ژ.ب ١١٣٧

کارامەتر بە لەگەڵ Notepad++ و Emmet


Notepad++ یەکێکە لە ئەو ئامراز و پرۆگرامانەی کە زۆر بە توانان لە زۆر بواری جیاوازدا. زۆر کار و وردکارییەک جێبەجێ دەکات کە بە دەیان پرۆگرام و ئامرازی دیکە جێبەجێ نابێت بە هەمان ئاسانیی و ڕێک و پێکییەوە.

تێبینی: لە بابەتەکەدا هەردوو Notepad++ و NPP بەکار دەبەم بۆ ئاماژەدان بە ناوی پرۆگرامی Notepad++.

لە هەمان کاتدا دەتوانرێت پرۆگرامی Notepad++ بە پێوەکراوی جیاوازەوە بەهێزتر بکرێت. یەکێک لە ئەو پێوەکراوانەی بە بۆچوونم هەموو کۆدنووسێک پێویستە بەکاری ببات لەگەڵ Notepad++ دا پێوەکراوی Emmet ـە.

پێوەکراوی Emmet چییە؟ و چ کارێک جێبەجێ دەکات؟


زۆر جارێک کە کۆد دەنووسین، کۆدی دووبارە دەنووسین، کۆد کە نووسینەوەیان تەنیا پرۆسەیەکی کاتبەرە و لە ڕووی خێرایی و سوودی کارەوە سوودێکی ئەوتۆی نییە. بۆ نموونە هەموو جارێک کە فایلێکی نوێی HTML درووست دەکەین پێویست دەکات کۆد بنەڕەتییەکانی ئەو فایلە بنووسین بۆ ئەوەی کۆدەکانمان بە درووستی کار بکات.

پەڕەیەکی سادە و بنەڕەتیی HTML لە نزیکەی ١٣٠ پێکدێت، پێوەکراوی Emmet کورتی دەکاتەوە بۆ ١ پیت. واتە لە باتی نووسینەوەی ١٣٠ پیت یان ڕوونووسکردنی، دەتوانین تەنیا ١ پیت بنووسین و داوا لە Emmet بکەین کە بۆ خۆی کۆدەکان بنووسێت

ئەو پرۆسەیە پێی دەوترێت Abbreviation Expansion، واتە دووبارە درووستکردنەوەی نووسین لە کورتە دەقێکەوە، دووبارە درووستکردنەوەی دەقێکی دوورودرێژ لە نووسینی پیتێک یان زۆرتر. بۆ نموونە لە Emmet دا دەنووسین ! و دواتر پێوەکراوی ناوبراو ئەو هێمایە دەگۆڕێت بۆ

<!doctype html>
<html lang="en">
<head>
    <meta charset="UTF-8">
    <title>Document</title>
</head>
<body>
    
</body>
</html>

لە ئەم بابەتەدا بە چەند هەنگاوێکی کورت ڕوونی دەکەمەوە کە چۆن بتوانین تاگی خۆمان بۆ Emmet زۆر بکەین بۆ ئەوەی دەقی تایبەت بە خۆمان Expand بکات، دیارە Emmet لە بنەڕەتدا توانای درووستکردنەوەی دەقی هەیە کە لەسەر بنەمای HTML و CSS نووسرابێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەتوانرێت بەکار ببرێت بۆ درووستکردنەوەی دەقی دیکەش. (دەقەکانی دیکە بێ فۆرمات دەبن چوونکە Emmet تەنیا بۆ HTML & CSS فۆرمات دابین دەکات).

دامەزراندنی پێوەکراوی Emmet بۆ پرۆگرامی Notepad++


لە پێشدا پێویست دەکات پێوەکراوی ناوبراو دابمەزرێنین، لە Notepad++ لە بەشی Plugins > Plugin Manager > Show Plugin Manager دا هەیە. هەڵیبژێرە و دایبمەزرێنە.

وێنەی Plugin Manager لە پرۆگرامی Notepad++

پرۆگرامی Notepad++ دابخە و دووبارە بیکەوە.

تاقیکردنەوە و نووسینی یەکەم کۆد بە Emmet


ئاسانترین تاگ هێمای ! ـە، لە Notepad++ دا بینووسە، دواتر لە لیستەکانی پرۆگرام لە سەرەوە Plugins > Emmet > Expand Abbreviation کرتە بکە.

دەبینیت کە هێمای ناوبراو دەگۆڕدرێت بۆ کۆدی بنەڕەتیی پەڕەیەکی HTML،

نووسینی یەکەم کۆد بە پێوەکراوی Emmet لە NPP

تێبینی: ئەگەر هەنگاوی سەرەوە کاری نەکرد و هەڵەی وەک Unknown exception یان python script plugin did not accept the script هاتە پێشەوە، لە کۆتایی ئەم بابەتە چارەسەریی نووسراوە، تکایە سەیری بەشی چارەسەکردنی کێشەکان بکە.

