بە هۆکاری ئەوەی کە کارەکانمان بەبێ کۆمپیوتەر و سیستەمێکی بێ کێشەی کارپێکردن بەڕێوەناچێت و ڕۆژ دوای ڕۆژ زۆرتر لایەنەکانی ژیانمان کۆمپیوتەریی دەکرێت، هەموو کات بە ئەگەرەوە دەبێت بیر لە نوێکردنەوەی سیستەمی ئەو کۆمپیوتەرانە بکەینەوە کە کارو پرۆسەی گرینگمان بۆ جێبەجێ دەکەن. لە هەمان کاتدا ناتوانین هەتا هەتایە لەسەر سیستەمی کۆن بین، تەکنەلۆژیا پێش دەکەوێت و بیرۆکەی سوودبەخش و جوان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئەو چەند تێبینییەم لە خوارەوە ئەوەندە قووڵ نییە کە باس لە ئەو لایەنە گەورەیە بکەم، بەڵام دەمهەوێت لە چەند خاڵ و ڕستەی خوارەوەدا ئەوە بخەمە ڕوو کە ئایا چۆن بیر کە نوێکردنەوەی سیستەمی کۆمپیوتەر دەکەمەوە، کە لەوانەیە لە ئەنجامدا سوودێکی هەبێت بۆ ئێوەش وەک خوێنەر بە تایبەت ئەگەر تا ئیستا بڕیارتان نەدابێت بۆ نوێکردنەوەی سیستەمەکەتان لە وەشانێکی کۆنترەوە بۆ ویندۆز ١٠ لەگەڵ نوێترین نوێکاریی Windows 10 Anniversary Update.
ئەم بابەتەم لەسەر کۆمپیوتەرێک بە سیستەمی Windows 8.1 Pro دەنووسم کە نزیکەی ساڵێکە دامەزراوە و زۆر بێ کێشە کارەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە، خێرایە، خاوێنە، ئەوەی دەمهەوێت جێبەجێی دەکات و زۆرتریش. هەندێک تایبەتمەندیشم لێ ناچالاک کردووە کە بەکاری ناهێنم. بەڵام لەگەڵ هاتنی ویندۆز ١٠ بە کۆمەڵێک لە نوێکارییەکانی ئەو وەشانە نوێیە دڵخۆش بووم کە بەتایبەت کۆمەڵێک کاری ڕۆژانەیان بۆ ئاسان دەکردمەوە. هەمان کارەکانم لە ویندۆز ٨،١ دا بە هاوکاری پرۆگرامی دەرەکی و زۆرجارێک بە پارە جێبەجێ کردووە.
وەرگرتن و ناردنی ئیمەیل بە شێوەیەکی بەردەوام کاری ڕۆژانەمە و بەبێ پرۆگرامێکی بە توانا و وردەکار بەڕێوەبردنی هەموو هەژمارەکانم ئاسان نابێت، بۆیە کاتی خۆیەتی کە ویندۆز ١٠ پرۆگرامی فەرمیی لەگەڵدا دێت کە هاوشێوەی Apple Mail کارەکانی ڕاپەڕینێت.
وەک کەسێک کە سیستەمی ماکینتۆش Mac OS X کە ئێستا تەنیا ناوی macOS ـە بەکار دەهێنم لەسەر MacBook Pro وەک لاپتۆپی بەردەست بە هۆکاری هەبوونی باتری باش و تەختەکلیلی لاتینی باش، کۆمەڵێک ئامراز و پرۆگرام هەن لە ئەو سیستەمەدا کە لە ویندۆزدا جێگرەوەی پتەویان نەبووە تا ویندۆز ١٠ و بەتایبەت دواترین نوێکاری سیستەمەکە، بۆ نموونە پرۆگرام بۆ خوێندنەوە و ناردنی ئیمەیل، لە Mac پرۆگرامی Apple Mail هەیە و لەگەڵ هەموو سیستەمەکان هەیە، کە پرۆگرامێکی تەواوە و کاری ناردن و خوێندنەوەی ئیمەیلی زۆربەمان جێبەجێ دەکات. لە ویندۆز چەندین پرۆگرامی هاوشێوە هەن و هەبوون، وەک Windows Live Mail، Mozilla Thunderbird، Outlook Express ی کۆن و Microsoft Outlook کە خۆڕایی نییە. ئەوانەی کە خۆڕایی بوون تێکەڵاوی سیستەم نەبوون و بەشێکی سەرەکی نەبوون لە سیستەمەکە بۆیە هەموو کات وەک ئامرازی دەرەکی چاوم لێدەکردن و بۆ کەسێک کە زۆرتر لە ١٠ هەژماری ئیمەیل بەڕێوەدەبات لە توانایاندا نەبوو بە خێرایی و خاوێنیی کارەکان جێبەجێ بکەن. بە تێکەڵاوی مەبەستم لە نەبوونی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی گشتییە وەک Notification لە ماک، کە ئێستا خۆشبەختانە لە ویندۆز ١٠ هەیە.
