ژ.ب ٦٦١٨

Search Engine Optimization بۆ وێبداڕێژان


پێم وایە وشەی SEO کە کورتکراوەی Search Engine Optimization وشەیەکی نامۆ نییە بۆ هەموو وێبداڕێژێک کە بۆی گرینگ بێت ماڵپەڕەکەی بە شێوەیەکی باش و درووست لە گەڕۆکەکانی وەک گووگڵ دەربکەوێت. هەروەها ڕیزبەندی لە پێشەوە بێت.

 دەقێک کە نووسراوە SEO

بازاڕی SEO ئەمڕۆ لە لایەن کۆمپانیاو لایەنی جیاوازەوە ئاڵۆز کراوە و شاخ و باڵی بۆ درووستکراوە کە فڵان کار ١٠٠% کار دەکات و چارەسەری هەموو پێداویستییەکانی SEO ی ماڵپەڕێک دەکات. بۆیە بە درووستم زانی ئەم بابەتە بنووسم و بەپێی زانیاری و توانا ئەم SEO شاخ و باڵدارە ڕوون بکەمەوە بە شێوەیەک کە بزانین بە ڕاستی چ باسە؟!

بواری SEO تەنیا Search Engine Optimization‌ نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان گوونجاندنی ماڵپەڕ بۆ گەڕۆکی وێب و بەکارهێنەری ئاساییدا دابەش دەکرێت. SEO ی درووست ئەو SEO ـەیە کە بە هەمان شێوەی گووگڵ گرینگی دەدات و کار ئاسانی دەکات بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی. SEO کە تەنیا مەبەستی لە پلەبەندی باشتر بێت لە گووگڵ SEO ـەکی خراپە و زیانبەخشە بۆ داهاتووی درێژخایەنی ماڵپەڕێک. بە بڕوای من SEO ی درووست بریتییە لە هەردوو Search Engine Optimization و هەروەها Website Usability / User Friendliness ـە.

گرینگە لە سەرەتادا ئاماژە بە ئەوە بدەم کە مەرج نییە وێبداڕێژ (کۆد نووس) بۆ خۆی داڕێژی بیرۆکەی SEO ی ماڵپەڕێک بێت. SEO دەکرێت کەسێکی تایبەت و دیکەی هەبێت کە زۆرتر لە ئاستی ماڵپەڕ بکۆڵێتەوە کە بە چ شێواز و ئاستێک لە گەڕۆکەکانی وەک گووگڵ دەردەکەون.

خاڵێکی دیکەی گرینگ ئەوەیە ئەمڕۆ ٢ گەڕۆک هەیە کە پێویستە بیریان لێبکەینەوە لە هەر پرۆسەیەکی SEO دا، ئەوانەش Google و Bing ـن، هەرچەند Bing‌ بەربڵاویی و توانای تەکنیکیی گووگڵی نییە و بە هەمان شێوەش بەکارهێنەری زۆریی نییە. لە ئەم بابەتەدا زۆرتر گووگڵ بەکاردەهێنین وەک نموونە، بەڵام هەموو خاڵەکان بۆ بینگ بە شێوەیەکی گشتیی وەک خۆیان کاریگەرییان دەبێت.

کاتێک وشەی SEO یان Search Engine Optimization دەڵێین، مەبەستمان لە ئەوەیە کە بە چ شێوازێک ماڵپەڕەکەمان دابڕێژین کە بەکارهێنەران بتوانن بە ئاسانترین و خێراترین شێوە لە گووگڵ یان بینگ ماڵپەڕەکەمان بدۆزنەوە. هۆکاری ئەو گرینگییەش ئەوەیە کە گووگڵ ئەمڕۆ دەروازەی ئینتەرنێتە بۆ بەکارهێنەرانێکی زۆر لە زۆرینەی وڵاتەکان و هەروەها ئێمەی کوردیش بەشێکین لە ئەو بەکارهێنەرانە.

