی خوارەوە دەبێت. (وێنەی ژمارە ٢)

PunBB لە وەشانەکانی سەرەتاوە واتە وەشانی ١،٢ بۆ نوێترین وەشان هەموو کات بە زمانی کوردی سۆرانی هەبووە بە هاوکاری گرووپی وەرگێڕانی وێبچن و کۆمەڵێک هاوڕێی دڵسۆز. کرتە لە ئێرە (بەستەری داگرتنی زمانی کوردی بۆ PunBB وەشانی ١،٤،٢) بکە و پەڕگەی .zip دابگرە.
پاش داگرتن و Extract کردنی بوخچەی تایبەت بە زمانی کوردی، بوخچەی Kurdish بار بکە نێو بوخچەی lang. بۆ چالاک کردنی زمانی کوردی کرتە بکە سەر Administration و دواتر Setting، نرخی هەڵبژاردنی Default Language بگۆڕە بۆ Kurdish. بە ئەو شێوەیە هەموو ئەندامێک کە پاش ئەو گۆڕانکارییە خۆی تۆمار بکات زمانی کوردی زمانی سەرەکی دەبێت لە کاتی بینینی مەکۆکان. بۆ ئەوەی زمانی کوردی بۆ هەژماری خۆت (هەژماری بەڕێوەبەر) جالاک بکرێت، کرتە بکە سەر Profile و دواتر Setting، نرخی زمان بگۆڕە بۆ Kurdish بۆ دەرکەوتنی کوردی سۆرانی وەک زمانی سەرەکی مەکۆکان بۆ هەژماری خۆتان وەک بەڕێوەبەر.
PunBB بە تایبەت وەشانی ١،٣ بۆ سەرەوە هیچ کێشە یان کەم و کۆڕییەکی نییە لە درووست پیشاندانی دەقی نووسراو بە ئەلف و بێی کوردی سۆرانی. بەڵام بۆ درووست ڕاست بۆ چەپ دەرکەوتنی دەقەکان، پێویست دەکات دەستکاری پەڕگەی تایبەت بە CSS بکرێت بە مەبەستی جێبەجێ کردنی ئەو کارە. کرتە لە ئێرە بکە بۆ داگرتنی ستایڵی دەستکاریکراو کە دەتوانرێت بەکار ببریت بۆ درووست دەرخستنی دەقی نووسراو بە زمانی کوردی سۆرانی. (پەڕگەی ناوبراو هەمان پەڕگەی بنەڕەتی PunBB ـە تەنیا دەستکاری ئاستی دەرکەوتنی دەقەکان کراون).
وەک بەڕێوەبەر لە PunBB هەموو جۆرە ئامرازێک بەسوود هەیە کە بەڕێوەبردن و دانانی دەسەڵاتی درووست بۆ مەکۆ و ئەندامان زۆر بە ئاسانی جێبەجێ دەکرێت. لە لیستەی بەستەرەکانی سەرەوە کرتە لە بەڕێوەبەرایەتی بکە و ڕێکخستنەکانی مەکۆکان بە پێی پێداویستی ماڵپەڕ و پرۆژەتان رێکبخەن.
لە وەشانی ١،٣ و نوێتر لە PunBB دا پێوەکراو Extenstion هەیە، مەبەست لە دامەزراندنی پێوەکراو ئەوەیە کە تواناکانی PunBB زۆرتر بکات و تایبەتمەندی نوێ بۆ پرۆگرامۆکە زۆر بکات، بۆ نموونە ناردنی پەیامی تایبەت لە نێوان ئەندامان دا ڕاستەوخۆ لەگەڵ PunBB دانامەزرێت، بەڵام وەک پێوەکراو هەیە و دەتوانرێت ڕاستەوخۆ لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی PunBB دابمەزرێندرێت.
گرووپی پەرەپێدەری PunBB بۆ خۆیان هەندێک پێوەکراوی فەرمیان بڵاو کردووەتەوە کە بەکارهێنەرانی PunBB دەتوانن بەکاریان ببەن، لە http://punbb.informer.com/extensions هەن. هەموو پێوەکراوێک پاش داگرتن بار دەکرێتە نێو بوخچەی extensions و دواتر لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی مەکۆکان چالاک دەکرێت. (بهڕێوهبهرایهتی » پێوهكراوهكان » رێکخستنی پێوهكراوهكان).
لە PunBB وەک لە هەموو پرۆگرامۆکەکانی دیکەی هاوشێوە بەشی گەڕان پێویستی بە نوێکردنەوەی بەردەوام هەیە بۆ تۆماربوونی هەموو بابەت و پەیامەکان لە خانە و خشتەکانی بنکەی گەڕان تۆمار بکرێن و دواتر ئەندامان بتوانن نوێترن بابەت و پەیامەکان بە ئاسانی بدۆزنەوە.
نوێکردنەوەی بنکەی گەڕان کاتی زۆری پێویست دەبێت و درووست وایە لە کاتی جێبەجێ کردن دا بیر لە ئەوە بکرێتەوە مەکۆکان داخراو بن بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ڕاژەکاری ماڵپەڕ. گەڕان و ڕێکخستنەکانی لە بهڕێوهبهرایهتی » بەڕێوەبردن » درووستكردنهوهی بنكهی زانیاریی گهڕان هەیە.
لە وێبچن ٣ مەکۆی جیاواز هەن بۆ هەر سێ گەورە وەشانی PunBB، چەندین ساڵە پرسیار و وەڵام دەنووسرێت و تا ئێستا بەشێکی زۆر لە کێشە و گۆڕانکارییەکانی PunBB تاوتوێ کراون، لە کاتی پێویست بوون بە یارمەتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەیەک یان پەرەپێدانی مەکۆکانت، سەردانی مەکۆکانی وێبچن بکە و لە بەشی درووست هاوکاری وەربگرە.
بۆ دڵنیا بوون لە هەموو نوێکارییەکانی PunBB، لە هەنگاوی یەکەم دا سەردانی بەستەری بنەڕەتیی ماڵپەڕی فەرمی بکە، هەموو هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە PunBB لە ماڵپەڕی بنەڕەتییەوە سەرچاوە دەگرن، هەروەها لە وێبچن لەگەڵ هەبوونی ئاگاداری و گۆڕانکاری گرینگ، هەواڵ دەنووسین.