ژ.ب ٢٤٣١

چەند پێشنیارێک بۆ باشتر خۆ پاراستن لەسەر وێب


https://www.webchin.org/v3-images/babet/web-privacy/web-privacy-intro-image.png

وێبی ئەمڕۆ تەنیا وێبێکی سادە نییە وەک ساڵانی سەرەتا کە تەنیا دەقی ئاسایی لە خۆ بگرێت. بەڵکوو بەشێکی زۆری ئەو ماڵپەڕانەی سەردانیان دەکەین لە بنەڕەتدا پرۆگرامن یان وەک پرۆگرام کار دەکەن (Web Application). ئەوەش وادەکات کە کارکردنیان قووڵترە و ئەو سادەییەی ساڵانی پێشوویان لەدەست داوە.

بە هۆکاری بەربڵاویی ئەم بابەتە، ئەم بەشە زۆرتر تایبەت دەبێت بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر، بەشی داهاتوو تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی مۆبایل بۆ باشتر پاراستنی زانیارییەکانت.

کە ماڵپەڕەکان زۆرتر لە پرۆگرام دەچن لە خۆیدا کێشە نییە و هەموو ماڵپەڕێک سەربەستە لە ئەوەی چۆن کاری خۆی بەڕێوە دەبات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەبوونی ئەو هەموو تەکنەلۆژیا نوێیە وادەکات کە خاوەن ماڵپەڕان و کۆمپانیا گەورەکان ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەربڵاو و ئاسان دەستیان دەگاتە کۆمەڵێک ئامراز و تەکنەلۆژیا کە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر میوانیان زۆر ئاسانتر دەکاتەوە.

بۆ نموونە لە کاتی کردنەوەی ماڵپەڕێکی وەک فەیسبووک، لە ڕاستیدا تەنیا سەردانی فەیسبووک ناکەیت، بەڵکوو لە پشتەوە بە دەیان ڕاژەی دیکە لەگەڵ کردنەوەی فەیسبووک دا دەستبەجێ دەکرێنەوە و زانیارییت لەسەر کۆ دەکەنەوە، زانیاری زۆر ورد و تاکەکەسی کە دواتر فەیسبووک بەکاری دەبات بۆ پیشاندانی ڕێکلام و هتد… هەروەها مانەوەی ئەو زانیارییانە لای فەیسبووک بۆ بەکارهێنانی داهاتوویی.

تەنیا فەیسبووک ئەو کارە جێبەجێ ناکات، بەڵکوو زۆرینەی ئەو ماڵپەڕانەی کە سەردانیان دەکەین هەمان کار جێبەجێ دەکەن بەبێ ئەوەی لە ئێمەی بەکارهێنەر بپرسن کە ئایا کۆکردنەوەکەمان بەدڵە یان نەخێر، کاتێک ئەو هەموو ماڵپەڕانە زانیاری تاکەکەسیمان کۆدەکەنەوە ئەگەری بڵاوبوونەوەی زانیارییەکانمان لە ئەنجامی هاک بوونی ئەو ماڵپەڕانە زۆرتر دەبێت، لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە ئێمە خۆبەخشانە ئەو زانیارییانەمان نەداوە بە کۆمپانیاکان کە بازرگانی لەگەڵ بکەن.

خۆشبەختانە کۆمەڵێک ئامرازی باش هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو جۆرە زانیاریی کۆکردنەوانە بە شێوەیەک کە خۆت بڕیار بدەیت چ ماڵپەڕێک زانیارییت لەسەر کۆبکاتەوە، لە ئەم بابەتەدا چەند ئامرازێک دەخەمە ڕوو کە بۆ خۆم بەکاریان دەهێنم و بەبێ ئەو ئامرازانە هیچ ماڵپەڕێک ناکەمەوە.

شایەنی باسە بەکارهێنانی ئەو ئامرازانە تەنیا بەشێکن لە چارەسەرکردنی کێشەی ناوبراو، بەشەکەی دیکە دەگەڕێتەوە ئەستۆی خۆت وەک بەکارهێنەر کە لە خۆتەوە کرتە کە بەستەر نەکەیت کە داوات نەکردووە، لە ئیمەیلدا پەیامێک کە داوات نەکردووە، مەیکەوە و مەیخوێنەوە. ئەگەر یاهوو یان ڕاژەی دیکە بەکار دەبەیت، دەستبەجێ بیگۆڕە بۆ Gmail کە باشترین پاراستنی هەیە دژ بە سپام.

ڕاژەی LastPass، وشەی نهێنی پتەو و دووبارە نەکراو بەکار ببە


لە بابەتێکی پێشوودا ئاماژەم بە ئەم ڕاژە کردووە کە هەموو بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت پێویستە بەکاری بهێنێت. کێشەیەکی گەورەی پاراستن لە بواری ئینتەرنێت هەبوونی وشەی نهێنی لاواز و دووبارەیە، بۆ نموونە بۆ چەندین ماڵپەڕ هەمان وشەی نهێنی بەکار ببەیت. کە لێکۆڵینەوە دوای لێکۆڵینەوە دەریان خستووە کارێکی هەڵەیە و سەرچاوەی یەکەمی درووستبوونی مەترسییە لەسەر زانیارییەکانت لە ئینتەرنێت.