کەواتە گرینگە کە ماڵپەڕەکەمان لە شوێنی درووست، بە خێرایی درووست و بە شێوازی درووست لە گەڕۆکەکان بدۆزرێتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوە دەبێت ئایا پێویستە من وەک وێبداڕێژ بیر لە چی بکەم بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە؟ ئەگەر بیری لێ نەکەمەوە چ ڕوودەدات؟ یان ئەگەر ئامانجەکەم پێکا تا چەندە کاریگەریی دەبێت لەسەر ماڵپەڕ؟

هەردوو Google و Bing کۆمەڵێک پێشنیار و "مەرجیان" هەیە کە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیارانە گرینگی دەدەن بە ماڵپەڕەکان و بڕیار دەدەن کە چ ماڵپەڕێک لە چ شوێنێک دەربکەوێت. ئەو پرۆسەیە زۆر ئاڵۆزە و پێی دەوترێت Algorithm. بە مەبەستی ئەوەی کە ئاسان بێت بۆ وێبداڕێژان گووگڵ کۆمەڵێک پێشنیارییان بڵاوکردووەتەوە کە ماڵپەڕێک چۆن بێت بۆ ئەوەی بەختی باشتری هەبێت لە دەرکەوتنی باش لە گووگڵ.

تا ئێستا ماڵپەڕێکمان هەیە/نوێ داڕێژراوە و دەزانین کە بەکارهێنەری زۆر ڕوو دەکەنە گووگڵ بۆ دۆزینەوەی زانیاری و ماڵپەڕ، ئێمەش دەمانەوێت بەشێک لە ئەو بەکارهێنەرانە ماڵپەڕی ئێمە بدۆزنەوە و سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکەن. تێگەشتووین کە پێویستە بیر لە هەندێک وردەکاریی بکەینەوە بۆ پێکانی ئەو ئامانجە.

هەموو مەبەست لە ئەم بابەتە ئەوەیە ئاڵۆزیی SEO لا ببەین و بە شێوەیەکی سادە باسی بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش بەشی داهاتووی بابەت وەک خاڵ دەنووسم کە پەیڕەوی لێکردنیان ئاسانتر دەبێت.

١، پاش هەبوونی ماڵپەڕەکەت و کارکردنی لەسەر ئینتەرنێت، هەژمارێک لە Google Webmaster Tools درووست بکە، گرینگی GWT ئەوەیە کە هەموو زانیارییەکی پەیوەندیدار بە ماڵپەڕەکەت لە گووگڵ پیشان دەدات و هەروەها ئامرازێکە کە گووگڵ بەکاری دەبات بۆ ئاگادارکردنەوەی خاوەن ماڵپەڕان لە کێشەکانی ماڵپەڕەکانیان لە گووگڵ. ئەم هەنگاوە گرینگە و بنەمای SEO ی درووستە.

٢، هەروەها گرینگە کە هەژمارێک لە Google Analytics درووست بکەیت کە تەواوکەری Google Webmaster Tools دەبێت و کۆمەڵێک زانیاری دیکە پیشان دەدات کە بە هەمان شێوە گرینگن بۆ باشتر تێگەشتن لە ئەوەی ماڵپەڕەکەمان لە گووگڵ چۆن دەردەکەوێت و کێ بەکاری دەبات.

٣، وشەی SEO لە بیر بکە (تەنیا بۆ ئێستا، نەک بە یەکجاریی)، بیر لە ئەوە بکەوە ماڵپەڕێکی بەسوود و ناوەڕۆک باش دابڕێژیت. زۆر وێبداڕێژێک ئەوەندە گرینگی دەدەن بە Search Engine Optimization کە لایەنە گرینگەکەیان لە بیر دەچێت کە ئەوەیە ماڵپەڕەکەی لە هەنگاوی یەکەم دا بۆ بەکارهێنەری مرۆڤ داڕێژراوە نەک گووگڵ.

