ژ.ب ٢٦٦٠

١٠ پرۆگرام/پێوەکراوی بەسوود کە پێویستە لە نێو هەموو کۆمپیوتەرێک هەبن


ئەم بابەتە ١٠ پرۆگرام/پێوەکراوی تایبەت لە خۆ دەگرێت کە لەوانەیە هەندێکیان بۆ هەموو بەکارهێنەرێک پێویست نەبێت، بەڵام پێم وایە وەک بەکارهێنەرێکی وێبچن دەتگرێتەوە کە هەموویانت هەبێت.

بە هۆکاری ئەوەی کۆمپیوتەرەکانمان بۆ زۆر مەبەستی جیاواز بەکار دەبەین، گرینگە بە شێوەیەک ڕێکی بخەین کە بە باشترین و کارامەترین شێواز کارەکانمان جێبەجێ بکات. بۆ نموونە من بۆ خۆم کە کاری کۆد نووسین و داڕشتنی ماڵپەڕ وەک کاری ڕۆژانەم جێبەجێ دەکەم، کارەکانم بە ئاسانی جێبەجێ نابن ئەگەر هەندێک لە ئەو ئامرازانەم نەبێت کە لە لیستەی خوارەوە هەن.


١، پرۆگرام/پێوەکراوی Pushbullet
ئەگەر تەلەفۆنی ئەندرۆیدت هەیە، Pushbullet پێویستە هەبێت. کاری ئەوەیە کە گواستنەوەی پەڕگە لە کۆمپیوتەرەکەتەوە بۆ مۆبایلەکەت ئاسانتر بکاتەوە، هەروەها Notification ی مۆبایلەکەت لەسەر کۆمپیوتەرەکەت پیشان دەدات. زۆر جارێک هەیە تەلەفۆنەکەمان لە تەنیشتمان نییە و نامانەوێت کۆمپیوتەرەکەمان بەجێ بهێڵین تەنیا بۆ خوێندنەوەی Notification ـێک. Pushbullet چارەسەری دەکات.

ناردنی پەڕگە لە کۆمپیوتەرەکەتەوە بۆ تەلەفۆنەکەت ئاسانتر نابێت، هەر پەڕگەیەکت هەیە بە یەک کرتە و بە بێ کێبێل یان ناردنی بە ئیمەیل دەتوانیت بینێریت بۆ تەلەفۆنەکەت.

نموونەی Pushbullet لە کاتی ناردنی پەڕگە لە کۆمپیوتەر بۆ مۆبایل

تایبەتمەندییەکی دیکە کە تەنیا بۆ ئەندرۆید هەیە ئێستا، توانای نووسین و وەڵامدانەوەی SMS ـە ڕاستەوخۆ لە کۆمپیوتەرەکەتەوە. نووسینی SMS خۆشتر نابێت لەوەی بە تەختەکلیلێکی ئاسایی بنووسرێت.

وێنەی پەنجەرەی ناردنی سمس لە کۆمپیوتەرەوە

پرۆگرامی ناوبراو بۆ هەردوو ویندۆز و ماک هەیە، هەروەها بۆ ئەندرۆید و iOS. تایبەتمەندیی ناردنی SMS تەنیا لە ئەندرۆید هەیە.
بەستەر: داگرتنی Pushbullet, نرخ: خۆڕا


٢، پرۆگرامی ShareX
وێنەکانی سەرەوەی تایبەت بە Pushbullet بە پرۆگرامی ShareX گیراون، دیارە زۆرینەی سیستەمەکان بۆ خۆیان توانای گرتنی وێنەی ڕوومێزی کۆمپیوتەریان هەیە، بەڵام زۆربەی کات پێویست بە پرۆگرامێکی دیکە دەکات بۆ دەستکاریکردن و پاشەکەوت کردنیان. ShareX هەموو ئەو ئامرازانەی لە خۆ گرتووە کە پێویستن بۆ گرتن، دەستکاریکردن، پاشەکەوتکردن، بارکردنی وێنەکان.