نووسینی هەندێک فرمانی قووڵتر


ئەگەر بمانەوێت هەمان کۆدی بنەڕەتیی HTML بنووسینەوە لەگەڵ چەند تاگێکی دیکەی وەک div و p، کورتەکۆدی وەک خوارەوە دەبێت.

!>div>p{کورتە دەقێک بۆ تاقیکردنەوە}


هەنگاوی Plugins > Emmet > Expand Abbreviation جێبەجێ بکەوە، ئەنجامی دەبێتە،

<!DOCTYPE html>
<html lang="en">
<head>
    <meta charset="UTF-8">
    <title>Document</title>
</head>
<body>
    <div>
        <p>کورتە دەقێک بۆ تاقیکردنەوە</p>
    </div>
</body>
</html>

نموونەی یەکەم کۆدی نووسراو بە پێوەکراوی Emmet، نموونەی دەقی ئاسایی

نموونەیەکی دیکە کە نووسینی کۆمەڵە تاگ لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت لیستەیەک درووست بکەین کە ٥ خاڵی لە خۆ گرتبێت، دەتوانیت کورتە کۆدی خوارەوە بەکار ببەین،

!>div>li{Deq $}$*5

کە ئەنجامی دەبێتە، (وێنەکەم وەک بەستەر داناوە چوونکە قەبارەی وێنەی جووڵاو هەندێک گەورەیە بۆ کردنەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بابەت).
https://www.webchin.org/v3-images/babet … imized.gif

لە نموونەی سەرەوە من تەنیا ٥ خاڵم نووسیووە، بەڵام گرینگی ئەو کورتەکۆدانە لەوەدایە کە سنووریان نییە و دەتوانین داوای نووسینی هەزاران دێڕکۆد بکەین، بۆ نموونە ئەگەر بمەوێت Sitemap ـێکی ماڵپەڕەکەم درووست بکەم، دەتوانم Emmet بەکار ببەم بۆ درووستکردنی هەموو بەستەرەکان بە یەک کورتەکۆد.

وا دابنێین لە ماڵپەڕەکەم ٥٠٠ بابەتم هەیە کە دەمهەوێت لە sitemap.xml ـێکدا کۆی بکەمەوە و بینێرم بۆ گووگڵ، بەستەری بابەتەکانی ماڵپەڕەکەم لەسەر ئەم شێوازەیە،

http://www.domain.com/post/1
http://www.domain.com/post/2
...

بە Emmet دەنووسم،

{http://www.domain.com/post/$ }*500

کورتە کۆدی سەرەوە ٥٠٠ دێڕم بۆ دەنووسێت تەنیا بە Expand کردنی.

تایبەتکردنی Emmet بۆ باشتر نووسینەوەی کورتەکۆدەکانمان


پێوەکراوی Emmet پێناسەی کورتەکۆدەکانی خۆی لە پەڕگەیەک بە ناوی snippets.json پاشەکەوت دەکات، لەسەر فۆرماتی JSON نووسراوە و دەتوانین بە ئاسانی تاگی نوێی بۆ زۆر بکەین یان دەستکاری تاگە نووسراوەکان بکەین. لە پێشدا پێویستە Notepad++ وەک بەڕێوەبەری سیستەم بکەیتەوە، Run As Administrator، بۆ ئەوەی بتوانیت لە هەمان پرۆگرامدا دەستکاری snippets.json بکەیت.

پرۆگرامی Notepad++ دابخە و دواتر وەک بەڕێوەبەر بیکەوە. لە بوخچەی،

C:\Program Files (x86)\Notepad++\plugins\EmmetNPP\emmet

پەڕگەی snippets.json بکەوە.

پەڕگەی ناوبراو بە سەر چەند بەشێکدا دابەش کراوە، لە سەرەوە variables هەیە کە وەک لە زمانەکانی دیکە هەیە، دەتوانین Variableی تایبەت بە خۆمان درووست بکەین کە نرخی تایبەت بە خۆمان لە خۆ بگرێت. لە ئەو بەشەدا دەست پێدەکەین بە نووسینی

        "ckb": "ckb",
        "rtl": "rtl",


دوو دێڕی سەروە لە نێو کەوانەکانی variables دەنووسین. لە خوارەوەی هەمان پەڕگە دووبارە لە بەشی abbreviations دەنووسین

            "ckb!": "html:5ckb",
            "html:5ckb":   "!!!+doc[lang=${ckb}][dir=${rtl}]",

هەردوو Variable و Abbreviation ـەکانی سەرەوە کاریان ئەوە دەبێت کە کۆدەکانی بنەمای پەڕەیەکی HTML ـمان بۆ بنووسین، بەڵام ڕێکخراو بێت بۆ نووسراوە و دەقی زمانی کوردی سۆرانی کە لەسەر بنەمای ستانداردی ISO کۆدی ckb ی بۆ دانراوە. واتە Central Kurdish Branch. زانیاری زۆرتر و بەستەری پەیوەندیدار لە کۆتایی ئەم بابەتە هەیە.