٤، لە سەرەتا و کۆتادا هەموو کات بیر لە بەکارهێنەرانی ماڵپەڕەکەت بکەوە کە سەردانیان بۆ ماڵپەڕەکەت ئەنجامی باشی هەبێت بۆ ئەو کاتەی کە تەرخانی دەکەن بۆ سەردانەکەیان.

٥، بە بیرکردنەوە لە بەکارهێنەرانی ماڵپەڕ مەبەستم لە ئەوەیە کە ماڵپەڕێکی بێ کێشە، خێرا، ناوەڕۆکی باش و درووست لە خۆ گرتوو، درووست دەرکەوتن لەسەر هەموو جۆرە ئامێرەکان بە تایبەت مۆبایل کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەران وەک ئامێری یەکەمیان بەکاری دەبەن بۆ سەردانی ماڵپەڕان.

٦، کاتێک ماڵپەڕ دادەڕێژیت تەنیا لە ڕوانگەی داڕشتنەوە سەیری پرۆژەکەت مەکە، بەڵکوو خۆت لە ڕۆڵی بەکارهێنەرێکی ئاساییدا ببینەوە و بپرسە لە خۆت ئایا ئەگەر فڵان تایبەتمەندی بە فڵان شێواز بێت درووستە؟ هەموو کات بڕیارەکانی خۆت لە پرۆسەی داڕشتندا لە ژێر پرسیار دابنێ و ئەوە لە بیر مەکە کە ماڵپەڕەکەت پێویستە سوودی هەبێت بۆ بەکارهێنەرانی بۆ ئەوەی تۆش وەک وێبداڕێژ بتوانیت سوود لە ئەنجامی پرۆژەکەت ببینیت.

٧، ماڵپەڕێکی بەسوود بریتییە لە ماڵپەڕێکی سادە، لە هەمان کاتدا کە ناوەڕۆکی بەسوودی لە خۆ گرتبێت. ناوەڕۆکێک کە بەسوود بێت پێویستی بە دیزاینی ڕەنگ و شاخدار نییە بۆ ئەوەی مەبەستی خۆی بپێکێت. ماڵپەڕی سادە زۆربەی کات ئاسان دەبێت بۆ بەکارهێنان، ئاسانیی بەکارهێنان یەکێک لە ئەو خاڵە گرینگانەیە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە SEO نییە، بەڵام داڕشتنی ئاسان زۆر کاتێک دەبێتە بەردێکی بناغەی SEO ی درووست. شتێک کە مەرج نییە هەبێت لە نێو ماڵپەڕەکەت، بەکاری مەبە، وێنەیەک کەمتر بەکار ببەیت هەموو کات لە ئەوە باشترە وێنەیەکی بێسوود دابنێیت. جووڵە تەنیا بە مەبەستی جوانیی جووڵەکە بەکار مەبە، تەنیا لە کاتێکدا جووڵە و زیندوویی ببەخشە بە ماڵپەڕ کە پێویست بێت بۆ ئاسانکردنەوەی بەکارهێنانی تایبەتمەندییەکانی ماڵپەڕ.

٨، پاش پرۆسەی داڕشتنی ماڵپەڕ، قۆناغی ناوەڕۆک دەست پێدەکات. لە کاتی نووسینی ناوەڕۆکدا بە شێوەیەکی ئاسایی بیر بکەوە و شێوازێکی سرووشتی بکە بە شێوازی نووسینت. وشەیەک کە گرینگە بە ڕوونی دەری بخە لە نێو نووسینەکەت کە ئەو وشەیە گرینگە.

٩، لە پەیوەندی لەگەڵ SEO دا نووسینی بابەت هەندێک بیرکردنەوەی زۆرتری پێویستە لە نووسینی ئاسایی سەر کاغەز. ئەمڕۆ بە هاوکاری HTML5 ئەو پرۆسەیە زۆر ئاسانتر کراوەتەوە چوونکە HTML5 کۆمەڵێکی تاگی نوێی تایبەت بە بوارە جیاوازەکانی ناوەڕۆک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە هاوکاریمان دەکات باشتر ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەمان پێناس بکەین بۆ ئەوەی گەڕۆکەکان باشتر بزانن کە چ جۆرە ناوەڕۆکێکمان بڵاوکردووەتەوە و هەروەها لە نێو ناوەڕۆکەکەدا پێکهاتەکان چۆن دابەش کراون. بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە سەیری وێنەی خوارەوە بکە.