وێنەی پەنجەی سەرەکی ShareX

دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە ڕاژەکانی وەک Google Drive, Dropbox و هتد… بۆ ئەوەی وێنەکانت ڕاستەوخۆ Backup بن. کۆمەڵێک هەڵبژاردن و ڕێکخستنی زۆری هەیە کە تایبەتکردنی پرۆگرامەکە ئاسان دەکاتەوە. لە هەمووی گرینگتر، خۆڕاییە.
بەستەر: داگرتنی پرۆگرامی ShareX


٣، پرۆگرامی FileZilla FTP Client
هەموومان کە کار لە بواری داڕشتنی ماڵپەڕ دەکەین پێویستمان دەبێت کۆدەکانمان و پەڕگەکانمان بار بکەین بۆ نێو ماڵپەڕەکەمان. زۆربەی سیستەمەکانی وەک cPanel و Plesk بۆ خۆیان ئامرازی سادەیان هەیە بۆ بارکردن و داگرتنی پەڕگە لە/بۆ ڕاژەکار یان بە پێچەوانەوە.

بەڵام هەبوونی پرۆگرامێکی تایبەتی FTP کە خۆڕا بێت و هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێت کە وێبداڕێژێک/بەکارهێنەرێک پێویستی پێی هەبێت، هیچ زیانێکی نییە. FileZilla FTP Client بە یەکێک لە باشترین پرۆگرامەکان دادەنرێت لە بوارەکەیدا.
بۆ سیستەمەکانی ویندۆز، ماک و لینوکس هەیە.
بەستەر: داگرتنی FileZilla FTP Client


٤، وێبگەڕی Google Chrome
یەکەم هەنگاوم لەسەر هەموو کۆمپیوتەرێکی نوێ ئەوەیە کە وێبگەڕی Google Chrome دادەمەزرێنم. پێم وایە هەموومان ئەو وێبگەڕە دەناسین کە ئەمڕۆ بەناوبانگترین وێبگەڕە لە جیهاندا و زۆرترین بەکارهێنەری هەیە.

هۆکارەکانی بەکارهێنانی Google Chrome زۆرن، خێرایی، خاوێنی، هەبوونی پێوەکراوی زۆر باش بۆ باشترکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێت. ئەگەر هەژماری گووگڵت هەبێت دەتوانیت Tab ـەکانت لە نێوان کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی دیکەت Share بکەیت و لەسەر هەر ئامێرێک بیت دەستت دەگاتە زانیارییەکانت لە Google Chrome.

خاڵێکی دیکەی گرینگ، گووگڵ هەموو ڕێکخستن، پێوەکراو، ماڵپەڕەکانی Bookmarks،  وشەی نهێنی و هتد...ـت بۆ پاشەکەوت دەکات، ئەگەر کۆمپیوتەرت گۆڕی یان پێویستی کرد دووبارە Chrome دابمەزرێنیتەوە، تەنیا بە هەژمارەکەت لە گووگڵ بچۆ ژوورەوە و Google Chrome هەموو زانیارییەکانت بۆ دەگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی.
نرخ: خۆڕا
بەستەر: داگرتنی Google Chrome


٥، پێوەکراوی Adguard Adblocker
وێبگەڕی Google Chrome یان وێبگەڕە مۆدێڕنەکانی دیکە، بە پێوەکراوەکانیانەوە کارامەترن. هەبوونی ڕێکلام لەسەر وێب پێویستە بۆ ماڵپەڕەکان، بەڵام لەوانەیە نەمانەوێت هەموو ماڵپەڕێک کە سەردانی دەکەین ڕێکلاممان پیشان بدات. Adguard Adblocker ڕێکلام لەسەر وێب ناهێڵێت. هەروەها ڕێکلامەکانی یوتیوب ڕادەگرێت کە دەبێتە هۆکاری خێراتر بوونەوەی ڤیدیۆکانیش لە هەمان کاتدا.

