ژ.ب ٩٢١

٨ پێشنیار بۆ باشترکردنی پرۆسەی کارکردنت لە داڕشتنی وێبدا


مەبەستم لە نووسینی ئەم بابەتە ئەوەیە کە بتوانم چەند پێشنیار و بیرۆکەیەک بخەمە ڕوو کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆم کردوونەتەوە و بەکارم هێناون. ئەو بیرۆکە و شێوازەی کارکردنە لە ئەو ساڵانەدا کەم و کۆڕییان هەبووە و بە بەردەوامیی بۆ باشترکردنی کاری خۆم پەرەم پێداون بە شێوەیەک کە پێم وایە ئەو پرۆسەی کارەی کە ئەمڕۆ هەمە زۆر باشە و کارەکانم بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات. کە لە کۆتاییدا کارکردن خێراتر دەکات و دەتوانم زۆرترین کار لە کەمترین کاتدا جێبەجێ بکەم.

پێشنیارەکان زۆرن، لە ئەم بابەتەدا تا ٨ پێشنیارم بۆ نووسراوە و ئەگەر پێویستی کرد لە داهاتوودا وردتر لەسەر هەریەک لە پێشنیارەکان دەنووسمەوە.

وێنەی سەرەتای بابەتی ٨ پێشنیار بۆ باشترکردنی پرۆسەی کارکردن لە داڕشتنی وێبدا

زۆربەی پێشنیارییەکانم پەیوەندییان بە وێبداڕشتنەوە دەبێت و چۆن تۆش بتوانیت وەک من پرۆسەی کاری خۆت باشتر بکەیت، ئەگەر هەر پێشنیارێکی خۆتت هەبوو کە لەوەی من باشتر بێت تکایە بێ بەشمان مەکە.

بۆ هەموومان ڕوونە بنەمای کارەکەمان پێویستی بە کۆمپیوتەرێک و سیستەمێکی کار هەیە کە بتوانین بەکاری بهێنین. لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا زۆر کۆمپیوتەر و سیستەمی جیاوازم ئەزموون کردووە و بە کورتی، ئەمڕۆ وای لێهاتووە کە چیتر خێرایی کۆمپیوتەر کێشە نییە، بە مەرجێک کۆمپیوتەرەکەت بۆ خۆی Hardwareی باشی هەبێت، وەک هاردی SSD و بیرۆکە کە توانای ڕاپەڕاندنی کارەکانتی هەبێت، RAM / Memory، پێشنیاری من لە ئێرەدا ئەوەیە کە کۆمپیوتەری ئاسایی ماڵەوە بەکار مەهێنە بۆ کاری وێبداڕێژیی، بەڵکوو کۆمپیوتەرێکی تایبەت بە Pro بەکاربهێنە کە تایبەت تر و پتەوترن بۆ ئەو جۆرە کارانەی کە جێبەجێیان دەکەین.

کۆمپانیاکان ئەمڕۆ کۆمپیوتەری جوان و پڕ لە تایبەتمەندیی سەیر و لەوانەیە زۆربەی کاتیش ناپێویست بەرهەم دەهێنن، ئەو جۆرە کۆمپیوتەرانە زۆربەی کات ئەگەری تێکچوونیان زۆرترە لە ئەو کۆمپیوتەرانەی کە بۆ کەسانی Pro بەرهەم هێنراون.

کۆمپیوتەری Pro بۆ کارکردنی باشتر و پتەوتر

ساڵانێکی زۆر HP EliteBook 8560p ـم بەکارهێناوە و ئەمڕۆش هەمان کاری هەر کۆمپیوتەرێکی مۆدێڕن جێبەجێ دەکات، کۆمپیوتەرەکانی HP EliteBook بۆ ئەو شێوازە کارانەی وێبداڕێژێک زۆر پتەو و بێ کێشەن.


سەبارەت بە سیستەم، پاش هێنان و بردنی ساڵانێکی زۆر، تا ئێستاش پێم وایە بۆ بەکارهێنەرێکی کورد کە بە کوردی سۆرانی دەنووسێت، لە ویندۆز باشترنییە، ویندۆز ١٠٠٪ بێ کێشە نییە، بەڵام بەکارهێنانی درووستی ئەو سیستەمە زۆر کارامەترە لە سیستەمەکانی دیکە و ئەو کارانەی بە سیستەمەکە جێبەجێ دەکرێت هەندێک کات بە سیستەمەکانی دیکە جێبەجێ نابێت، بە هۆکاری ئەوەی سیستەمەکانی دیکە وەک ویندۆز بەربڵاوییان نییە. ئەو ئامراز و پرۆگرامانەی بۆ ویندۆز هەن لە سیسمەتەکانی دیکەدا بە هەمان شێوە نین و بە هەمان تواناوە کار ناکەن.