 پێکهاتەی تەکنیکیی بابەتێک کە بە درووستی بۆ SEO ڕێکخراوبێت
وێنەی ژمارە ١، پێکهاتەی تەکنیکیی بابەتێک

١٠، وەک لە وێنەی سەرەوە دەبینین گرینگترین بەشی ماڵپەڕێک کە دەقی پەڕەکەیە پێویستە بە شێوەیەکی سرووشتیی و بە پێی گرینگیی بەشەکانی پێناس بکرێت. وێنەی سەرەوە نموونەیەکە کە چۆن تاگە نوێکانی HTML5 بەکار ببرێت بە شێوەیەک کە بابەتەکە درووست تر بۆ گەڕۆکەکان دەربکەوێت و لە ئەنجام دا ببێتە هۆکاری ئەوەی کە گرینگی باشتر بدرێت بە ئەو ناوەڕۆکە و لە شوێنی باشتر لە ئەنجامی گەڕانەکان دەربکەوێت.

١١، کاتێک گووگڵ Index ی ماڵپەڕێک دەکات کۆدەکان لە سەرەوە دەخوێنێتەوە بۆ خوارەوە، بۆیە زۆر گرینگە کە ناوەڕۆکی گرینگ لە بەشی سەرەوەی پەڕە بێت بۆ ئەوەی گووگڵ بە ئاسانی بیدۆزێتەوە. هەبوونی بەستەرێک لە سەرەوەی ماڵپەڕ یان بەشێک کە سەردێڕی نوێترین بابەتەکان/هەواڵەکان پیشان بدات و دواتر بەستەر بێت بۆ بابەتە ئەسڵییەکە، کارێکی باشە.

هەڵەیەکی بەرچاو کە لە زۆر ماڵپەڕی کوردیدا دەکرێت ئەوەیە بەشی سەرەوەی ماڵپەڕەکە بە تەواوی پڕ کراوە لە ڕێکلام کە هەموو مەبەستی هەبوونی ماڵپەڕەکەی تێکداوە، ماڵپەڕێک کە سوودی بۆ بەکارهێنەر نەبێت بە هەمان شێوە بێسوود دەبێت بۆ گووگڵ و پێیان وایە کە ئەو ماڵپەڕە سەرچاوەیەکی بەسوود نابێت کە بەکارهێنەری بۆ بنێرن، بە هەمان هۆکار گووگڵ ئەو جۆرە ماڵپەڕانە لە ئەنجامەکانی گەڕاندا لاوازتر پیشان دەدات.

١٢، بە درووستی سوود لە تاگە ئاساییەکانی HTML ببە، بۆ نموونە پێویستە کە سەردێڕی بابەت لە نێو تاگی h1 بنووسرێت (وێنەی ژمارە ١ لە سەرەوە). بە مەبەستی ئەوەی بۆ گووگڵ ڕوون بێت کە ئەو دەقە سەردێڕی بابەتەکەیە و گرینگە. سوودێکی دیکە ئەوەیە کە زۆرێک لە ئامێرەکان بەتایبەت مۆبایل و تابلێت بەکاری دەبەن لە کاتی پیشاندانی ناوەڕۆک لە دۆخی خوێندنەوە Reader View کە لە زۆرینەی وێبگەڕەکاندا هەیە. وێنەی خوارەوە نموونەیەکی ئەو دۆخەیە لە وێبگەڕی Safari لە سیستەمی iOS.

