ژ.ب ١٩٣٤

Apple Touch Icon، داڕشتن و وردەکاریی


لە ساڵی ٢٠٠٧ کاتێک Apple ئایفۆنی ئاشکرا کرد، زۆر شتێک گۆڕدرا لە بواری مۆبایل. ئەو گۆڕانکارییانە زۆر بوارێکی گرتەوە، وێبداڕشتن یەکێک لە ئەو بوارانە بوو کە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەریی کرایە سەر لەگەڵ هاتنی ئایفۆن و دواتر مۆبایلەکانی دیکە.

یەکێک لە ئەو گۆڕانکارییانە بە ناوی Apple Touch Icon بەناوبانگ بوو، کە مەبەست لە ئەو ئایکۆنەیە کە لەسەر ئامێرێکی iOS و ئێستاش Mac OS دەردەکەوێت کاتێک ماڵپەڕێک لە لیستەی ماڵپەڕە دڵخوازەکان (Bookmarks) دادەنرێت یان خێراڕێیەکی بۆ دادەنرێت لەسەر ڕوومێزی یەکەمی مۆبایل (Shortcut On Home Screen). لە خوارەوە بە وێنە زۆرتر ڕوون دەبێتەوە.

نموونەی ئایکۆنی Apple Touch Icon

وێنەی سەرەوە: ئایکۆنی وێبچن، کۆمپانیای Apple، ئایکۆنی سێیەم Safari لە iOS بۆ ئەو ماڵپەڕانە دایدەنێت کە خۆیان ئایکۆنیان دانەڕشتووە، وەک دەبینین ناسینەوەی ئەو ماڵپەڕانە ڕوون نین وەک ئەوانەی کە ئایکۆنی تایبەت بە خۆیان هەیە.


ئەو ئایکۆنە هەرچەند سادەیە، بەڵام گرینگە و لە داڕشتن و بەکابردندا کۆمەڵێک وردەکاریی هەیە کە پێویستە بیریان لێبکرێتەوە.

هەرچەند ئایکۆنەکە ناوی کۆمپانیای Apple ی لەگەڵە، بەڵام هەمان ئایکۆن بۆ ئامێرەکانی سیستەمی ئەندرۆید کار دەکەن. ئەو ئایکۆنە ناوێکی ستانداردی نییە، پێی دەگووترێت Bookmark Icon, Home Screen Icon, Webpage Icon, Website Icon و هتد… بەڵام بە هۆکاری ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بە ناوی Apple Touch Icon دەستی پێکرد، ئەو ناوە ئەمڕۆ وەک ناوی ستانداردی لێهاتووە و ئایکۆنەکە پێویستە بە هەمان ناو پاشەکەوت بکرێت. سیستەمەکانی دیکە هەمان ناو دەناسننەوە و بەکاری دەبەن.

پاش بڵاوبوونەوەی iOS 8 کۆمپانیای Apple قەبارەی ئەو ئایکۆنەی گۆڕیووە، بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ ئامێرەکانی ئێستا و داهاتووی نزیکدا کار بکات. بۆ نموونە بە پێی ڕێنماییەکانی iOS 8 قەبارەی ئەو ئایکۆنە دەبێت ١٨٠ پیکسڵ پان و ١٨٠ پیکسڵ بەرز بێت.  پێشتر بۆ iOS 7 تا ١٥٢ پیکسڵ بوو.

لە پرۆگرامێکی داڕشتنی وێنەی وەک فۆتۆشۆپ ـەوە دەست پێدەکەین.

درووستکردنی پەڕگە لە فۆتۆشۆپ بۆ داڕشتنی ئایکۆنی Apple Touch Icon

دواتر بۆ دڵنیابوون لە ئەوەی لۆگۆی ماڵپەڕەکەمان بە درووستی دەردەکەوێت، لە چواردەوری سنووری وێنەکە ١٥ پیکسڵ بە بەتاڵی دەهێڵینەوە. ئەو سنوورە بۆ ئەوەیە کە هەندێک لە ئامێرەکان کاریگەریی جیاواز لەسەر ئایکۆنەکە دادەنێین و هەندێک کات چەند پیکسڵێک بۆ ئەو مەبەستە دابین دەکرێت و لە ئایکۆنەکە دادەبڕێت.

دەستنیشانکردنی سنوور و چوارچێوەی ئایکۆن

لە هەنگاوی داهاتوودا لۆگۆ یان ئایکۆنی ماڵپەڕەکەمان دهێنینە نێو چوارچێوەکە،

دانانی سیمبۆلی ماڵپەڕ لە نێو پەڕگەی فۆتۆشۆپ

وەک لە وێنەی سەرەوە دەبینین، لە وێبچن لە کاتی داڕشتنی لۆگۆدا بیرمان لە ئەوە کردووەتەوە کە هەموو کات پێویست نەکات هەموو وشەی وێبچن وەک سیمبۆلی وێبچن بەکار ببەین، بەڵکوو بتوانین تەنیا پیتی یەکەم بەکار ببەین. بە شێوەیەک کە پیتەکەش ناسراو بێت بۆ بەکارهێنەران. ئەگەر شتێکی هاوشێوە بۆ لۆگۆکەت جێبەجێ بکەیت زۆر باشتر دەگوونجێت بۆ Apple Touch Icon، ئەگەر هەموو وشە/ناوی ماڵپەڕ بە تەواوی بنووسرێت ئەو کاتە ناخوێندرێتەوە. کۆمپانیاکانی دیکەی وەک Apple, Google بە هەمان شێوە تەنیا سیمبۆل بەکار دەبەن لە باتی نووسینی هەموو ناوەکانیان.