دیارە پێوەکراوی دیکەی هاوشێوە وەک Adblocker Plus, uBlock و AdBlock هەن، پاش بەکارهێنانی هەموویان و لەسەر ئەزموونی خۆم Adguard Adblocker لە هەموویان خێراترە و هەروەها Memory کەمتر بەکار دەبات.
هەمان پێوەکراو بۆ وێبگەڕی FireFox هەیە.
بەستەر: داگرتنی پێوەکراوی Adguard Adblocker بۆ وێبگەڕی Google Chrome


٦، پێوەکراوی Ghostery
کاری ئەم پێوەکراوە زۆر جیاوازیی نییە لەگەڵ پێوەکراوی سەرەوە، بەڵام ئەو جیاوازییەی کە هەیانە گرینگە. Ghostery جگە لە هەندێک ڕێکلام زۆرتر تایبەتە بە ڕێگرتن لە ماڵپەڕ و ڕاژە گەورەکان کە زانیارییت لەسەر کۆ دەکەنەوە. بۆ نموونە هەر ماڵپەڕێک کە دووگمەی Like ی فەیسبووکی تێدا بێت بەدوور لەوەی لە ژوورەوەیت یان نە، زانیارییت لەسەر کۆدەکاتەوە (فەیسبووک کۆی دەکاتەوە). Ghostery تایبەتە بۆ ڕێگرتن لە ئەو جۆرە چالاکیانە، Privacy ـت دەپارێزێت.

پێوەکراوی Ghostery بۆ وێبگەڕی FireFox و وێبگەڕەکانی دیکەش هەیە. هەروەها وەشانی تایبەت بە مۆبایلیان هەیە بۆ هەردوو Android & iOS.

داگرتنی پێوەکراوی Ghostery بۆ وێبگەڕی Google Chrome


٧، ڕاژەی Lastpass
ڕاژەی Lastpass جگە لە ئەوەی کە پێوەکراو و پرۆگرامیان هەیە بۆ زۆرینەی سیستەمەکان، ڕاژەیەکی تەواوە بۆ پاراستنی زانیاریی گرینگ. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە هەموو وشە نهێنییەکانت بۆ پاشەکەوت دەکات.

بۆ نموونە کە لە ماڵپەڕێک خۆت تۆمار دەکەیت، Lastpass دەتوانێت وشەیەکی نهێنی پتەوت بۆ درووست بکات تایبەت بە ئەو ماڵپەڕە، هەروەها بۆت پاشەکەوت دەکات. دواتر کە لە کۆمپیوتەرێکی دیکەوە یان ئامێرێکی دیکەی وەک ئایفۆن بتەوێت سەردانی هەمان ماڵپەڕ بکەیت Lastpass بۆ خۆی زانیارییەکانت دەزانێت و پڕیان دەکاتەوە.

وێنەیەکی Lastpass بۆ بەڕێوەبردنی وشەی نهێنی

کاتێک Lastpass بەکاربهێنیت چیتر پێویستت بە وەبیرهاتنەوەی وشەی نهێنی ئەم و ئەو ماڵپەڕ نامێنێت. لە باتی ئەو هەموو وشانە، یەک وشەی سەرەکی بۆ Lastpass درووست دەکەیت کە تەنیا پێویستە یەکجار بینووسیت.

بەکارهێنانی Lastpass پێویستە بە تایبەت لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کە زۆرتر زانیاری لەسەر وێب پاشەکەوت دەکەین و کۆمەڵێک ڕاژەی گرینگمان هەیە و دەمانەوێت بیانپارێزین.