 نموونەی Reader View لە سیستەمی iOS
وێنەی ژمارە ٢، Reader View لە iOS

١٣، بۆ ئەوەی Reader View بە درووستی کار بکات گرینگە کە بە هەمان شێوەی تاگی h1 تاگی درووست بۆ پێکهاتەکانی دیکەی پەڕە بەکار ببرێت، تاگەکانی دیکەی وەک article, p, figure, footer و هتد… ئەو شێوازە تەواوتر دەکەن.

١٤، ئەگەر وێنەت لە نێو ناوەڕۆک بەکار برد، بەبێ تایبەتمەندیی Alt بەکاری مەبە. ئەم خاڵە یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانە کە بە شێوەیەکی زەق سوودی بۆ هەردوو گەڕۆک و بەکارهێنەری ئاسایی هەیە. تایبەتمەندیی Alt ئەو تایبەتمەندییەیە کە نووسراوەیەک یان پێناسێکی وێنەیەک پیشان دەدات ئەگەر وێبگەڕ لە بەر هەر هۆکارێک نەیتوانی وێنەکانی نێو ناوەڕۆک پیشان بدات. جگە لە تایبەتمەندیی Alt تایبەتمەندیی Title هەیە کە دەکرێت هەروەها بەکار ببرێت بۆ باشتر (بە نووسراوەی زۆرتر) پێناس کردنی وێنەکان.

<img src="https://www.webchin.org/css-js/logo.png" alt="لۆگۆی ماڵپەڕی وێبچن" />

کۆدی سەرەوە بە شێوەیەکی ئاسایی وێنەیەکی لۆگۆی ماڵپەڕی وێبچن پیشان دەدات، بەڵام کەسانی نابینا ناتوانن ئەو وێنەیە ببینن، هەروەها گووگڵ مرۆڤێکی ئاسایی نییە کە بتوانێت چاو لە وێنەکە بکات بۆ ئەوەی لێکی بداتەوە کە وێنەی چییە. بۆ چارەسەرکردن تایبەتمەندیی alt بەکار دەبەین (کورتکراوەی  Alternate Text ـە، واتە دەقی جێگر).

دەتوانن لە تایبەتمەندیی alt دا ئاماژە بە ئەوە بدەین کە ئەو وێنەیە چ وێنەیەکە و چ مەبەستێک دەپێکێت، پێناسەکە کورت بێت و لە خوارەوەی ٥٠ پیت بێت.

کاتێک کەسێکی نابینا یان گەڕۆکی وێب ئەو کاتە ناوەڕۆکەکەت بکەنەوە دەبینن کە وێنەیەکی لە خۆ گرتووە، کە پێناسی لۆگۆی ماڵپەڕی وێبچن دەکات و هەروەها بەستەرێکی هەیە. گووگڵ لە ئەو کاتەدا دەتوانێت بە درووستی Index ی بکات و کەسێک لە گووگڵ دا بەدوای لۆگۆی وێبچن دا بگەڕێت لەوانەیە ئەو وێنەیە ببینێت.

١٥، هەر پەڕەیەکی ماڵپەڕ پێویستە سەردێڕی تایبەت بە خۆی هەبێت کە بە تاگی ئاسایی title پێناس دەکرێت. هەبوونی سەردێڕی درووست و تایبەت بۆ هەر پەڕەیەک گرینگی زۆری هەیە و کاریگەریی زۆری دەبێت لە ئەوەی کە چەندە بەکارهێنەر کرتە لە بەستەرەکانی ماڵپەڕەکەت دەکەن لە گەڕۆکەوە.

هەڵەیەک کە لە زۆر ماڵپەڕی کوردیدا بەدی دەکرێت ئەوەیە کە پەڕەکانی ماڵپەڕ/بابەتەکان هەموویان تەنیا ناوی ماڵپەڕیان لە خۆ گرتووە لە باتی ئەوەی سەردێڕی بابەتەکە پیشان بدەن. لە ئەنجامدا لە گووگڵ دا بە درووستی دەرناکەون و بەکارهێنەران متمانە نابەخشن بە بەستەرەکان و کرتەیان لێناکەن.