ئەمڕۆ بۆ خۆم لە سەر ویندۆز ٨ و ١٠ کار دەکەم لەسەر کۆمپیوتەرەکانم و ماک بۆ کاری ڕۆژانە و سەفەر بەکار دەهێنم کە باتری باشتری هەیە، بەڵام بە هۆی نەبوونی Text Editor ـێکی باش کە جێگرەوەی Notepad++ بێت بۆ ماک، ناتوانم ماک بەکاربهێنم بۆ کاری رۆژانەی وێبداڕشتن، Sublime Text و هەموو Editor ـەکانی دیکەی ماکم تێست کردووە، بەڵام هیچ لەوانە ناتوانن کارەکانی Notepad++ بە هەمان ئاسانیی و خێرایی جێبەجێ بکەن. ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە کارکردنم لەسەر ویندۆز بەردەوام بێت لە بواری وێبداڕشتن.

لە ماوەی ئەو ساڵانەی کارکردنم ئەوە فێربووم کە کاتێک شتێک کار دەکات و کێشەی نییە، تێکی نەدەم بە دەستکاری نا پێویست. هەر بۆیە پێش جێبەجێکردنی هەر گۆڕانکارییەک لە پرۆسەی کار و کۆدەکانم، بیری زۆری لێدەکەمەوە، ئەگەر سوودەکانی گۆڕینی زۆرتر نەبوون لە نەگۆڕینی، دەستکاری ناکەم. کاری بنەما پتەو زۆر گرینگە و گۆڕانکاری هێنان لە پرۆسەی کار و وێب بە بەردەوامیی کارێکی باش نییە.


جگە لە سیستەم بێگومان هەموومان کۆمەڵێک ئامراز و پرۆگراممان هەیە کە ناتوانین بەبێ ئەوان کارەکانمان ڕاپەڕێنین، هیچ سیستەمێک بۆ خۆی ئەوەندە تەواو نییە هەموو ئامرازێکی لەگەڵ بێت. بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بە بەردەوامیی لەگەڵ کارکردنم لەسەر هەر یەک لە کۆمپیوتەرەکانم، ئەم پرۆگرامانە کراوەن و ئامادەن بۆ بەکاربردن،


١، پرۆگرامی Notepad++


لەگەڵ پێوەکراوەکانی Emmet, Re Indent By fold, NPP FTP کە وا دەکەن کاری زۆرتر لە پرۆگرامەکەدا جێبەجێ بکەم بەبێ ئامرازی دەرەکی. زۆر جار وردەکاریی تایبەت هاتووەتە پێش لە پرۆژەیەکدا کە هیچ ئامرازێکی تایبەت بە تەنیا بۆ ئەو کارە نەبووە کە جێبەجێی بکات، بەڵام هەموو جارێک بە هەر شێوەیەک بێت بە هاوکاری Notepad++ کارەکەم بۆ جێبەجێ بووە.

لۆگۆی پرۆگرامی Notepad Plus Plus

پرۆگرامی ناوبراو لەگەڵ ئەو پێوەکراوانەی کە هەیەتی بۆ بەکارهێنەرێک و کۆدنووسێک لەسەر سیستەمی ویندۆز شانبەشانی سیستەمەکە گرینگیی هەیە و ئێستاش پاش چەندین ساڵ لە بەکارهێنان شێواز و ڕێگەچارەی نوێ دەدۆزمەوە کە بە بەردەوامیی دەبنە هۆکاری ئاسانترکردنەوەی کارەکانم.


