هه‌وڵ ده‌ده‌م له بابه‌تی خواره‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه به هاوكاری ڕووكردنه‌وه‌ی وێنه‌یی بنووسم. بۆ ڕوونتر كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی بابه‌ت ٣ ماڵپه‌ڕی كوردی بۆ لێكدانه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بابه‌ته‌كه ده‌هێنمه به‌رباس.
پرۆسه‌ی پێكهاتنی ماڵپه‌ڕێك به شێوه‌یه‌كی ئاسایی چۆنه و به چ هه‌نگاوێكدا تێپه‌ڕ ده‌كات؟
بۆ ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕێك به به‌رهه‌م بهێنرێت پێویسته به‌كارهێنه‌رێك/ وێبداڕێژێك په‌ڕه‌یه‌كی وێبیی (په‌ڕه‌یه‌ك كه له وێبگه‌ڕدا پیشان بدرێت) درووست بكات، دواتر له‌سه‌ر ڕاژه‌كارێك / Server (خۆماڵی یان ده‌ره‌كی) ئه‌و په‌ڕه‌یه دابنێت و ئه‌نجامی ئه‌و كاره ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی میوانان ده‌توانن ئه‌و په‌ڕه‌یه بكه‌نه‌وه و له
وێبگهڕهكانیان دا بینینن، كه‌واته به كورتی پرۆسه‌ی ده‌ستپێكردن و چالاك كردنی ماڵپه‌ڕێك به ٣ هه‌نگاوی كورتدا تێده‌په‌ڕێت.
درووستكردن / داڕشتنی په‌ڕه‌یه‌كی وێبیی، یه‌كه‌م هه‌نگاوی به به‌رهه‌م هێنانی ماڵپه‌ڕێك لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رێك په‌ڕه‌یه‌ك دابڕێژێت پێویستی به زانینی زمانێك ده‌بێت كه ڕاژه‌كاره‌كان Web Server و وێبگه‌ڕه‌كان Web Browser بتوانن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن و بتوانن Serve ی بكه‌ن، پیشانی بده‌ن.
زمانی بنه‌ڕه‌تیی وێب HTML ـه، HTML كورتكراوه‌ی HyperText Markup Language زمانێكی تایبه‌ته به داڕشتنی په‌ڕه‌كانی وێب كه به‌كارهێنه‌ر له ڕێگه‌یه‌وه پێكهاته‌ی په‌ڕه‌یه‌ك پێناس ده‌كات كه دواتر له‌ڕێی ڕاژه‌كار و وێبگه‌ڕه‌وه پیشان ده‌درێت. به شێوه‌یه‌كی په‌تی HTML زمانێكه كه به‌كارهێنه‌ر به‌كاری ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی
به وێبگه‌ڕ بڵێت چی پیشان بدات و چۆن پیشانی بدات.
زمانی HTML وه‌ك هه‌ر زمانێكی دیكه پێكهاته‌ی خۆی هه‌یه، كه تێیدا هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ڕۆڵێكی هه‌یه، بۆ نموونه په‌ڕه‌یه‌كی ساده‌ی HTML ده‌بێت لانیكه‌م له‌م كۆدانه پێكهاتبێت،
.png)
په‌ڕه‌یه‌كی وێبیی HTML له كۆتاییدا به پاشگری html. پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت، بۆ نموونه index.html
ئه‌گه‌ر وردتر له جێبه‌جێ بوونی كرداری یه‌كه‌م (درووستبوونی په‌ڕه‌یه‌كی وێبیی) بكۆڵینه‌وه چ پرۆسه‌یه‌ك له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا جێبه‌جێ ده‌بێت؟
بۆ ئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رێك / وێبداڕێژێك په‌ڕه‌یه‌ك له كۆمپیوته‌ری خۆیه‌وه بنێرێته سه‌ر ڕاژه‌كار / Server ـێك پێویستی به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌بێت،
- زانیاریی سه‌باره‌ت به‌و ڕاژه‌كاره‌ی كه ده‌یه‌وێ په‌ڕه‌یه‌ك بۆ بنێرێت، وه‌ك ناونیشانی ڕاژه‌كار، نازناو و وشه‌ی نهێنی بۆ په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ڕاژه‌كار.
- پرۆگرامێك كه بتوانێت له‌گه‌ڵ ڕاژه‌كار بدوێت (وه‌ك چۆن ٢ مرۆڤ به زمانێك كه له یه‌كتر تێبگه‌ن دهئاخاون) پێویسته كۆمپیوته‌ری به‌كارهێنه‌ر به زمان كه لێره‌دا به پرۆتۆكۆل ناوده‌برێت له‌گه‌ڵ ڕاژه‌كار بدوێت و بتوانێت زانیارییه‌كانی له‌گه‌ڵدا بگۆڕێته‌وه. لێره پرۆتۆكۆلی FTP وه‌ك پرۆتۆكۆلی ئاسایی به‌كار ده‌برێت.