 چۆنیەتی دەرکەوتنی ئەنجامەکانی گەڕان لە گووگڵ
وێنەی ژمارە ٣، نموونەیەکی چۆنیەتی دەرکەوتنی زانیارییەکانی ماڵپەڕ لە گووگڵ

چوونکە گرینگە کە بەستەرەکان لە کاتی دەرکەوتنیان لە گووگڵ ئەوە بە ڕوونی پیشان بدەن کە ئەو پەڕەیەی بەستەری بۆ کراوە چ لە خۆ دەگرێت، بە چ زمانێک نووسراوە، ئەگەر زانیاری دیکەی گرینگ هەبوو هەر لە ئەو کاتەدا دەربکەوێت بۆ ئەوەی بەکارهێنەر دواتر بە بێزارییەوە ماڵپەڕەکە بەجێ نەهێڵێت.


١٦، سادەیی پەڕەیەک ئەوە دەگەیەنێت کە لەوانەیە خێرا بکرێتەوە، گووگڵ گرینگی زۆر دەدات بە ئەو ماڵپەڕانەی کە بەستەرەکانیان خێرا دەکرێنەوە و خێرا Render دەکرێن. خێرابوونی ماڵپەڕێکیش تەنیا پەیوەست نییە بە کەم بەکاربردنی وێنە، شێوازی دیکەی جووڵاویی لە نێو پەڕەکان، بەڵکوو هەندێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕاژەکارەی ماڵپەڕی لێ هۆست کراوە.

لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە یەکەم لە کاتی هەڵبژاردنی هۆست بۆ ماڵپەڕ گرینگی بدە بە ئەوەی کە هۆستێک هەڵبژێریت پەیوەستی خێرای بە نێتەوە هەبێت، بە شێوەیەکی گشتیی زۆرینەی هۆستە بەناوبانگەکانی ئەمڕۆ کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە لە ئەو بوارەوە.

دەتوانیت ئامرازی تاقیکردنەوەی خێرایی کردنەوەی ماڵپەڕ، لە گووگڵەوە بەکار ببەیت بۆ پێوانەکردنی خێرایی کردنەوەی ماڵپەڕەکەت.
Google PageSpeed پێوانەکردنی خێرایی کردنەوەی ماڵپەڕ

هەروەها بەکاربردنی Library‌ وەک jQuery کەم بکەوە. ئەگەر کارەکەت بەبێ Include کردنی JavaScript‌ جێبەجێ دەبێت، زۆر باشتر. تا دەکرێت پەڕگەی JavaScript‌ کەم بەکار ببە.

وێنەکانی نێو ماڵپەڕەکەت بۆ وێب ڕێک بخە، وێنەکانی وێب پێویستیان بە ئەو قەبارە گەورەیە نییە کە لە سەر کۆمپیوتەری ئاسایی هەیانە، کە لە ئەنجام دا کاریگەریی زۆریان دەبێتە سەر قەبارەی گشتیی وێنەکان و هەروەها خێرابوونەوەی پەڕەکانی ماڵپەڕێک. لە دوو بەستەری خوارەوە زانیاری زۆرتر هەیە سەبارەت بە پرۆسەی باشتر ئامادەکردنی وێنە بۆ وێب و هەروەها خێراتر کردنی پەڕەکان.

خێراکردنی ماڵپەڕی خاو، دۆزینەوەی کێشە و چارەسەرکردنیان (بەشی یەکەم)
خێراکردنی ماڵپەڕی خاو، دۆزینەوەی کێشە و چارەسەرکردنیان (بەشی دووەم، کۆتایی)

١٧، لە سەرەتای پرۆسەی داڕشتنەوە تا کۆتایی بیر لە ئەوە بکەوە کە ماڵپەڕەکە پێویستە لەسەر هەموو جۆرە ئامێرەکان بە پێی پێویست کار بکات، گووگڵ پێی باشە ماڵپەڕەکان هەموو کات وەشانی تایبەت بە مۆبایل ـیان هەبێت. ئەو ماڵپەڕانەی کە هەیانە گرینگی باشتریان پێدەدرێت لەلایەن گووگڵ و هەروەها ئامرازی پێویست هەیە لە Google Webmaster Tools بۆ تاقیکردنەوەی وەشانی مۆبایلی ماڵپەڕ.