نموونەی دوو ئایکۆنی سادە و کارامە

بیرکردنەوە لە هەبوونی سیمبۆل لە کاتی داڕشتنی لۆگۆ، گرینگە. هەموو لۆگۆ دیزاینەرێکی باش پێویستە بیر لە سیمبۆلێکی هاوبەش بۆ لۆگۆ بکاتەوە کە وەک دەبینین لە بواری تەکنیکیدا گرینگیی خۆی هەیە و هەروەها لە ڕوانگەی باشتر ناساندنی ئەو ناوە.

پاش دانانی سیمبۆل/لۆگۆ لە نێو چوارچێوە، بە فۆرماتی png‌ پاشەکەوتی بکە. بە ناوی touch-icon-iphone.png.

وردەکارییەکەی دیکەی بچووک، ئەگەر ڕەنگی پاشبنەمای لۆگۆ لە سپییەوە بگۆڕیت بۆ F2F2F2 بە شێوەیەکی گشتیی باشتر دەردەکەوێت لە شوێنە جیاوازەکان. بۆ نموونە جگە لە Home Screen  ئەو ئایکۆنە لە لیستی ماڵپەڕە دڵخوازەکان دەردەکەوێت. بۆ نموونە لە ئایپاد،

شێوازی دەرکەوتنی ئایکۆنەکان لە وێبگەڕی Safari لە ئامێری ئایپاد

لە نوێترین وەشانی ئەندرۆید لە وێبگەڕی بنەڕەتیی. Samssung Galaxy S6،

شێوازی دەرکەوتنی ئایکۆنەکان لە وێبگەڕی بنەڕەتیی ئەندرۆید لە ئامێری Samsung Galaxy S6

لە ئامێرە بچووکەکانی iOS، وەک ئایفۆن و ئایپۆد،

شێوازی دەرکەوتنی ئایکۆنەکان لە وێبگەڕی بنەڕەتیی iOS لەسەر ئامێرەکانی وەک ئایفۆن و ئایپۆد

وێنەکانی سەرەوە دیسان گرینگیی هەبوونی سیمبۆلی ناسراوە دەخەنە ڕوو.

لە کۆتاییدا، پاش پاشەکەوتکردنی وێنە بە فۆرماتی png، پێویست دەکات بە دێڕیک کۆد تێکەڵاوی پەڕەکانی ماڵپەڕی بکەین، بۆ ماڵپەڕێک کە Dynamic بێت یان Template بەکار ببات زۆر ئاسانە، دێڕی خوارەوە لە نێو تاگی head دابنێ.

<link rel="apple-touch-icon" href="touch-icon-iphone.png">

واتە،

<!doctype html>
<html lang="ckb" rtl>
<head>
    <meta charset="UTF-8">
    <title>ماڵپەڕ</title>
    <link rel="apple-touch-icon" href="touch-icon-iphone.png">
</head>
<body>
    
</body>
</html>

ئێستا ئەگەر هەر بەستەرێکی ماڵپەڕەکەت لە ئامێرێکی وەک ئایفۆن، ئایپاد، مۆبایلەکانی دیکەی ئەندرۆید و هتد… بخرێتە لیستی دڵخوازەوە، بە شێوەیەکی جوانتر و درووست تر دەردەکەوێت کە وردەکارییەکی پرۆفیشناڵی بە کارەکەت دەبەخشێت، بەڵام لە ئەوەش گرینگتر، ماڵپەڕەکەت لە بواری Usability ـەوە پێش دەخات بۆ بەکارهێنەرانی.

چەند پێشنیارێکی خێرا،

ڕەنگی زۆر لە نێو ئایکۆنەکەت بەکار مەبە، دڵنیابە کە سیمبۆلەکەت لە ٣ تا چوار ڕەنگی سادە زۆرتر لە خۆ ناگرێت. بۆ نموونە ئایکۆنی گووگڵ تەنیا پیتی g ـە بە ڕەنگی سپیی لەسەر پاشبنەمایەکی شینی یەک ڕەنگ.

قەبارەی کۆتایی وێنەکە پێویستە تا دەکرێت کەم بێت، بۆ نموونە قەبارەی وێنەی تایبەت بە ماڵپەڕی وێبچن ٦ کیلۆبایت و نیوە. ماڵپەڕی دیکە هەیە کە قەبارەی سەرەوەی ١٠٠ کیلۆبایتیان هەیە. کارێکی باش نییە و کاریگەریی دەبێتە سەر خێرایی کردنەوەی پەڕەی ماڵپەڕ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.

ئایکۆنەکەت لە شێوازی ئایکۆنی دیکە درووست مەکە، لە ڕەنگ و ڕەواڵە دا لە هی کۆمپانیا و ماڵپەڕی دیکە نەچێت، بە پێچەوانەوە لەوانەیە بەکارهێنەرانی ماڵپەڕەکەت لەگەڵ هی ماڵپەڕانی دیکە تێکەڵی بکەن کە زیانی بۆ ناسینەوەی ماڵپەڕەکەت هەیە.

بۆ زانیاری زۆرتر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە، Apple پەڕەیەکی زانیاریی هەیە کە چۆن وێنەی ناوبراو لە سیستەمەکانی ئەوان کار دەکات.

تكایه‌ هه‌ژمارێك درووست بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بۆچوون بنووسیت، كرته‌ له‌ ئێره‌ بكه‌ بۆ درووستكردنی هه‌ژمار