ئێستا ئەگەر بمانەوێت پەڕەیەکی نوێی HTML5 درووست بکەین کە گوونجاو و درووست بێت بۆ زمانی کوردی سۆرانی، بە کورتەکۆدی Emmet لە Notepad++، دەنووسین،

ckb!

نووسینی کۆدی پەڕەیەکی درووستیی HTML5 بۆ زمانی کوردی سۆرانی

ئەم بابەتە تەنیا دڵۆپەیەکە لە دەریای تواناکانی Emmet، هەروەها بە تێکەڵکردنی توانا بنەڕەتییەکانی نێو پرۆگرامی Notepad++ جووتە ئامرازێکی زۆر بەتوانا پێکدەهێنن کە نەک تەنیا بۆ ئاسانکردنەوەی کۆد نووسینی ئاسایی، بەڵکوو زۆر وردەکاریی و لە پرۆژەی دیکەی دەرەوەی وێب سوودیان لێ ببینن.

چارەسەرکردنی کێشەی دامەزراندنی Emmet لە NPP
وێنەی هەڵەی Python لە Notepad++

پاش دامەزراندنی Emmet و لە کاتی هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی، لەوانەیە هەڵەی وەک python script plugin did not accept the script یان Unknown Exception پیشان بدات و فرمانی ویستراو جێبەجێ نەکات. کێشەی ناوبراو لە ئەوەدا درووست دەبێت ئەو وەشانەی Python Script کە لەگەڵ NPP دادەمەزرێت، لەگەڵ Emmet ناگوونجێت. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پێویستە وەشانی 0.9.2.0 ی Python Script دابمەزرێنیت.

دامەزراندنی وەشانی 0.9.2.0 ی Python Script


لە ئەم بەستەرە کرتە لە PythonScript_full_0.9.2.0.zip بگە و دایبگرە.
پەڕگەی zip بکەوە، Extractی بکە.
بوخچەیەک و پەڕگەیەک لە نێو Zip ـەکەدا دەبن، هەردووکیان ڕوونووس بکە،

ڕوونووسکردنی Python Script بۆ بوخچەی NPP

دواتر لە نێو بوخچەی سەرەکیی Notepad++ دا بیانلکێنە. Paste.

C:\Program Files (x86)\Notepad++\

ئەگەر سیستەم ئاگاداری کردیتەوە کە بوخچەیەکی دیکە هەیە بە هەمان ناو، کرتە لە Yes بۆ لەسەر نووسینیان.

پرۆگرامی Notepad++ دابخە و دووبارە بیکەوە. ئێستا دەتوانیت کورتە کۆد بنووسیت بە بێ کێشە.

لە ئەم بابەتەدا من پرۆگرامی Notepad++ ـم وەک نموونە بەکارهێناوە لەسەر سیستەمی ویندۆز، بەڵام Emmet بۆ زۆرینەی کۆدنووسەکانی دیکەش هەیە، ئەگەر Dreamweaver بەکار دەهێنێت، لە نوێترین وەشانی CC دا بۆ خۆی لەگەڵ پرۆگرامەکەدایە. بۆ داگرتنی Emmet و دامەزراندنی بۆ کۆدنووسەکانی دیکە و سیستەمەکانی دیکە کرتە لە ئێرە بکە.

بەستەری پەیوەندیدار


بۆ بیننی نموونەی زۆرتر و زانیاری زۆرتر سەبارەت بە پێوەکراوی Emmet، کرتە لە ئێرە بکەن بۆ  سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی پێوەکراو.

زانیاری زۆرتر سەبارەت بە زمانی کوردی سۆرانی و کۆدی زمان CKB

بەستەری دیکەی داگرتنی PythonScript_full_0.9.2.0.zip، ئەگەر هی سەرەوە کاری نەکرد.

تكایه‌ هه‌ژمارێك درووست بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بۆچوون بنووسیت، كرته‌ له‌ ئێره‌ بكه‌ بۆ درووستكردنی هه‌ژمار
ڕێنوار2016-08-23

دەستخۆش کاک ئاسۆ تاقییان دەکەمەوە، و بزانم خێران وەک notepad، چونکە pcی من تایبەتمەندیەکانی زۆر کەمە.