خۆشبەختانە لە ویندۆز ١٠ ئێستا وەک Apple Mail کۆمپانیای مایکرۆسۆفت پرۆگرامی Mail ی وەک بەشێک لە سیستەمەکە هەیە، کە ئەو کەلێنەی پینە کردووە و کە پرۆگرامەکە دەکەیتەوە دەردەکەوێت بەشێکە لە سیستەمەکە چوونکە هەمان ڕوومەت و UI ی هاوبەشی سیستەمی هەیە لە بنەڕەتدا. هەرچەندە لە لایەنی وردەکاریی و ڕێکخستنەوە ماویەتی وەک Apple Mail تەواوبێت، بەڵام هەر پەسەندە چوونکە تەمەنی کورت ترە و لەگەڵ کاتدا مایکرۆسۆفت باشتری دەکات.
ئەوە یەکەم کێشەی ئیمەیل لە وەشانەکانی پێشووی ویندۆز چارەسەر دەکات و کردوویەتی بۆ من کە پێشتر پرۆگرامی eM Client ـم کڕیبوو بۆ بەکارهێنان بۆ خوێندنەوە و ناردنی ئیمەیل کە بە باشیی لەگەڵ ڕاژەکانی گووگڵ کار دەکات.
نوێترین Update ی ویندۆز کە مایکرۆسۆفت لە ژێر ناوی Windows 10 Anniversary Update بڵاوی کردووەتەوە ئەو وەشانە سەرەتاییەی ویندۆز ١٠ ی پتەوتر کردووە لە بنەڕەتدا و لە هەمان کاتدا لە ڕوومەتدا لە زۆر شوێنێکدا ڕێکخراوەتەوە بە شێوەیەکی ڕێک و پێکتر. ئێستا لە ویندۆز ١٠ ڕوومەتی تاریکمان بەردەستە Dark Mode / Theme کە ڕوومەتی سیستەمەکە باشتر لەگەڵ یەکتر دەگوونجێنێت.
نموونەی Dark و Light Theme لە ویندۆز ١٠،
ئەمڕۆ لەگەڵ هەبوونی مۆنیتۆری 4K و منیش وەک بەکارهێنەرێک لەسەر ئەو Resolution ـە، دەتوانم بڵێم پاش بەکارهێنانی 4K بۆ یەکەم جار، گەڕانەوە بۆ مۆنیتۆری ئاسایی Full HD یان HD ئاسان نابێت، بۆ خۆم هەوڵم دا بگەڕێمەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووم، چوونکە ئەو وێنەیەی کە لە مۆنیتۆری 4K بە Resolution ی 3840 بە 2160 پیکسڵە و دەرکەوتنی وێنە و بە تایبەت دەقی ئاسایی دەبرێتە ئاستێکی دیکە کە چاومان ڕاستەوخۆ لەگەڵی ڕادێت و گەڕاندنەوە بۆ Resolution ی کەمتر، لە زۆربەی کاتدا دەبێتە هەستی خراپبوونی بینا و ڕوون نەبوونی نووسراوەکان.
بۆ ئەوەی ئەو جۆرە مۆنیتۆرانە بە درووستیی کار بکەن، پێویستە سیستەمەکە توانای ئەوەی هەبێت بە درووستیی دەق و وێنەکان بە ئەو Resolution ـە زۆرە پیشان بدات، تا ویندۆز ٧ بە شێوەیەکی ئەوتۆ بیر لەوە نەکرابووەوە چوونکە ئەو کات باسی 4K Monitor نەبوو، بەڵام لەگەڵ ویندۆز ٨ و ئێستاش لە ویندۆز ١٠ پاڵپشتی کردن لە High DPI Monitors ڕێک و پێک کراوە، لە ویندۆز ١٠ زۆربەی بەشەکانی سیستەم نووسراونەتەوە بە شێوەیەک کە خۆکارانە خۆیان دەگوونجێنن لەگەڵ قەبارەی پێویست. بەکارهێنانی Monitor ی 4K لە ویندۆز ١٠ درووست ڕێکخراوە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە کە ئەگەر Resolution ی مۆنیتۆر لە سەرەوەی Full HD بوو درووست وایە بە لانیکەم ویندۆز ٨،١ بەکار ببرێت، هەرچەند کەم و کۆڕی هەیە، بەڵام بە بەکارهێنانی ویندۆز ١٠ بەکارهێنانی 4K & 5K لە ڕاستیدا دەبێت 8K ـیش کێشەی نەبێت.