٢، زۆرتر لە یەک کۆمپیوتەر/ئامێر و سیسەم


بە هۆکاری ئەوەی زۆرتر لە یەک کۆمپیوتەر بەکار دەبەم (کە ئەگەر بکرێت باشتر وایە هەر یەک کۆمپیوتەر بەکارببرێت)، پێویستی دەکرد بە شێوەیەک ئەو پرۆژانەی کاریان لەسەر دەکەم بە شێوەیەک لە نێوان کۆمپیوتەرەکان دابەش بکەم و لە هەر کۆمپیوتەرێکەوە بێت بە هەمان شێوە و بەبێ دەستکاری لەسەر کارەکان بەردەوام بم. لە سەرەتاوە بە هاوکاری Google Drive ئەو کارەم جێبەجێ کرد، لە نێو درایڤ دا دوو بوخچەم درووست کرد یەکێک بۆ htdocs (فایلەکانی وێب) و ئەوی دیکەیان بۆ mysql بۆ لە خۆ گرتنی فایلەکانی تایبەت بە داتابەیزەکانی مای سی کوێڵ. بەڵام بە هۆکاری ئەوەی گووگڵ درایڤ هەندێک خاوە و بۆ ئەو کارە تایبەت درووست نەکراوە، هەمان بیرۆکەم بە هاوکاری Dropbox جێبەجێ کرد.

هەڵگرتنی مێژوو و وەشانی فایل لە Dropbox

پرۆگرامی Dropbox تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە جگە لە پەخشکردنەوەی فایلەکان، ئەوەش Versioning ـە، واتە کاتێک فایلێک دەستکاری دەکەیت درۆپبۆکس لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەک دا مێژوویەکی فایلەکە هەڵدەگرێت کە دەتوانیت دواتر بیگەڕێنیتەوە، تەنیا ئەو تایبەیتمەندییە بۆ خۆی چەندین کاتژمێری بۆ گەڕاندوومەتەوە کاتێک بە هەڵە دێڕێک کۆدم دەستکاری کردووە یان ویستوومە فایلێک بگەڕێنمەوە شوێنی خۆی، هەمووشی پێویستی تەنیا بە یەک کرتەیە. لە ئەو کاتەوە تا ئێستا لەگەڵ پرۆگرامەکە بەردەوامم و هەندێک جاریش لەسەر مۆبایل و ئایپادیش کار لەسەر کۆدەکان دەکەم کە دەستبەجێ دووبارە لە کۆمپیوتەرەکانیشم Update دەبن و هەرکامیان بەکار ببەم هەموو کات نوێترین کۆد و فایلەکانی پرۆژەکانم لە بەردەستە.

لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک ئامراز/پرۆگرامی بچووک هەن کە Portable ـن و پێویستیان بە دامەزراندن نییە، لە نێو بوخچەیەک لە Dropbox دا کۆمکردوونەتەوە، کە وادەکات هەمان ئامرازەکان لە هەر کۆمپیوتەرێکی دیکەوە بێت، ئامادە دەبن و دەکرێنەوە بەبێ ئەوەی پێویست بە دامەزراندنیان بکات.

تایبەتمەندییەکی دیکەی Dropbox ئەوەیە کە دەتوانێت وەک نیمچە File Manager ـێک بۆ سیستەمی iOS کار بکات، زۆر جارێک ڕوودەدات کە ئایپاد یان ئایفۆنم بە دەستەوەیە و کار دەکەم، پێویستم بە داگرتنی پەڕگەیەکە و پاشەکەوتی بکەم، بەڵام پرۆسەی کارم تێکنەدات و Sync بێت لەگەڵ کۆمپیوتەرەکانم/ئامێرەکانی دیکەم، خۆشبەختانە Dropbox زۆربەی کات توانای وەرگرتنی ئەو فایلەی هەیە و کە پاشەکەوتی کرد دەینێرێتە نێو ئامێرەکانی دیکەم. ئەم تایبەتمەندییە زۆر بەنرخە بە تایبەت لە سیستەمێکی وەک iOS کە بۆ خۆی File Manager ی نییە و پاشەکەوتکردنی پەڕگە لە نێو سیستەمەکە زۆربەی کات پرۆسەیەکی دژوارە.


٣، ڕێکخستن و کۆکردنەوەی فایلی گرافیکیی


کاری گرافیکی بۆ خۆی بەشێکی دیکەی گرینگی پرۆسەی داڕشتنی وێبە، بە هەموو بەشەکانییەوە، دەستکاریکردنی وێنە، هەڵبژاردنی ڕەنگ و هێنان و بردنیان و هتد… بۆ ئەو مەبەستە Adobe Creative Cloud بەکار دەبەم و پرۆگرامەکانی Photoshop و illustrator ئەو دوو پرۆگرامانەن کە زۆرترین کاتیان لەگەڵدا بەسەر دەبەم. دیارە Adobe CC خۆڕا نییە و لەوانەیە نرخەکەی بۆ هەموو کەسێک گوونجاو نەبێت. بە بڕوای من ئەگەر بە خۆت بڵێیت وێب داڕێژ و بە بەردەوامیی ئەو جۆرە پرۆگرامانە بەکار ببەیت پارەدان بۆ CC زۆر گرینگە و کارەکانت ئاسانتر دەکاتەوە.