بە بەکاربردنی LastPass دەتوانیت بە ئاسانی و بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە بیرت بمێننەوە، وشەی نهێنی جیاواز بۆ هەر ماڵپەڕێک درووست بکەیت، بە شێوەیەک کە هیچ دوو ماڵپەڕێک هەمان وشەی نهێنی بەکار نەبەنەوە.

ماڵپەڕی ڕاژەی LastPass


ناچالاک کردنی کووکیز


شێوازێکی سەرەکی کە بەکاردەبرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بە دانانی فایلێکە بە ناوی Cookies لە نێو کۆمپیوتەری بەکارهێنەر بۆ ئەوەی ماڵپەڕ دواتر بەکارهێنەر بناسێتەوە، کووکیز تەنیا بۆ ناسینەوەی بەکارهێنەر بەکار نابرێت، بەڵکوو بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دیکە بەکار دەبرێت کە تۆی بەکارهێنەر سەردانی چ جۆرە ماڵپەڕێک دەکەیت، چەندە کات لەسەر هەر ماڵپەڕێک بەسەر دەبەیت و زانیاری تایبەتیی دیکە…. بە شێوەیەکی گشتیی ئەو زانیارییانە بۆ مەبەستی پیشاندانی ڕێکلام بە تۆی بەکارهێنەر بەکار دەبرێت، بەڵام لە هەندێک کاتیش دا دەفرۆشرێنەوە و بۆ مەبەستی خراپ بەکار دەبرێن.

ناچالاک کردنی کووکیز بە شێوەیەکی کارامە و بەرچاو کۆکردنەوەی زانیارییەکانت ڕادەگرێت، بە باشی دەزانم کووکیز بۆ هەموو ماڵپەڕێک بە شێوەیەکی ستاندارد ناچالاک بکەیت و تەنیا بۆ ئەو ماڵپەڕانە چالاک بکرێن کە جێی متمانەن.
بۆ نموونە ماڵپەڕێکی وەک وێبچن پێویستی بە ئەوە هەیە بتوانێت کووکیز لە نێو کۆمپیوتەرەکەت دابنێت بۆ ئەوەی هەموو جارێک پێویست نەکات زانیارییەکانت بنووسیتەوە لە مەکۆکان و بچیتەوە ژوورەوە، بە هەمان شێوە ماڵپەڕەکانی دیکە وەک فەیسبووک و هتد… لە ئەو کاتانەدا ڕێگەدان بە کووکیز پێویستە بۆ ئەوەی بتوانیت بە درووستی سوود لە ئەو ماڵپەڕانە ببینیت.

لە وێبگەڕی Google Chrome پێوەکراوی Disable Cookies هاوکاریت دەکەیت بۆ ئاسانتر ناچالاک کردنی کووکیز بۆ ئەو ماڵپەڕانەی کە ناتەوێت زانیارییەکانت کۆ بکەنەوە.

پێوەکراوی Disable Cookies


پیشاندانی وێنە لە ئیمەیلەکەت ناچالاک بکە


توانای وەرگرتنی ئیمەیلی HTML لە هەندێک کاتدا لەوانەیە بەسوود بێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی بێسوودە و تەنیا کۆمپانیاکانی ڕێکلام زۆرتر سوودمەندن لە ئەو تایبەتمەندییە. یەکێک لە تواناکانی ئیمەیلی HTML ئەوەیە بتوانێت وێنە Embed کراوەکانی نێو ئیمەیل ڕاستەوخۆ بکاتەوە. وەک هەموو شتێکی دیکە لەسەر وێب ئەو تایبەتمەندییە دەکرێت بە شێوەیەکی نادرووست بەکارببرێت و وەک ئامرازێکی کۆکردنەوەی زانیاریی بەکار ببرێت، پیشاندانی وێنەی دەرەکی لە نێو ئیمەیلەکەت ناچالاک بکە.
لە Gmail لە بەشی هەڵبژاردنەکان و General دا Ask before displaying external images هەڵبژێرە.


سیستەمەکەت هەموو کات نوێ بکەوە


کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت، Apple و هتد… ئەمڕۆ زۆر لە جاران باشتر گرینگی دەدەن بە پاراستنی بەرهەم و سیستەمەکانیان. گرینگ نییە ویندۆز یان Mac OS X بەکار دەبەیت، هەموو کات هەموو نوێکارییەکان دابمەزرێنە کە کۆمپانیاکان بڵاوی دەکەنەوە. لە هەمان کاتدا هەموو ئەو پرۆگرامانەی کە دامەزراون لە سیستەمەکەت بە بەردەوامی نوێ بکەوە.


فلاش ناچالاک بکە


ناچالاک کردنی فلاش ئەوەندە ئاسان نییە وەک ئەوەی کە دەمانەوێت، چوونکە زۆر ماڵپەڕێک بەتایبەت ماڵپەڕەکانی تەلەفزیۆن و هتد… هەموو Player ی خۆیان بە فلاش پرۆگرام کردووە و پێویستیان بە Flash Player ـە بۆ کارکردن.