لە ماک تایبەتمەندی گەڕانی Spotlight یەکێک لە ئەو تایبەتمەندییانەیە کە هەموو بەکارهێنەرێک پێویستە بەکاری ببات بۆ خێراکردنەوەی پرۆگرام، گەڕان لە سیستەم و هتد… ڕاستە لە ویندۆز ٨ ـەوە شتێکی هاوشێوە لە ویندۆز دا بنیادنراوە، بەڵام هیچ کاتێک وەک ئەوەی لە سیستەمی ماک هەیە کارامە نەبووە و بەکارهێنانی هەندێک کات پرۆسەکەی خاوتر دەکردەوە. ئیستا لە ویندۆز ١٠ لە تەنیشت دووگمەی دەستپێک Start Menu دا خانەی گەڕان بە بەردەوامیی هەیە و لە دۆزینەوەی فایل، پرۆگرام و خێراکردنەوەی شوێنەکانی دیکە زۆر باش کار دەکات و بەبڕوای من بە ئەو شێوەی ئێستای لە هەندێک ڕوانگەوە لە هی سیستەمی ماک باشتر کار دەکات. ئەگەریش Cortana بەکار ببەیت، زۆرتر سوود لە ئەو بەشە دەبینیت. بە هۆکاری ئەوەی ڕاهاتبووم لەگەڵ ئەم تایبەتمەندییە لە ماک، نەبوونی لە ویندۆز لە پێشوودا هۆکارێک بوو بۆ نوێ نەکردنەوەی سیستەمەکەم، بەڵام کە ئێستا چارەسەر کراوە، ویندۆز ١٠ ئەو کەلێنەشی پینە کردووە و پێویستی بە پرۆگرامی دەرەکی نەماوە بۆ جێبەجێ کردنی هەمان کار. لە پێش ویندۆز ١٠ بە پرۆگرامێکی بچووک بە ناوی Alfred هەمان کردارم ڕادەپەڕاند.
بە شێوەیەکی گشتیی ویندۆز ١٠ ئێستا سیستەمێکی پێشکەوتووە و لەگەڵ بەکارهێنەرانی ئەمڕۆی ئینتەرنێت باشتر دەگوونجێت، زۆربەمان زانیارییەکانمان لە Cloud Service ـەکانی کۆمپانیاکانی وەک Google, Microsoft و هتد… پاشەکەوت دەکەین، لە ویندۆز ١٠ درووستکردنی پەیوەندی و گەیشتن بە ئەو زانیارییانەمان تێکەڵاوی سیستەم کراوە بە شێوەیەک کە سیستەمەکە بەڕاستی خۆی دەکاتە ئامرازێک کە کارەکانت ڕاپەڕێنێت لە باتی ئەوەی ئێمە وەک بەکارهێنەر تەنیا سەرقاڵی ڕێکخستن و چاککردنی بین. وەک بەکارهێنەرێکی گووگڵ و ڕاژەکانی وەک Calendar, Contacts, Gmail, Drive, Photos و هتد… بە ئاسانی و بە چوونەژوورەوەم بۆ هەژمارەکەم، هەموو ئەو زانیارییانەم لە چوارچێوەی پرۆگرامە ستانداردەکانی ویندۆز بەردەستە، جێبەجێکردنی هەمان کار لە وەشانەکانی پێشووی ویندۆز پێویستی بە پرۆگرامی دەرەکی دەکرد یان لە ویندۆز ٨ دا بە شێوەیەکی زۆر لاوازتر کاریان دەکرد.
هەرچەندە مایکرۆسۆفت زۆر هەوڵی داوە و دەدات کە ڕاژە و بەرهەمەکانی خۆیان بەکاربهێنیت لەگەڵ ویندۆز ١٠، کە هەوڵێکی زۆر ئاساییە، بەڵام بەکارنەهێنانیان لە هەمان کاتدا نابێتە هۆکاری درووستبوونی هیچ سنووردارییەک، بەڵکوو زۆر بە ئاسانییەوە دەکرێت ویندۆز لەگەڵ ڕاژەی کۆمپانیاکانی دیکە بەکار ببرێت، بۆ نموونە من کە لەگەڵ ڕاژەکانی گووگڵ بەکاری دەهێنم هەست بە ئەوە ناکەم کە ڕاژەکانی گووگڵ وەک ڕاژەی لاوازتر کار بکەن یان توانای کارکردنیان سنوورداربێت. ئەوەش تەنیا جێی دەستخۆشی و پێزانینە بەرانبەر کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە سیستەمەکەی بە ئەو کراوەییە بۆ بەکارهێنەرانی هێشتووەتەوە.