بۆ کۆمپیوتەری ئاسایی Lastpass خۆڕاییە، بەڵام ئەگەر بتەوێت دەستت بگاتە زانیارییەکانت لە ئامێرەکانی مۆبایلەوە، خەرجی ساڵانەی ١٢ دۆلارە.
بەستەر: زانیاری زۆرتر و داگرتنی Lastpass بۆ ئامێرەکەت


٨، ڕاژەی Google Drive
بە هۆکاری ئەوەی زۆربەی ڕاژە و پێوەکراوەکانی سەرەوە بە شێوەیەکی زۆر پشت بەستن بە هەژماری گووگڵ، ئەم ڕاژەیەش شتێکی هاوشێوە دەبێت، بەڵام جێگری وەک Dropbox یان Microsoft OneDrive هەمان کار جێبەجێ دەکەن.

هەموو هەژمارێکی گووگڵ خۆکارانە ١٥ گیگابایت شوێنی خۆڕایی دەدات بە بەکارهێنەر لە چوارچێوەی Google Drive ـدا، کە بەکارهێنەر دەتوانێت پەڕگەکانی خۆی لەوێدا پاشەکەوت بکات و شێوازێکی زۆر باشە بۆ Backup کردنی ئەو پەڕگە و زانیارییانەی کە نابێت بفەوتێن لە کاتی فۆرمات دا یان لە کاتی ڕوودانی هەر جۆرە کێشەیەکی دیکە لەگەڵ کۆمپیوتەرەکەت.

سوودی دیکەی Drive ئەوەیە، دەتوانیت لە ئامێرەکانی دیکەی Android و iOS ـەوە پەڕگەکان بکەیتەوە، بە واتایەکی دیکە هەموو کات هەموو زانیارییەکانت لەگەڵت دەبن.

سوودی Google Drive بۆ خوێندکاران و نووسەران بێ نموونەیە، دەتوانن ڕاستەوخۆ لە Google Docs نووسراوەکانیان بنووسن و ڕاستەوخۆ بە بەردەوامیی لە Google Drive پاشەکەوت دەبن. ئەم بابەتەی کە دەیخوێنیتەوە لە سەرەتاوە لەسەر ئەو شێوازە نووسراوە و ئێستا ڕوونووسێکی لە Google Drive ـە.
بەستەر:‌ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە ڕاژەی Google Drive و داگرتنی


٩، ڕاژەیەکی دیکەی گووگڵ Google+ Photos
زۆربەمان ئەمڕۆ مۆبایلەکانمان بەکار دەبەین وەک کامێرا و سەرچاوەی بەشێکی زۆری وێنەکانمانن، بەڵام هیچ شتێک ئەوەندە ناخۆش نییە وەک کاتێک کە تەلەفۆنەکەت چیتر نایەوێت کار بکات، یان لەبەر هەر هۆکارێک نایەوێت هەڵبێت و هەموو وێنە و ڤیدیۆکانتی لە خۆ گرتووە.

گووگڵ ڕاژەی Google+ Photos ی هەیە کە دەتوانێت خۆکارانە هەموو ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە مۆبایلەکەتەوە سەرچاوە دەگرن، پاشەکەوت بکاتە نێو هەژمارەکەت لە گووگڵ، زۆر بە ڕێک و پێکی بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و iOS کار دەکات.

جگە لە پاشەکەوتکردن، دەتوانێت وێنەکانت باشتر بکات، ڤیدیۆکانت بێ کێشەتر بکات. دواتر دەتوانیت لە هەموو ئامێرێکەوە، کۆمپیوتەر، مۆبایل، تابلێت، Chromecast و هتد… وێنە و ڤیدیۆکانت ببینیت.