کاتێک دەڵێین وەشانی مۆبایل لە ئەمڕۆدا، چیتر مەبەست لە ئەو وەشانە سادەیە نییە کە ساڵانی پێشوو باو بوو چوونکە هێڵەکانی ڕایەڵەی مۆبایل خاو بوون. ئەمڕۆ بە هۆکاری هەبوونی 3G & 4G، وەشانێکی تایبەت بە مۆبایل دەکرێت بە هەمان شێوەی شێوازی ئاسایی Desktop ناوەڕۆکی هەبێت و پێکهاتەی پەڕەیی هەبێت. گرینگ ئەوەیە بە شێوەی درووست و ئاسان بۆ بەکارهێنەر دەربکەوێت.

١٨، نەخشەی ماڵپەڕ بە فۆرماتی XML درووست بکە کە بە شێوەیەکی بەردەوام نوێ بێتەوە لەگەڵ نوێ بوونەوەی ماڵپەڕ. دواتر لە Google Webmaster Tools دا نەخشەی ماڵپەڕی نوێ بنێرە بۆ گووگڵ و ئاگاداریان بکەوە کە ناوەڕۆکی نوێ لە ماڵپەڕەکەت بڵاو کراوەتەوە. ناردنی نەخشەی ماڵپەڕ بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆکاری زووتر Index کردنی ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەت لە لایەن گووگڵەوە.


دەتوانرێت بە هاوکاری زمانە بزۆکەکانی وێب وەک PHP، نەخشەی ماڵپەڕی بزۆک دابڕێژدرێت کە بە شێوەی خۆکارانە خۆی نوێ بکاتەوە و هەموو کات هاوتای ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەت بێت. گووگڵ ڕاژەیەکی Ping ی هەیە کە پاش جاری یەکەم پێویست ناکات هەموو جارێک سەردانی Google Webmaster Tools بکەیت بۆ ناردنی نەخشەی ماڵپەڕی نوێ. بە بەکاربردنی Ping ی دەتوانرێت هەموو پرۆسەی درووستکردن و ناردنی نەخشەی ماڵپەڕ خۆکارانە بکرێتەوە بە شێوەیەک کە بۆ نموونە هەموو ڕۆژێک یەکجار گووگڵ لە نوێکارییەکانی ماڵپەڕەکەت ئاگادار بکەیتەوە.


١٩، ئەگەر ماڵپەڕەکەت تایبەتە بە کۆمپانیایەک یان پێکهاتەیەک کە پەیوەستە بە شوێنێکی دیاریکراوی وەک شار، گرینگە لە شوێنە گرینگەکانی ماڵپەڕدا ئاماژە بە شوێن و ناونیشانی کۆمپانیا بنووسیت. بۆ نموونە "هوتێلی فڵان لە شاری سلێمانی" یان "نانەوای فڵان لە شاری هەولێر".

لە HTML5 تاگێکی نوێ بۆ باشتر پێناسکردنی ناونیشان هەیە کە بەکاردەبرێت بۆ لە خۆگرتنی ناونیشان، ژمارەی تەلەفۆن یان زانیاریی دیکەی پەیوەندیدار بە ناونیشان و چۆنیەتی دۆزینەوەی کۆمپانیای پەیوەندیدار.