ڕێکخستن و پاشەکەوتکردنی کار و پرۆسەی گرافیکیی لە Adobe Creative Cloud Libraries

هەموو سیستەمی Adobe زۆر بەباشیی پێکەوە کار دەکات و کۆمەڵێک ڕاژەی لەگەڵە کە ئەگەر لە سەرچاوەکانی دیکەوە وەک ئابوونە پارەیان بۆ بدەین زۆر گرانتر دەبن و هەروەها ئەو تایبەتمەندییەی Sync و ئاسانکارییەی نابێت، بۆ نموونە دۆزینەوە و بەکارهێنانی ئایکۆن لە پرۆژەکانمان، کە تەنیا بە گەڕانێک و کرتەیەک دەتوانین Sync ـیان بکەین ڕاستەوخۆ لەگەڵ پرۆگرامەکانی وەک فۆتۆشۆپ و لە پرۆگرامەکەدا بەکاری بهێنینەوە.

ئەوەی کە لە ئێرەدا گرینگە، Creative Cloud Libraries ـە، کە هەموو فایلەکانم بە هەمان شێوەی Dropbox لە نێوان ئامێرەکانی دیکەم پەخش دەکات بە شێوەیەک کە بتوانم لەسەر هەر ئامێرێک بێت کار بکەم لەسەر وێنە و ڕەنگ و هتد… کە خۆکارانە دووبارە Sync دەبێتەوە بۆ هەژمارەکەم لە Adobe.


٤، وێبگەڕ Web Browser


بەکارهێنەری Google Chrome ـم وەک وێبگەڕی سەرەکی، بەڵام لەسەر هەموو ئامێرەکانم وێبگەڕەکانی دیکەی وەک Firefox, Opera, Internet Explorer, Edge هەن کە بۆ مەبەستی تاقیکردنەوە و کاری تایبەت بەکاریان دەبەم ناو بە ناو. بە هۆکاری ئەوەی لە بنەڕەتدا زۆربەی ئامراز و زانیارییەکانم پەیوەستن بە سیستەمی گووگڵ ـەوە و بە هەژمارەکەم لە گووگڵ، بەکاربردنی Chrome پێویستی بە بیکردنەوەی زۆر نییە، جگە لەوەش وێبگەڕێکی پارێزراوە.

بە بەردەوامیی Developer Tools ی تایبەت بە Chrome بەکار دەهێنم لە کاتی گەڕان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک یان لە پرۆسەی داڕشتنی پرۆژەکان. کە بیری لێ دەکەمەوە بە سەیری دەبینم کە پێشتر چۆن دەمانتوانی بەبێ Developer Tools کارەکانمان ڕاپەڕێنین، ئامرازێکی پێویستە و پێشنیار دەکەم لە بەستەری خوارەوە زۆرتر لەسەر ناوبراو بخوێنیتەوە.
http://discover-devtools.codeschool.com


٥، پاشەکەوتکردنی کۆدی دووبارە بۆ پاشەکەوتکردنی کات


شتێکی دیکە کە گرینگە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بە هۆکاری تاقیکردنەوە و بەکاربن و نووسینی کۆدی تایبەت لە ئێرە و ئەوێ، کۆمەڵێک کۆد، فانکشن، ستایڵ و وردەکاریی دیکەی پەیوەندیدارم هەن کە بە شێوەیەکی گشتیی دەبنە بەشێک لە هەموو پرۆژەکانم. بۆ پاراستن و ئاسان بەکاربردنەوەیان دیسانەوە پەیوەستم کردوون بە Google Keep کە ماوەیەک پێش ئێستا گووگڵ بە هەندێک نویکارییەوە زۆر باشتری کردووە.

هەموو کۆدە نەگۆڕەکانم، ئەو کۆدانەی کە دەزانم دووبارە بەکاریان دەبەمەوە، یان کۆدێک کاتێکی زۆرم لەسەر تەرخان کردبێت بۆ پرۆژەیەکی تایبەت لەوێ دادەنێم، سەردێڕی درووستیان بۆ دەنووسم، تاگی تایبەتیان بۆ دەنووسم، لەژێر Label/هاوپۆلی درووست ڕێکیان دەخەم و دیسانەوە لە هەموو ئامێرەکانم دەستم پێیان دەگات و دەتوانم کۆد بسڕمەوە یان بەکاریان ببەمەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات گووگڵ کرۆم بەجێ بهێڵم.

