داڕشتنی سیستەمەکێک کە نمرەی قوتابیان لە خۆ بگرێت لە بنەڕەتدا کارێکی سادەیە، بەڵام بەشی گرینگیی ئەوەیە گرینگیی بدرێت بە زانیارییە تایبەتییەکانی قوتابییەک، واتە هیچ قووتابییەک نەتوانێت (بە ئاسانی) نمرەی قوتابیانی دیکە ببینێت. ئەوە بەردی بناغەی پرۆژەی خوارەوە دەبێت کە لە کۆتاییدا بریتی دەبێت لە بنکەیەکی دراوەی MySQL بۆ لە خۆگرتنی زانیاری پێویست بە مەبەستی ڕێگەدان بە قوتابیان بە بینینی ئەنجامی تاقیکارییەکانیان بە شێوەیەکی سادە و لە هەمان کاتدا پارێزراو بێت.
پرۆسەی پرۆژەکە بە سەرکەوتوویی بریتی دەبێت لە،
زانیاری تایبەت بە قوتابی، وەک ناو، پۆل، نمرە.
درووستکردنی کۆدی تایبەت بە چوونەژوورەوەی قوتابی. لە ئەم پرۆژەدا بۆ هەر قووتابییەک دوو کۆد درووست دەکەین. کۆدی Random بۆ ئەوەی هەوڵی "تەسەلسوولی" ڕێگەپێنەدرێت و هەروەها قوتابییەک نەتوانێت بە ئاسانی کۆدی قوتابییەکی دیکە بزانێت.
دانانی زانیارییەکانی سەرەوە لە بنکەیەکی دراوەی MySQL و درووستکردنی فۆرمێک کە قوتابی بتوانێت کۆدەکانی خۆی بنووسێت و نمرەکانی ببینێت.
چاپکردنی کۆدەکان و ناوی قوتابیان لەسەر پارچە کاغەزێک بۆ ئەوەی هەر قوتابییەک کۆدی خۆی بدرێتێ و ئەو پرۆسەیەش خۆکارانە دەبێت بە هاوکاری پرۆگرامێکی وەک Microsoft Word یان Writer ی LibreOffice یان OpenOffice.
کۆکردنەوەی زانیارییەکانی تایبەت بە قوتابی
لە ئەم پرۆژەدا وەک نموونە ناوی قوتابی، پۆل و نمرە لە نێو فایلێلی Excel دا کۆدەکەینەوە کە دواتر Import ی دەکەین بۆ بنکەی دراوە.
وەک لە نموونەی سەرەوە ڕوونە زانیارییە بنەڕەتییەکانمان تۆمار کردووە. بۆ درووستکردنی وشەی نهێنی تێکەڵ ئامرازی PWGen ـم بەکار بردووە. دواتر وشەی نهێنییەکانم لە نێو خانەی خۆیان لکاندووە (Paste).
لە PWGen وشەی نهێنی تێکەڵ کە پێکهاتووە لە ١٢ پیت (پیتی ئاسایی، ژمارە و پیت و هێمای تایبەت)، لەوانەیە پێویست نەکات هێمای تایبەت لە هەموو پرۆژەیەکدا هەبێت و نووسینەوەی ئەو هێمایانە بۆ بەکارهێنەر/قوتابی دژوارترە. لێرە بە مەبەستی دابینکردنی پاراستنی باشتر و درووستبوونی وشەی تێکەڵی پتەو، دەیهێڵمەوە.
پاش هەبوونی ئەو زانیارییانەی سەرەوە لە نێو فایلی Excel وەک لە وێنەی یەکەم ڕوونە، پەڕگەی ناوبراو پاشەکەوت دەکەین.
درووستکردنی بنکەی دراوەی MySQL و هێنانی زانیارییەکان
درووستکردنی بنکەی دراوە بە زۆر ئامرازێک جێبەجێ دەکرێت، بۆ نموونە PhpMyAdmin, HeidiSQL و هتد… بە هۆکاری ئەوەی ئێمە لەگەڵ فایلێکی Excel کار دەکەین، بۆ باشترین Compatibility پرۆگرامی Navicat بۆ MySQL بەکار دەبەم کە ئەنجامی باشتر و بێ کێشەی دەبێت.
لە Navicat پاش پەیوەندیکردن بە ڕاژەکاری بنکەی دراوە، بنکەیەکی دراوە درووست دەکەین، من ناوی دەنێم ezmun.
لە هەنگاوی داهاتوودا خشتەی تایبەت بە خانەکان درووست دەکەین (Table).
خشتەکە بە شێوازی خوارەوە دادەڕێژین، پەڕگەی .sql لە کۆتایی بابەتەکە هەیە کە دەتوانیت دایبگریت و ڕاستەوخۆ Run ی بکەیت بۆ درووستکردنی خشتەکەت.