نموونەی تاگی address،

<address>
ئیمەیلی کۆمپانیا <a href="mailto:email@email.com">ناوی کۆمپانیا</a><br /> 
<strong>ناونیشان</strong>
شەقامی پێشەوا<br />
سلێمانی
</address>

٢٠، بە دەقی درووست بەستەر پێناس بکە، وشەی کرتە لە ئێرە بکە کە بە ئینگلیزی بە Click Here‌ بەناوبانگە بەکار مەبە یان زۆر کەم بەکار ببە.
نموونە:
کرتە لە ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتی تایبەت بە SEO.   ئەم شێواز بەستەر کردنە کارێکی باش نییە، چوونکە ئەو بەستەرەی کە درووست کراوە بە ٣ وشەی بێمانا پێناس کراوە و لە بواری SEO دا هیچ سوودێکی ئەوتۆی نییە و گووگڵ ڕێزی لێناگرێت. نموونەی خوارەوە درووست ترە.

لە بابەتی SEO بۆ وێبداڕێژان دەتوانن زانیاری پێویست بخوێننەوە سەبارەت بە SEO.  ئەم نموونەیە زۆر باشترە، چوونکە بەستەرەکە ٣ وشەی گرینگی لە خۆ گرتووە، بابەت، SEO و وێبداڕێژان کە هەر ٣ وشەکەش لە بابەتەکە دا هەن و گووگڵ ئاگادار دەکەنەوە کە ئەو بەستەرە پەیوەندی بە ئەو وشانەوە هەیە. ئەو کاتە گووگڵ ـیش گرینگی پێدەدات و ئەگەر کەسێک بەدوای یەکێک لە ئەو وشانە بگەڕێت لە گووگڵ، بابەتەکە شانسی باشتری دەبێت لە دەرکەوتن.

٢١، بەستەرەکان ڕوون بن بۆ کرتە کردن. بەستەر لە وێب هەر لە سەرەتاوە بە ڕەنگی شین کە هێڵێکی لە ژێرە بەناوبانگی گەبووە و تا ئەمڕۆش وەک شێوەیەکی ستاندارد هەمان دیزاین بەکار دەبرێت. بە تایبەت بەستەرە نێوخۆییەکانی نێو پەڕەکان/بابەتەکان پێویستە کە هێڵیان لە ژێر بێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە دەقی ئاسایی زەقتر دەربکەون و بەکارهێنەر بەبێ بیرکردنەوە بزانێت کە شوێنێکە دەتوانێت کرتەی لێبکات.

٢٢، هەڵەکانی ماڵپەڕ کەم بکەوە، ماڵپەڕێکی بێ هەڵە لە ڕوانگەی گووگڵەوە گرینگی پێویستی پێدەدرێت و لەوانەیە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە ئەنجامەکانی گەڕان دا ڕیزبەندی باش بەدەست بهێنێت. ئەگەر پەڕەیەک لە ماڵپەڕەکەت سڕاوەتەوە، بە‌ هەڵەی ژمارە ٤٠٤ بە ڕوونی و بە شێوەیەکی تێگەشتوانە بەکارهێنەرانی ماڵپەڕەکەت ئاگادار بکەوە کە پەڕەکە سڕاوەتەوە. یان ئەگەر بەستەرێک گۆڕدراوە، هەموو کات Redirect درووست بکە بۆ بەستەرە نوێکە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران ڕوونەکە بەستەری هەڵە.

ئەم بابەتە بە پێی پێویست نوێ دەکرێتەوە و ژمارەی وەشان لەسەرەوە لەگەڵ هەر نوێکارییەکی گەورە نوێ دەکرێتەوە.

زۆرتر لە کوێ هەیە؟
ئامرازی Google PageSpeed زۆر بەسوودە بۆ ئاسانکردنەوەی پرۆسەی خێراکردنی ماڵپەڕێک، کۆمەڵێک پێشنیاری زۆر بەسوودی لە خۆ گرتووە کە بە شێوەیەکی گشتیی ئاستی ماڵپەڕ باشتر دەکات.
Google PageSpeed

ئایا لە گووگڵ هەیت؟ دەستپێکی زانیارییە پەیوەندیدارەکانی گووگڵ لە پەیوەندی لەگەڵ Google Webmaster Tools.
Are You On Google?

دواترین نوێکردنەوە: ٢٠١٥/٤/٢٠

بۆچوون نووسین ناچالاك كراوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