نەک تەنیا بۆ کۆدەکان، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتیی ڕاژەیەکی سادە و بە توانایە بۆ ڕێکخستن و وەبیرهێنانەوەی زانیاری گرینگ، کە باشتر ڕێکخستن بۆ زانیاریی و کارەکانت بکەیت…


٦، هەڵگرتنی Backup


لە پاش تەواوبوونی هەر پرۆژەیەک/ماڵپەڕ و چالاک بوونی، کارەکان تەواو نابن، دواتر پێویست بە Backup کردن و چاودێری هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش بەرهەمێکی NAS ی کۆمپانیای QNAP بەکار دەهێنم، کە هەموو ڕۆژێک لە کاتێکی دیاریکراو دا Backup ی هەموو ئەو ماڵپەڕانەم بۆ جێبەجێ دەکات بە شێوەیەکی خۆکارانە و لە نێو NAS ـەکە پاشەکەوت دەبێت. ئەوەی کە گرینگە دیسان هەبوونی بەردەوامییە لە مێژووی فایلەکان. کاتێک بمەوێت Backup ی فڵان ڕۆژێک بگەڕێنمەوە دەستبەجێ دەزانم لە کوێدایە و گەڕاندەوەی زۆر ئاسانتر دەبێت چوونکە دەتوانم لە هەمان NAS ـەوە فایلی Backup ـەکە Share بکەم و لە شوێنی پێویست بەکاری ببەمەوە.

وێنەیەکی نموونەیی QNAP Nas

ئەم بەرهەمە بۆ خۆی دەکرێت ببێتە سەنتەرێکی بەهێز بۆ ژیانی دیجیتاڵت ئەگەر بتەوێت بۆ کار و تایبەتمەندی دیکە بەکاری بهێنێت، زانیاری زۆرتر https://www.qnap.com/en/product/model.php?II=142


لەگەڵ ئەوەدا دەمهەوێت بڵێم، هیچ کاتێک پشت نەبەستیت بە ئەو Backup ـەی کە کۆمپانیاکانی هۆست بەڵێنی لەسەر دەدەن، زۆربەی کات لە کۆتاییدا کەمتریان Backup کردووە و فۆرماتی Backup ـەش شتێک نییە کە بتوانیت بە ئاسانی کاری لەگەڵ بکەیت. ئەو شێوازەی کە بەکاری دەبەم بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی خۆمە و بە هەر شێوەیەک خۆم بمەوێت دیزاینی پرۆسەکە دەکەم کە چی ڕووبدات. ئەگەر ماڵپەڕت هەیە یان بەرپرسایەتی بەردەوامبوونی ماڵپەڕت لەسەر شانە، پێویستە/مەرجە پرۆسەیەکی Backup هەڵگرتنی درووستت هەبێت کە دوور بێت لە کاری دەستکرد. واتە پێویست بە بوونی خۆت نەکات بۆ ئەوەی Backup جێبەجێ ببێت.

دەزانم کە بە شێوەیەکی گشتیی بەسەر خاڵەکاندا بازم داوە و زۆر شتێک کە لەو نێوانە هەیە بە وردی ئاماژەم پێنەداوە، چوونکە زۆربەیان تایبەتن بە بوار و شێوازی کارکردنی من، لەوانەیە هەمان پرۆسە بۆ تۆ گوونجاو نەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا بیرۆکەت لا درووست بکات کە چۆن کارەکانی خۆت ئاسانتر بکەیتەوە.

دیارە هەموو ئەو پرۆسە کارەی سەرەوە کە ئاماژەم پێداوە بەهێزی لە ئەوەدایە کە پەیوەست نین بە هیچ ئامێر یان کۆمپیوتەرێکی منەوە، ئەگەر هەر سیستەمێک کێشەی بۆ درووست بێت یان کۆمپیوتەر نەیەوێت کاری خۆی جێبەجێ بکات، تەنیا پێویست دەکات لە کۆمپیوتەرێکی دیکەوە بچمەژوورەوە بۆ نێو هەژمارەکانم و هەموو شتەکانم لە شوێنی خۆیاندان. وەک وێبداڕێژ درووست نییە و نابێت هیچ کاتێک فایلەکان تەنیا لە یەک شوێن پاشەکەوت بکەیت، ئەمڕۆ چیتر باوی ئەوە نەماوە بەهۆکاری تێکچوونی ویندۆزەکەت نەتوانیت فایلەکانت بکەیتەوە چوونکە لەسەر هاردی کۆمپیوتەرەکە.