بیرۆکەی Universal Windows Apps شتێکی سەرنج ڕاکێشە بە ئەو مانایەی کە پرۆگرامنووس یەکجار پرۆگرامەکەی دەنووسێت و لەسەر هەموو وەشان و قەبارە جیاوازەکانی ویندۆز کار دەکات، کە پێشتر ناوی Metro App ـیان لێ نرابوو، Universal Windows Apps ی زۆر باش هەن لە Windows Store، ئەوەیان کە ڕۆژانە بەکاری دەهێنم Microsoft Remote Desktop ـە کە لە وەشانی تایبەت بە ویندۆز ١٠ زۆر باشتر لە وەشانی تایبەت بە ویندۆز ٨ ڕێکخراوە. ئەو تایبەتمەندییەی کە لە ویندۆز ١٠ دا Universal App ی بەهێزکردووە توانای کردنەوەیانە شانبەشانی پرۆگرامە ئاساییەکانی ویندۆز Legacy Windows Apps، لە کاتێکدا کە Universal App مودێڕنترن و زۆربەی کات بە کەمترین کات و قەبارە کاری زۆرتر جێبەجێ دەکەن.
چوونکە ئەمڕۆ هەموومان مۆبایلی ژیرمان پێیە و زۆربەیان کامێرای زۆر باشیان هەیە، وێنەگرتنی بەردەوام بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەمان، هەرچەندە لەوانەیە ئەمەیان من نەگرێتەوە و کەسی درووست نەبووم کە بڵێم چالاکانە وێنە دەگرم، بەڵام بۆ پاشەکەوتکردنی وێنەکانم جگە لە پاشەکەوتی ئاسایی پشت بەستم بە Google Photos، لە ویندۆز ١٠ مایکرۆسۆفت بە پرۆگرامی Windows Photos App ڕاژەیەکی هاوشێوەی بۆ بەکارهێنەرانی خۆی هەیە کە ئەگەر وێنەکانت لە OneDrive پاشەکەوت بکەیت، هەموویان لە نێوان ئامێرەکانی ویندۆزت Sync دەبن بە هەموو گۆڕانکارییەکانیانەوە. ئەمەش لە خۆیدا ڕاژەیەکە کە لە کۆمپانیاکانی دیکە بە پارەیە و لەوانەیە بە هەمان ئاسانی کار نەکەن.
ئەوەی بە دڵم نییە لە ویندۆز ١٠، هەموو ئەو خاڵانەی تایبەت بە بردنی زانیارییەکانمە لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە کە لە زۆر کون و بنی سیستەمەکە شاردوویانەتەوە و هەندێک لە بنەڕەتدا وەک ستاندارد چالاکن، پێویست دەکات ناچالاک بکرێن پاش دامەزراندنی سیستەمەکە. ئەگەر نە زۆر گەشبینم بە ئەوەی کە ئێستا ویندۆز ١٠ بەکار دەهێنم وەک سیستەمی ڕۆژانە و ئەگەر وەک من هەموو کات ماوەیەک چاوەڕوان دەبێت تا سیستەم نوێ دەکەیتەوە، لەوانەیە ئیستا کاتی درووست بێت بە مەرجێک Windows 10 Anniversary Update بەکار ببەیت نەک وەشانی پێشووی.
لە بەستەری خوارەوە دەتوانرێت وەشانی Windows 10 Anniversary Update بە فۆرماتی ISO لە ماڵپەڕی فەرمیی مایکرۆسۆفتەوە دابیگردرێت،
https://www.microsoft.com/en-us/softwar … ndows10ISO
ئەو چاککارییانەی لە Windows 10 Anniversary Update کراون سیستەمەکەی بەهێزتر کردووە لە ڕوومەت و توانای ڕاپەڕاندنی کارەکانی. لە کاتی نوێکردنەوە بۆ ویندۆز ١٠ دەتوانیت کلیلی تایبەت بە ویندۆز ٧ یان ٨ بەکار ببەیت بۆ چالاک کردنی سیستەمەکەت بە شێوەیەکی فەرمیی و درووست.
کۆتایی.