FTP پرۆتۆكۆل/ زمانێكه كه كۆمپیوته‌ره‌كان ده‌توانن له ڕێگه‌یه‌وه په‌ڕگه بگۆڕنه‌وه. ئه‌و كۆمپیوته‌ره‌ی كه ڕاژه‌كاره پێی ده‌وترێت FTP Server / خانه‌خوێی FTP و ئه‌و كۆمپیوته‌ره‌ی كه كۆمپیوته‌ری به‌كارهێنه‌ره پێی ده‌وترێت FTP Client، واته به‌كارهێنه‌ری FTP.
ڕاژه‌كاری FTP به‌و شێوه‌یه بوه‌ته ڕاژه‌كار كه پرۆگرامێكی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، كاری ئه‌و پرۆگرامه ئه‌وه‌یه گوێگری ئه‌و داواكارییانه بێت كه له‌ڕێی پرۆتۆكۆلی FTP ـه‌وه ده‌گه‌نه ڕاژه‌كار و دواتر به پێی هه‌ندێك فرمان و لێكدانه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌گات.
كۆمپیوته‌ری به‌كارهێنه‌ر له هه‌مان كاتدا پێویستی به پرۆگرامێكی FTP هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌گه‌ڵ ڕاژه‌كار بدوێت، FTP Client كه له كۆمپیوته‌ری به‌كارهێنه‌ره‌وه داواكاریی جیاواز ده‌نێرێت بۆ ڕاژه‌كار و ڕاژهكاریش به پێی ده‌سه‌ڵات و شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییانه‌ی كۆمپیوته‌ری به‌كارهێنه‌ر ده‌داته‌وه كه
له‌ڕێی پرۆتۆكۆلی ناوبراوه‌وه نێردراون.
پاش ده‌سته‌به‌ر بوونی پرۆگرامه‌كانی FTP Server و FTP Client كۆمپیوته‌ری به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت ئه‌و په‌ڕه‌ی وێبییه بنێرێته سه‌ر ڕاژه‌كار.
بۆ به‌كارهێنه‌ر زۆر گرینگ نییه كه ڕاژه‌كار چ پرۆگرامێك به‌كار ده‌بات بۆ وه‌رگرتنی داواكارییه‌كانی چوونكه پرۆتۆكۆلی FTP هه‌مان پرۆتۆكۆله و له پرۆگرامه‌كاندا هه‌مان ڕێكخستن و ئه‌نجامی به‌كاربردنیان هه‌یه.
به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت پرۆگرامێكی وه‌ك FileZilla به‌كار ببات بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌ڕه‌ی ماڵپه‌ڕ بۆ نێو ڕاژه‌كار.
تێبینی: چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی FileZilla له كۆتایی ئه‌م بابه‌ته دانراوه به ڤیدیۆیی.
ڕاژه‌كار چۆن په‌ڕه‌ی باركراو پیشان ده‌دات؟
وێبگه‌ڕ به به‌كاربردنی پرۆتۆكۆلی HTTP ـه‌وه ده‌توانێت داواكاری پیشاندانی په‌ڕه بنێرێت بۆ ڕاژه‌كاری وێب Web Server، ڕاژه‌كار كه توانای مامه‌ڵه كردنی هه‌یه له‌گه‌ڵ پرۆتۆكۆلی HTTP به شێوه‌یه‌كی ئاسایی داواكاریی وێبگه‌ڕ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و وه‌ڵامی پێویستی بۆ ده‌نێرێت. ئه‌گه‌ر به وێنه هه‌نگاوی داواكاریی په‌ڕه‌یه‌ك له لایه‌ن وێبگه‌ڕه‌وه بۆ ڕاژه‌كاری HTTP ڕوون بكه‌ینه‌وه به‌م شێوه‌یه ده‌بێت.

١، وێبگه‌ڕ داواكاریی ده‌نێرێت بۆ ڕاژه‌كاری كه ده‌یه‌وێ ماڵپه‌ڕی www.webchin.org به به‌كارهێنه‌ر پیشان بدات.
٢، ڕاژه‌كاری وێب ده‌گه‌ڕێت به‌دوای ماڵپه‌ڕدا و پاش دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵام و په‌ڕه‌ی كۆدیی www.webchin.org ده‌نرێته‌وه بۆ وێبگه‌ڕ.
٣، پێش ئه‌وه‌ی وێبگه‌ڕ په‌ڕه‌كه به به‌كارهێنه‌ر پیشان بدات ده‌بێت كۆده‌كان وه‌ربگێڕدرێت بۆ پێكهاته‌ی ئاسایی، واته وێنه، ده‌ق Text و هتد... كه پێی ده‌وترێت Page Rendering.
٤، پاش ئه‌وه‌ی كه وێبگه‌ڕ په‌ڕه‌یه‌كی وه‌رگێڕا و پێكهاته‌كانی له شوێنی خۆیان دانا، به به‌كارهێنه‌ری پیشانی ده‌دات.
له بابه‌تی داهاتوودا پرۆتۆكۆلی HTTP و هه‌ندێك زانیاریی په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ڕوون ده‌كه‌مه‌وه.