هارد داریڤ لە قەبارە و نرخدا ئەمڕۆ ئەوەندە هەرزانن، هیچ پاساوێک نییە کە فایلەکانت پارێزراو نەبن، کە ئەو پرۆژانەی کاریان لەسەر دەکەیت هەموو کاتێک لە بەردەستت نەبن. ڕاژەکانی وەک Dropbox و Adobe CC توانای باش و تایبەت بە خۆیان هەیە کە ئەگەر بە درووست بەکا برا کاریگەریی ئەرێنیی زۆر دەبێت لەسەر ژیانت وەک وێبداڕێژ.


٧، پاشەکەوتکردنی خۆکارانە، Auto Save


هەموو نووسینەکانم لە Google Docs دەنووسم، ئەم بابەتەی کە دەینووسم لە یەکەم وشەوە تا کۆتایی لە پێشدا وەک دەقی ئاسایی لە Google Docs دەنووسم کە خۆکارانە پاشەکەوتی دەکات، دیسانەوە Sync دەبێت بۆ هەموو ئامێرەکانی دیکەم و دەیوانم لە ئەو ئامێرانەوە بەردەوامیی بە نووسینەکانم بدەم. پێم وایە بەکارهێنانی Google Docs بەتایبەت بۆ بەکارهێنەرێک کە کێشەی کارەبای هەبێت وەک ئێستا لە بەشێک لە وڵاتی ئێمە باوە، زۆر گرینگە بۆ نەفەوتانی ئەوەی کاری لەسەر دەکەیت و دەینووسیت.

کاتێک نووسینەکانم لە Google Docs تەواو کرد، ئەو کاتە ڕوونووسی دەکەمە شوێنی و خۆی و بەکاری دەبەمەوە، بۆ نموونە ئەم بابەتەم هێناوە لە ئێرە بڵاوم کردووەتەوە.

تەنیا نووسینەکانم لە Google Docs / Drive کۆناکەمەوە، بەڵکوو App ـەکانی دیکەی Google Drive وەک Google Drawings بەکار دەبەم بۆ درووستکردنی وێنەی هاوشێوەی Diagram و هتد، کە دیسانەوە بە هەمان شێوەی نووسینەکانم خۆکارانە پاشەکەوت دەبن و Sync دەبن.


٨، پاراستنی کار و زانیارییەکان


لە کۆتاییشدا لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە هەموو ئەو هەژمارانەی لەسەر وێب بەکاریان دەبەیت پێویستە بە دڵنیابوونی دووهەنگاویی 2 Step Verification پارێزراو بن. بۆ ئەوەی دەستی تێکدەرانیان نەگاتێ و کێشە بۆ پرۆسەکەت درووست بکەن.

وێنەیەکی پێناسەیی 2 Step Verification

ئەگەر وەک من بەکارهێنەرێکی گووگڵ بیت، ئێستا پرۆسەی پاراستنی هەژمارەکەت زۆر ئاسان کراوەتەوە بەتایبەت ئەگەر تەلەفۆنەکەت سیستەمی ئەندرۆیدی هەبێت، لە باتی ئەوەی هەموو جارێک کۆدێک وەربگریت و بیسەلمێنیت کە ئەو کەسەی دەتەوێت هەژمارەکەت بەکار بهێنێت، ئێستا دەتوانیت تەنیا بە وەڵامدانەوەی بەڵێ یان نەخێر ئەو کارە جێبەجێ بکەیت و پێویستی بە دووبارە نووسینەوەی کۆد نەبێت، کە لە ژێر ناوی Google Prompt چالاکیان کردووە. دیارە پێویست دەکات بۆ خۆت وەک بەکارهێنەر لە ڕێکخستنەکانی هەژمارەکەت لە گووگڵ ئەو تایبەتمەندییە چالاک بکەیت.

ڕاژەی Google Promt بۆ باشتر پاراستنی هەژمار و ئاسانکردنەوەی بەکارهێنانی

کۆتایی.

تكایه‌ هه‌ژمارێك درووست بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بۆچوون بنووسیت، كرته‌ له‌ ئێره‌ بكه‌ بۆ درووستكردنی هه‌ژمار
am2nj2017-01-20

ده‌ سته‌ كانت حۆش بێت كاك ئاسۆ سوودی هه‌ بوو بۆم...