درووستبوونی کێشەی تەکنیکی لە ماڵپەڕ یان ڕاژەکاری ماڵپەڕ شتێکە کە هەموو خاوەن ماڵپەڕێک پێویستە چاوەڕەوانی بێت و هەروەها پێشوەخت بەرنامەی هەبێت بۆ چۆنیەتی کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەو کێشە تەکنیکییە.
یەکێک لە ئەو لایەنانەی کە گرینگە و لە ئەنجامی نەکردنەوەی ماڵپەڕدا کێشەی تووش دەبێت، ئاستی ماڵپەڕە لە گووگڵ. کاتێک ماڵپەڕێک دادەکەوێت و بۆتەکانی گووگڵ سەردانی دەکەن بۆ Index کردنی، لە ئەو کاتەدا یان ئەو جارە گووگڵ لەوانەیە ماڵپەڕەکە وەک ماڵپەڕێکی مردوو بژمێرێت و جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە بۆ Index کردنی، هەروەها ئەو بەستەرانەی کە لە Indexی گووگڵدان بسڕێنەوە. سڕانەوەی بەستەر لە Indexی گووگڵ کاریگەریی خراپیی دەبێتە سەر ماڵپەڕ و هیچ خاوەن ماڵپەڕێک نایەوێت ماڵپەڕەکەی ئەو ئاستەی هەبێت.
بێگومان چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە ماڵپەڕەکەمان هەموو کات کار بکات، بەڵام ڕوودانی کێشە شتێکی سەیر نییە و گرینگتر ئەوەیە پلان هەبێت بۆ گەڕاندەوەی بۆ دۆخی ئاسایی بە زووترین کات.
بۆ ڕێگرن لە درووستبوونی کێشە لەگەڵ Index ی گووگڵ، پێویستە گووگڵ ئاگادار بکەینەوە کە کێشەی ماڵپەڕەکەمان کێشەیەکی کاتییە، بۆ ئەوەی گووگڵ لە داهاتوودا دووبارە سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکاتەوە و بەستەرە Index کراوەکان نەسڕێتەوە. دیارە ئەو لە کاتێکدا دەستەبەر دەبێت کە ڕاژەکاری ماڵپەڕ کار بکات و بتوانێت پەڕەکان پیشان بدات.
بۆ دانانی ماڵپەڕەکەمان لە دۆخی کێشەی کاتییدا سوود لە کۆدەکانی HTTP Status وەردەگرین و بە تایبەت کۆدی ژمارە ٥٠٣.
مەبەست لە HTTP Status Code 503 ئەوەیە کە ڕاژەکار/ماڵپەڕەکەمان ئێستا کێشەی کاتیی هەیە و ناتوانێت بە درووستیی کار بکات. Service Unavailable.
کۆدی ناوبراو لە چ بەشێک دادەنرێت؟
لە بەشی سەرەوەی پەڕە، بۆ نموونە بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێو پەڕەی index ی ماڵپەڕ دادەنرێت کە پەڕەی سەرەتایە. ئەگەر بۆ زمانی PHP بەکاری ببەین، دەتوانین بە شێوازی خوارەوە بینووسین.
<?php
header('HTTP/1.1 503 Service Temporarily Unavailable');
?>
لە هەمان کاتدا ئەگەر بزانین چ کاتێک ماڵپەڕەکەمان چاک دەبێتەوە، دەتوانین ئاماژەش بە ئەو کاتە بدەین بۆ ئەوەی گووگڵ پاش تێپەڕبوونی ئەو کاتە بگەڕێتەوە و سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکات.
<?php
header('HTTP/1.1 503 Service Temporarily Unavailable');
header('Retry-After: 600');
?>
لە کۆدەکانی سەرەوە Retry-After نرخی چرکە لە خۆ دەگرێت، لە نموونەی سەرەوە نووسراوە ٦٠٠ چرکە واتە پاش ١٠ خوولەک گووگڵ دەتوانێت دووبارە هەوڵ بدات بۆ گەڕانەوە و Index کردنی ماڵپەڕەکەمان.
بە هاوکاری ئەو دوو دێڕە کورتەی کۆد، ئاساتی SEO ی ماڵپەڕەکەمان لە گووگڵ باشتر پارێزراو دەبێت و لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کۆدی ژمارە ٥٠٣ ئەو کۆدە درووستەیە کە پێویستە بەکار ببرێت کاتێک ماڵپەڕێک یان ڕاژەکارێک ناتوانێت بە درووستیی کار بکات بۆ ماوەیەکی کاتیی. جگە بۆ گووگڵ و SEO، بۆ بنەما درووستیی کارکردنی ماڵپەڕ گرینگە.