ئاسۆ نادری2016-08-22

دیارە ئەو کێشەیە لە پێوەکراوی Emmet بۆ Notepad++ هەیە، لە Editor و کۆدنووسەکانی دیکە کە لەسەر بنەمای دیکە کار دەکەن، بوونی نییە. بۆ نموونە Brackets کە جێگرێکی خاوێن و باشی Notepad++ ـە ئەگەر کارت بە وردەکارییەکانی NPP نەبێت. Visual Studio Code ی مایکرۆسۆفتیش یەکجار بەهێزە و پێوەکراوی زۆری هەیە.

ڕێنوار2016-08-22

دەستخۆش.

ئاسۆ نادری2016-08-22

بەڵێ ئەو خاوبوونەوەیە پەیوەندی بە PHP بوونەوە نییە. بەڵکوو کێشەیەکی ناسراوی Emmet ـە لە ئەو پەڕگانەی کە بە UTF-8 نووسراون/Encode کراون. بۆ خۆشت تاقی بکەوە، هەر هەمان کۆماند لە سەرەوەی پەڕەکە بنووسە دەبینیت کە خێراترە تا ئەوەی لە خوارەوەی پەڕەکە بینووسیت.

یەکێک لە کارمەندانی پشت Emmet بۆ خۆیشی ئاماژەی پێداوە و دەڵێت Emmet چارەسەریی نییە وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە، تەنیا چارەسەری لەوەدا دەبێت کە هەموو Emmet سەرلەنوێ بنووسێتەوە.

کێشەی ناوبراو لە ئەوەدا درووست دەبێت، کاتێک تۆ کۆدت نووسیووە و تاگی نوێ دەنووسیت، Emmet دەبێت هەموو ئەو کۆدانەی پێشوو کە لە پەڕەکەدا نووسراون Convert بکات بۆ ئەو فۆرماتەی کە پێوەکراوەکە دەتوانێت کاری لەسەر بکات، هەر بۆیە لە سەرەوە کە کۆدی کەمتری لە پێشەوە بێت خێراترە و لە خوارەوە خاوترە.

https://github.com/emmetio/npp/issues/2 … t-19192722

دیارە پێش Emmet، پێوەکراوی Zen Coding هەبوو/هەیە کە هەمان کار دەکات، بەڵام Emmet کەمێک پێشکەوتووتر و ئاسانترە چوونکە پشتی بەستووە بە JSON بۆ زۆربەی کار و ڕێکخستنەکانی. ئەو کێشەیە لە Zen Coding دا نییە، جا دەتوانیت ئەوەیان بەکار ببەیت.

ڕێنوار2016-08-22

سەبارەت بە خاوبوونەکەش، لە پەڕگەی htmlدا کێشەی نییە و خێرایە، بەڵام لە پەڕگەی phpدا خاوە،  زۆر جار بە دوو جار کلیک کردن لە Expand Abbreviation ئینجا کارەکە جێبەجێ دەکات

ڕێنوار2016-08-22

دەستخۆش،
[/b]تێبینیەک:
Keyboard Shortcutی  Expand Abbreviation بریتییە لە CTRL+ALT+ENTER و Notepad++یش خۆی ئەو شۆرتکەتەی بەکاربردووە، جا پێویست ئەکات لە بەشی Setting->Shortcut mapper.. دەستکاری ئەو شۆرتکەتە بکرێت و لاببرێت، تا نۆتپاد کاری خۆی بکات.
پرسیارێک:[b]
هۆکاری چییە Emmet لای من خاو کار ئەکات؟ ئەبێت خەتای کۆمپیوتەرەکە بێت؟
Ram: 2GB
Processor: Intel Pentium 4CPU 3.4GHz (2cpus)

ئاسۆ نادری2016-08-22

لە بابەتەکە ئاماژەم پێنەداوە، بەڵام بەکاربردنی Keyboard Shortcutی  Expand Abbreviation کارەکان زۆر خێراتر دەکات.  لە تەنیشت Expand Abbreviation نووسراوە کە کلیلەکان چین.

Rawan2016-08-22

دەستخۆش، دەمێکە کار بە پێوەکراوی emmet دەکەم، لە ڤیدیۆیەکەی تۆم بینی بوو لە کەنالی وێىچن لە یوتیوب. بەلام لیرە ووردەکاری زیاتر هەیە.

Govar_Programer2016-08-22

دەست خۆش کاك ئاسۆ بەۆ ئەم بابەتە بەسوودە.