CREATE TABLE `poli9` (
`id` int(11) NOT NULL AUTO_INCREMENT COMMENT 'ID قوتابی',
`naw` varchar(255) NOT NULL COMMENT 'ناوی قوتابی',
`pol` int(2) NOT NULL COMMENT 'پۆلی قوتابی',
`nimre` int(3) NOT NULL COMMENT 'نمرەی قوتابی',
`kod1` varchar(20) NOT NULL COMMENT 'کۆدی یەکەم',
`kod2` varchar(20) NOT NULL COMMENT 'کۆدی دووەم',
PRIMARY KEY (`id`),
UNIQUE KEY `id` (`id`),
KEY `pol` (`pol`)
) ENGINE=InnoDB AUTO_INCREMENT=6 DEFAULT CHARSET=utf8;
لە کاتی درووستبوونی خشتەی ناوبراو دا ناوەکەی دەبێتە poli9 و هەروەها دوو Index ی دەبێت لەسەر بنەماکانی id و pol.
هێنانی زانیارییەکانی قوتابی لە Excel بۆ MySQL
لە Navicat دەتوانین بە ئاسانی زانیارییەکان Import بکەین، کرتەی ڕاست بکە لە خشتەی poli9 و دواتر Import Wizard هەڵبژێرە.
لە پەنجەرەی سەرچاوەکان، سەرچاوە و فۆرماتی درووستیی پەڕگەکەت هەڵبژێرە، من لیستی قوتابییەکانم لە Microsoft Excel 2007 دا نووسیووە و فۆرماتەکەی xlsx ـە، دواتر کرتە لە Next بکە.
پاش هەڵبژاردنی پەڕگەی xlsx، لیستی Sheet ـەکان وەک Table دەردەکەون، من ناوی Sheet ـم نابوو قوتابیان و لە لیستەی Table ـەکاندا بە هەمان ناو دەرکەوتووە.
لە هەنگاوی داهاتوودا ئەو خاڵەی کە گرینگە هەڵبژاردەی First Data Row، واتە یەکەم دێڕ کە زانیاری قوتابیانی لە خۆ گرتووە، ئەگەر سەیری پەڕگەی Excel بکەینەوە دەبینین کە دێڕی یەکەم تەرخان کراوە بۆ ناوی Cell ـەکان و لە دێڕی دووەمەوە زانیارییەکان دەست پێدەکەن.
لە هەنگاوی پێنجەم دا دووبارە پیشان دەدرێت کە زانیارییەکانمان لە Sheet ی قوتابیانەوە دەنێردرێت بۆ خشتەی poli9 لە بنکەی دراوەی MySQL. کرتە لە Next بکە بۆ بەردەوامبوون.
لە هەنگاوی شەشەم دا دەتوانین ناوی خانەکان ڕێکبخەین ئەگەر وەک یەک نەبوون، ئەگەر ناوی خانەکان لە هەردوو فایلی Excel و بنکەی دراوەدا وەک یەک نووسرابن، Navicat بۆ خۆی ڕێکیان دەخات. ئەگەر ناوەکان جیاواز بوون پێویست دەکات بۆ خۆت بە پرۆگرامەکە بڵێیت کە چ زانیارییەک لە چ Cell ـێکەوە بچێت بۆ چ Field ـێک.
لە هەنگاوی حەوتەم دا هەڵدەبژێرین کە دەمانەوێت زانیارییەکان بە بنکەی دراوە زۆر بکەین. نامانەوێت هیچ زانیارییەکی دیکە بسڕینەوە.
کرتە لە Start بکە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی هێنانی زانیارییەکان.
لە کۆتایی پرۆسەکەدا دەبینین کە زانیارییەکان بە درووستیی هێنراونەتە نێو بنکەی دراوەی MySQL.
دانی کۆدەکان بە قوتابیان
دیارە شێواز زۆرە بۆ مەبەستی ئەوەی کە کۆدەکان بدرێت بە قوتابیان، بەڵام لە کاتی هەبوونی سەدان یان هەزاران قوتابی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی خۆکارانە کۆدەکان چاپ بکرێن و هەر قوتابییەک کۆدەکانی خۆی لەسەر پارچە کاغەزێک وەربگرێت لەگەڵ زانیاریی پێویست کە لە چ بەستەرێک دەتوانێت بچێتە ژوورەوە و کۆدەکان چۆن بەکار ببات.
لە ئەم هەنگاوەدا ئەو کارە جێبەجێ دەکەین بە هاوکار Mail Merge کە لە پرۆگرامی Microsoft Word دا هەیە. (لە پرۆگرامە سەرچاوەکراوەکانی LibreOffice Writer دا هەیە).
کاری Mail Merge ئەوەیە کە کۆمەڵێک زانیاریی و کاری دووبارە، خۆکارانە بکاتەوە، بۆ نموونە لە ئەم کاتەدا کە ئێمە لە دوو Field دا دوو کۆدمان هەیە کە دەمانهەوێت بیگەیەنینە دەستی قوتابیان، Mail Merge ئەو کارەمان بۆ ئاسان دەکاتەوە کە تەنیا بە چەند کرتەیەک Template ـێک درووست بکەیت و زانیارییەکان خۆکارانە دابەش بکرێن بە شێوەی درووست و هەر قوتابییەک کۆدی تایبەت بە خۆی بۆ چاپ بکرێت.
