ژ.ب ١٨٠٤

درووستکردنی Sitemap و ناردنی بۆ Google و Bing بە شێوەیەکی خۆکارانە


سوودێکی زمانی بزۆکی وەک PHP ئەوەیە کە دەتوانین بەکاری ببەین بۆ خۆکار کردنەوەی پرۆسە، بۆ ئەوەی پێویست نەکات خۆمان هەموو کات بە دەستکردی کارێکی دیاریکراو هەموو کات دووبارە جێبەجێ بکەینەوە.

لە ئەم بابەتەدا لەسەر هەمان بیرۆکە و بە هاوکاری PHP بە چەند دێڕێک کۆد چۆنیەتی درووستکردنی نەخشەیەکی ماڵپەڕ بە شێوازی XML ڕوون دەکەمەوە، دواتر ناردنی ئەو نەخشەی ماڵپەڕە بۆ گووگڵ بۆ ئەوەی هەموو کات ئاگاداربن لە نوێکارییەکانی ماڵپەڕەکەمان. ئەو پرۆسەیە لە ئەنجامدا دەتوانێت هاوکاری زۆری ماڵپەڕەکەت بکات کە ناوەڕۆکەکەی خێراتر Index بکرێت لە لایەن گووگڵ ـەوە.

لە ئەم نموونەدا دادەنێین کە ماڵپەڕێکی هەواڵیمان هەیە و ڕۆژانە نوێ دەکرێتەوە بە هەواڵی نوێ. هەموو ڕۆژێک ٤٠ تا ٥٠ هەواڵی نوێ بڵاو دەکرێتەوە. دەمانەوێت ئەو Sitemap ـەی کە درووستی دەکەین، هەموو کات ٢٠٠ هەواڵ پیشان بدات، چوونکە گووگڵ لەوانەیە لە هەمان ڕۆژدا بەستەرەکان Index نەکات و هەبوونی بەستەری چەند ڕۆژی پێشووش زیانی نابێت.

کۆدەکانی خوارەوە کۆدی سادە و ستانداردی PHP ـن، دەتوانیت لەگەڵ کۆدی ئامادە یان خۆت نووسراو بەکاری ببەیت و بە سەربەخۆیی کار دەکات.

لە هەنگاوی یەکەمدا پەیوەندییەک درووست دەکەین لەگەڵ بنکەی دراوە، کۆدەکانی خوارەوە ئەو کارە جێبەجێ دەکەن. لە پەڕگەیەک بە ناوی connect.php پاشەکەوتیان بکە.

<?php
$hostname = "localhost";
$database = "test_database";
$username = "test_user";
$password = "test_password";
$con = mysql_connect($hostname, $username, $password); 
mysql_select_db($database, $con);
mysql_query("SET NAMES 'UTF8'");
?>

لە هەنگاوی داهاتوودا پەڕگەیەکی نوێ بە ناوی sitemap.php درووست دەکەین، لە سەرەوەی پەڕەکە ناوەڕۆکەکەی بە UTF-8 پێناس دەکەین بۆ ئەوەی نووسراوەکانمان بە درووستی Parse بکرێن.

header("Content-Type: text/xml;charset=utf-8");

پاشان، کۆدەکانی خوارەوە هەنگاوی هێنانی هەواڵەکانمان جێبەجێ دەکەن.

echo '<?xml version="1.0" encoding="UTF-8"?>
<urlset xmlns="http://www.sitemaps.org/schemas/sitemap/0.9"
xmlns:xsi="http://www.w3.org/2001/XMLSchema-instance"
xsi:schemaLocation="http://www.sitemaps.org/schemas/sitemap/0.9
http://www.sitemaps.org/schemas/sitemap/0.9/sitemap.xsd">';

$query_articles = "SELECT id, title, published FROM articles ORDER BY id DESC LIMIT 200";
$query = @mysql_query($query_articles);

while($row = @mysql_fetch_array($query)){

    $date = $row['published'];
    $title = htmlspecialchars($row['title']);
    $url = 'http://www.domain.com/article/'.$row['id'];
    $date = date_create($date);
    $date = date_format($date,"Y-m-d");
    
    echo '<url><loc>'.$url.'</loc><lastmod>'.$date.'</lastmod><changefreq>daily</changefreq></url>';

}
echo '</urlset>';

کۆدەکانی سەرەوە ئەو کارانە جێبەجێ دەکەن،

  • هێنانی ژمارەی هەواڵ، سەردێڕی هەواڵ و ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ٢٠٠ نوێترین هەواڵ کە بڵاو کراونەتەوە.


  • ڕێکخستنی ڕێکەوتی هەواڵەکان بە شێوەیەکی سادە و لەسەر شێوازی 24-04-2015.


  • لە Variable ی url دا بەستەری تایبەت بە هەر هەواڵێک درووست دەبێت کە لەسەر شێوازی خوارەوەیە،

http://www.domain.com/article/1

لە بەستەری سەرەوە ژمارەی بابەت کە لە کۆتایی بەستەرەکەوەیە Unique دەبێت بۆ هەر هەواڵێک. ئەگەر شێوازی بەستەری ماڵپەڕەکەت وەک نموونەی سەرەوە نییە، دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت دەستکاری ئەو دێڕە بکەیت و درووستی بکەیتەوە.

ئەگەر کۆدەکان لەگەڵ یەکتر کۆ بکەینەوە لە ئەنجامدا پەڕگەی sitemap.php هەموو کۆدەکانی خوارەوە لە خۆ دەگرێت.