کۆمپانیای Adobe کە خاوەنی بەرهەمی Flash Player ـە ساڵانێکی زۆرە چەندین کەلێنی گەورەی لە پرۆگرامەکەدا پینەکردووە، بەڵام ماوەیەک جارێک کەلێنی نوێی و ترسناک دەدۆزرێتەوە لە Flash Player دا کە هەموو سیستەمەکە دەخانە ژێر مەترسییەوە.

باشترین چارەسەریی ئەوەیە Flash Player بە تەواوی ناچالاک بکەیت، بەڵام دەزانم کە کارێکی ئاسان نابێت چوونکە زۆر شتێک تا ئەمڕۆش پشت بەستووە بە Flash Player بۆ ئەوەی بە درووستیی کار بکات و HTML5 Video تا ئەمڕۆش جێگرێکی پتەوی Flash نییە.

ئەگەر نەکرا بە تەواوی ناچالاکی بکەیت، پێویستە پێوەکراوێک بەکار ببەیت کە Auto Load کردنی پەڕگەی فلاش ڕابگرێت، بۆ نموونە پێوەکراوی Flashcontrol دەتوانێت هەموو ئەو پەڕگە فلاشانە ڕابگرێت کە لە کاتی کردنەوەی پەڕەیەکدا هەوڵ دەدەن بکرێنەوە. ئەوەش وادەکات کە کردنەوەی پەڕەی ناوبراو خێراتر و پارێزراوتر بێت.

پێوەکراوی Flashcontrol


پێوەکراوی HTTPS Everywhere


بە هۆکاری ئەوەی ڕۆژ دوای ڕۆژ زۆرتر زانیاری لە وێب پاشەکەوت دەکەین و پشت بەستین بە ڕاژەکانی وێب، وەک Gmail, Facebookو هتد… گرینگە کە دڵنیا بین لە ئەوەی پەیوەندییەکەمان لەگەڵ ئەو جۆرە ڕاژانە کە زانیاری گرینگیان لە خۆ گرتووە، پارێزراو بێت. بە شێوەیەکی گشتیی ئەوەش بە هاوکاری پرۆتۆکۆلی HTTPS جێبەجێ دەبێت کە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکار دەبرێت و ڕاژە گرینگەکان بە ستانداردیی بەکاری دەبەن.

بە مەبەستی ئەوەی کە هەموو کات هەوڵ بدەین پەیوەندی بە بەکاربردنی HTTPS درووست بکەین پێوەکراوێک هەیە بە ناوی HTTPS Everywhere کە خۆکارانە هەوڵ دەدات پەیوەندییە نەپارێزراوەکەت پارێزراو بکات ئەگەر ئەو ڕاژەیەی پەیوەندی لەگەڵ دەگریت پاڵپشتیی HTTPS بکات، ئەو پرۆسەیە بە تەواوی خۆکارانە دەبێت و بە شێوەیەکی یەکجار زۆر گرینگە بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی گرینگ.

پێوەکراوی HTTPS Everywhere


پرۆژەی Tor


پرۆژەی Tor ئامرازێکی زۆر بەهێزە بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەشێوەیەکی نەناسراو Anonymous، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە لایەن ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی دیکەی میدیا بەکار دەبرێت بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی زانیاری دەرەکانیان. پرۆژەی ناوبراو کراوەیە و هەموو کەسێک دەتوانێت بەکاری ببات. ئەگەر لە بەر هەر هۆکارێک ناتەوێت کەسێک یان لایەنێکی دەرەکی بزانێت سەردانی چ ماڵپەڕێک دەکەیت و چ جۆرە زانیارییەک لەسەر وێب دەگۆڕیتەوە، Tor بەکار ببە.

ماڵپەڕی پرۆژەی Tor و داگرتنی


ئەم لیستە دەکرێت زۆرتر خاڵی بۆ زۆربکرێت کە لەوانەیە هەمان کاریگەرییان نەبێت وەک خاڵە سەرەکییەکانی سەرەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی کە گرینگە، وەک بەکارهێنەر ئاگادار بە و کرتە لە بەستەرێک مەکە کە داوات نەکردووە. پرۆگرام لە خۆڕا و لە هەموو ماڵپەڕێکەوە دامەگرە. زۆرینەی پرۆگرامە کراک کراوەکان دەستکاری کراون یان ئامرازی کراک کردنەکە سەرچاوەیەکە بۆ بڵاوکردنەوەی فایرۆس و هتد… پرۆگرام بکڕە و کراک کراو بەکار مەبە.

کۆتایی

بۆچوون نووسین ناچالاك كراوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌
edrisabubakr2016-10-31

ده‌ست خۆش بابه‌تێكی گرنگه‌

ganjo_allai2015-09-16

دەست خۆش بابەتیکى  بەسودە

Ranja Hseen2015-08-30

ده‌س خۆش سودی زۆره‌

Halgurd.Hussen2015-08-21

دەست خۆش کاک ئاسۆ.