لە Microsoft Word دا لە ژێر بەشی Mailings کرتە لە Select Recipients بکە، دواتر Use Existing * بۆ ئەوەی ئەو فایلەی Excel هەڵبژێرین کە کۆدەکانی لە خۆ گرتووە.
پاش هەڵبژاردنی فایلی Excel و کردنەوەی، دەبینین کە Word خشتەی قوتابیان دەدۆزێتەوە، کرتە لە OK دەکەین بۆ بەردەوامبوون و هێنانی زانیارییەکان.
لە Word دا بە شێوەیەک زانیارییەکان ڕێکدەخەین کە بۆ قوتابی ئاسان بێت و بزانێت لە کوێ و چۆن زانیارییەکان بەکار ببات، ئەم هەنگاوە بە تەواوی دەگەڕێتەوە سەر سرووشتی پرۆسەکە و دەویسترێت چ جۆرە زانیارییەک بدرێت بە قوتابی.
لێرەدا بە زمانێکی سادە و ئاسان بۆ تێگەشتن پەیامی خۆم دەنووسم، بە دەقی زانیاری تایبەت بە قوتابی دەست پێدەکەم و لە پاش ئەو دەقە دەمەوێت ناوی قوتابی دەربکەوێت.
بۆ دانانی ناوی قوتابی پاش دەقی ناوبراو، لە هەمان بەشی Mailings دا کرتە لە Write & Insert Fields دەکەین، دواتر Insert Merge Field. بەشی Merge Field ناوی ئەو خانانە لە خۆ دەگرێت کە لە فایلی Excel دا هەن و دەتوانین وەک Placeholder بەکاریان ببەین کە دواتر بە زانیارییە ڕاستەقینەکان پڕ دەکرێنەوە. naw هەڵدەبژێرین بۆ دانانی ناوی قوتابی لە پاش دەقە نووسراوەکە.
بەردەوام دەبین لە نووسینی دەقەکەمان و هەموو ئەو زانیارییانەی کە دەمانهەوێت بدرێت بە قوتابی، دەنووسین. لە هەمان کاتدا وەک دانانی Placeholder ی ناو، لە شوێنەکانی دیکە Placeholder بۆ زانیارییەکانی دیکەش دادەنێین، بۆ نموونە pol، kod1, ko2.
بۆ بینینی زانیارییە ڕاستەقینەکان لە باتی Placeholder، دەتوانین Template ـەکە پێشبینین Preview بکەین، ئەو کات دەبینین کە زانیارییەکان لە فایلی Excel ـەوە دەهێنرێن و پیشان دەدرێن.
دەتوانین سەیری هەموو زانیارییەکان بکەین یەک دوای یەک بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو شتێک بە درووستیی ڕێکخراوە.
لە هەنگاوی کۆتاییدا پەڕەکان چاپ دەکەین و زانیارییەکان دەدرێنە قوتابیان کە دەتوانن بەکاری ببەن بۆ چوونەژوورەوە و بینینی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان.
چەند تێبینییەک لەسەر پرۆسەی چاپکردن،
درووستکردنی پەڕەی وێب بۆ بینینی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکان.
لە ئەم هەنگاوەدا هەر قوتابییەک کۆدی تایبەت بە خۆی پێدراوە و ئامادەیە بۆ بینینی ئەنجامی تاقیکردنەوەکەی لە نێو پەڕەیەکی وێب دا. وەک نموونە و بیرۆکەیەک بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو بەشەی پرۆسەکە، پەڕەیەکی سادەم نووسیووە کە زانیارییەکانی قوتابی لە بنکەی دراوەوە دەهێنێت و پیشانی دەدات ئەگەر قوتابی کۆدەکانی بە درووستیی بنووسێت.
کۆدەکان لە ٣ پەڕە پێکهاتوون،
پەڕگەی settings.php کە زانیارییەکانی بنکەی دراوەی لە خۆ گرتووە لەگەڵ چەند وردە زانیارییەکی دیکە.
پەڕگەی index.php کە فۆرمی چوونەژوورەوە و میکانیزمی پیشاندنی ئەنجامەکان جێبەجێ دەکات.
پەڕەی style.css کە چەند دێڕێکی کەم مەرجی CSS لە خۆ گرتووە.
هەموو پەڕگەکانی سەرەوە تەنیا نموونەیین و پێویستە بۆ شێواز و کاری پرۆژەی خۆت باشتر بیانگوونجێنیت.
هەروەها نموونەی Table ی قوتابیانم وەک پەڕگەی .sql داناوە کە دەتوانرێت Import بکرێت کە ئەو زانیارییانەی تێدایە لە بابەتەکەدا وەک نموونە کاریان لەگەڵ کراوە.
بۆ داگرتنی هەموو پەڕگەکانی سەرەوە پێکەوە بە فۆرماتی zip کرتە لە ئێرە بکە.