ئەم ڕاژەیە هیچ کاتێک وێنە ئەسڵییەکانی خۆت ناگۆڕێت، هەموو کات وێنەی بنەڕەتیی بەبێ دەستکاری دەمێنێتەوە. هەروەها تەنیا خۆت وێنە و ڤیدیۆکانت دەبینیت، ئەگەر بتەوێت لەگەڵ کەسی دیکە بیانگۆڕیتەوە، بێگومان زۆر بە ئاسانی دەتوانیت. ئەم ڕاژەیە یەکێک لە ئەو ڕاژانەیە کە بەکارنەبردنی هیچ بیانوویەکی نییە.
بەستەر:‌ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە Google+ Photos


١٠، باشتر پاراستنی هەژمارەکەت لە گووگڵ
ڕاژەکانی سەرەوە گرینگن، زانیاری گرینگی خۆمانیان لێ پاشەکەوت دەکەین، گرینگە کە دڵنیابین پارێزراون. خاڵی کۆتایی تایبەت دەکەم بە زانیاری سەبارەت بە بەستنەوەی هەژمارەکەت لە گووگڵ بە ئامێرێکی دیکەوە بۆ نموونە ژمارەی مۆبایلەکەت یان ئامێرێک کە بتوانیت Google Authenticator ی بۆ دابمەزرێنیت. کە بۆ زۆرینەی سیستەمەکانی مۆبایل هەیە.

کاتێک هەژمارەکەت لە گووگڵ پەیوەست دەکەیت بە مۆبایلێکەوە، گووگڵ لەگەڵ هەر هاتنەژوورەوەیەکدا کورتە پەیامێکت بۆ دەنێرێت کە کۆدێک لە خۆ دەگرێت، تۆیش بە بەکاربردنی ئەو کۆدە دەیسەلمێنیت کە خاوەنی هەژمارەکەیت. واتە ئەگەر کەسێکیش وشەی نهێنی هەژمارەکەت لە گووڵ بزانێت، ناتوانێت بە بێ ئەو کۆدەی کە بۆ تەلەفۆنەکەت دێت، بچێتە ژوورەوە. ئەوە پاراستنێکی زۆر گرینگە و پێویستە هەموو بەکارهێنەرێکی گووگڵ چالاکی بکات.

گووگڵ دەزانێت کە کورتە پەیام هەمووکات ناگات، بۆ ئەو مەبەستەش Google Authenticator هەیە، کە لە باتی ئەوەی گووگڵ هەموو جارێک کۆدێکت بۆ بنێرێت، Authenticator‌ کۆدەکانت بۆ درووست دەکات، پێویست بە ئینتەرنێت نییە و Offline کار دەکات. لە کوردستان کە گەیشتنی کورتە پەیام لەوانەیە کێشەی هەبێت، Google Authenticator زۆر پێویستە.

ئەو تایبەتمەندییەی گووگڵ پێی دەوترێت 2 Step Verification.
بەستەر:‌ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە 2 Step Verification و چۆنیەتی چالاک کردنی

تكایه‌ هه‌ژمارێك درووست بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بۆچوون بنووسیت، كرته‌ له‌ ئێره‌ بكه‌ بۆ درووستكردنی هه‌ژمار
شالاو كؤيي2015-05-13

@ ئاسۆ نادری ،  پێوه‌كراوه‌كانی Ghostery  و  Adguard Adblocker  م دابه‌زاند بوونه‌ هۆی crash بوونی بڕاوسه‌ره‌كه‌م و بڕواسه‌ره‌كه‌م زۆر خاو بوویه‌وه‌ كاتێك یه‌كێكم سڕیه‌وه‌ هه‌ر وابوو كاتێك هه‌ردووكم سڕیه‌وه‌ كێشه‌م نه‌ما...

ئاسۆ نادری2015-05-09

@ شالاو کۆیی، مەبەستت لە کامەیانە؟

شالاو كؤيي2015-05-09

ده‌ستخۆش كاك ئاسۆ به‌سووده‌ به‌ڵام من كاتێك دایانده‌گرم هه‌ست ده‌كه‌م وێبگه‌ره‌كه‌م خاو بۆته‌وه‌ له‌چاو جاران.

شاخەوان2015-05-07

زۆر شتی نوێ و بەسوودی لێوە فێر بووم، زۆر سوپاس.