<?php
include("connect.php");

header("Content-Type: text/xml;charset=utf-8");

echo '<?xml version="1.0" encoding="UTF-8"?>
<urlset xmlns="http://www.sitemaps.org/schemas/sitemap/0.9"
xmlns:xsi="http://www.w3.org/2001/XMLSchema-instance"
xsi:schemaLocation="http://www.sitemaps.org/schemas/sitemap/0.9
http://www.sitemaps.org/schemas/sitemap/0.9/sitemap.xsd">';

$query_articles = "SELECT id, title, published FROM articles ORDER BY id DESC LIMIT 200";
$query = @mysql_query($query_articles);

while($row = @mysql_fetch_array($query)){

    $date = $row['published'];
    $title = htmlspecialchars($row['title']);
    $url = 'http://www.domain.com/article/'.$row["id"];
    $date = date_create($date);
    $date = date_format($date,"Y-m-d");
    
    echo '<url><loc>'.$url.'</loc><lastmod>'.$date.'</lastmod><changefreq>daily</changefreq></url>';

}
echo '</urlset>';
?>

بە ئەو شێوە Sitemap Generator ی ماڵپەڕەکەمان ئامادەیە و دەتوانین بینێرین بۆ گووگڵ.

شێوازی ئاسایی ناردن ئەوەیە هەژمارێک لە Google Webmaster Tools دا درووست بکەین و لە بەشی Sitemap دا بینێرین وەک لە بابەتی درووستکردن و ناردنی Sitemap بۆ Google Webmaster Tools پێشتر لە وێبچن بڵاوکراوەتەوە. زۆر گرینگە لە هەموو کاتێکدا کە هەژمارت لە Google Webmaster Tools دا هەبێت و ماڵپەڕەکەت Verify کردبێت بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو لایەنەکانی ماڵپەڕەکەت بیت لە گووگڵ. ئەگەر ماڵپەڕەکەت هەر کێشەیەکی هەبێت گووگڵ لە Google Webmaster Tools ئاگادارت دەکاتەوە.

پەڕگەیەکی نوێ درووست بکە بە ناوی ping.php و کۆدەکانی خوارەوەی لە نێو دابنێ.

<?php
$ping_google = file_get_contents('http://www.google.com/webmasters/sitemaps/ping?sitemap=http://www.domain.com/sitemap.php');
echo $ping_google;
?>

ئێمە دەمانەوێت بە شێوەیەکی خۆکارانە ئەو Sitemap ـە بنێرین بۆ گووگڵ. نموونەی خوارەوە لەسەر سیستەمی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ و دۆمەین cPanel نووسراوە بە هۆکاری ئەوەی زۆرینەی هۆستەکان ئەو سیستەمە بەکار دەبەن. بەڵام دەتوانێت لە هەموو سیستەمەکانی دیکەدا بە شێوازی جیاواز هەمان کار جێبەجێ بکرێت.

لە cPanel بەشێک هەیە بە ناوی Cron Jobs، لە ئەو بەشەدا کارەکان خۆکار دەکرێن.

 هەڵبژاردنەکانی تایبەت بە Cron Job لە cPanel

لە بەشی Cron Jobs دا وەک لە وێنەی سەرەوە ڕوونە دەتوانین کارێکی نوێ تۆمار بکەین کە ماڵپەڕەکەمان خۆکارانە جێبەجێی بکات. لە نوێترین وەشانی cPanel دا لە ژێر Command Settings دا دەتوانین Once Per Day هەڵبژێرین کە خۆکارانە بەشەکانی دکە پڕ دەکاتەوە. ئەوکات هەموو ڕۆژێک لە نیوەی شەودا کاتژمێر ١٢ ئەو کارە جێبەجێ دەبێت و گووگڵ لە هەواڵە نوێکان ئاگادار دەکرێتەوە.

لە کۆتاییدا مەرجە لە خانەی Command دا ئاماژە بە ڕێ و شوێنی پەڕگەی ping.php بدەین. ڕێ و شوێن تایبەتە بە هۆست و جیاوازە لە هۆستێکەوە بۆ هۆستێکی دیکە، ئەگەر نازانیت هی ماڵپەڕەکەت چییە و چۆنە، پەیوەندی لەگەڵ دابینکەری هۆست بگرە.

لە کۆتاییدا کرتە لە Add New Cron Job بکە و پاشەکەوتی بکە.

بە ئەو فرمانە، ماڵپەڕەکەمان هەموو ڕۆژێک لە کاتی دیاریکراودا گووگڵ ئاگادار دەکاتەوە و پێویستی بە دەستکاری ئێمە نییە.

بۆ ناردنی نەخشەی ماڵپەڕەکەت بۆ Bing بە هەمان شێوازی Google، دەتوانیت بەستەری خوارەوە بەکار ببەیت لە شوێنی بەستەرەکەی گووگڵ لە نێو ping.php،

http://www.bing.com/webmaster/ping.aspx?siteMap=
تكایه‌ هه‌ژمارێك درووست بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بۆچوون بنووسیت، كرته‌ له‌ ئێره‌ بكه‌ بۆ درووستكردنی هه‌ژمار
ئاسۆ نادری2015-11-22

هەموو کات وەک ڕەوشتی باش، درووست وایە بۆ هەر پرۆگرامۆکەیەک داتابەیزی جیاواز درووست بکەیت و یوزەری جیاوازیان هەبێت.

Ranja Hseen2015-11-21

لةكاتي ئةنجامداندا، داتابةيسي نوي ي بؤ دروست بكةم؟