ژ.ب ٢٤٤٩

تاقیکردنەوە و خێراکردنی ماڵپەڕ [ئامرازی بەسوود]


خێرا ڕاگرتنی ماڵپەڕ فاکتەرێکی گرینگە بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە هەموو میوانانی ماڵپەڕ بەشێوەیەکی خێرا دەتوانن کرتە لە پەڕەکانی ماڵپەڕەکە بکەن و بەستەرەکانی بکەنەوە. لە هەمان کاتدا زۆر گرینگە بۆ ئەوەی گەڕۆکی وەک گووگڵ بتوانن بە پێی پێویست ناوەڕۆکی ماڵپەڕ Index بکەن.

لە ئەم بابەتەدا ٢ ئامرازی بەسوود دەخەینە ڕوو بۆ تاقیکردنەوە و پێشنیار وەرگرتن سەبارەت بە ئاستی ئێستای خێرایی ماڵپەڕ و هەروەها چۆنیەتی خێراتر کردن.

ئامرازەکان هەندێک فاکتەر و بڕیاری نەگۆڕ بەکار دەبەن بۆ تاقیکردنەوە و پێشنیارکردنی چارەسەری گشتیی بۆ خێراترکردنی ماڵپەڕ، لە هەمان کاتدا زانیاریی پێویست و بەسوود پیشان دەدرێت سەبارەت بە هەر کێشەیەک بۆ ئەوەی وەک وێبداڕێژ زۆرتر بزانیت سەبارەت بە کێشەکان و بۆچی چارەسەرکردنیان گرینگە.

ئامرازی یەکەم Google Page Speed Online،


Page Speed Online

Page Speed Online ئامرازێکی خۆڕایی گووگڵ ـە کە وەک وێبداڕێژ دەتوانیت بەکاری ببەیت بۆ پلەبەندی کردنی خێرایی ماڵپەڕەکەت، گووگڵ لەسەر بنەمای ١ تا ١٠٠ پلەپەندی دەکات و لە هەمان کاتدا پێشنیاری بەسوود پیشان دەدات سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی.



لە پەڕەی ئەنجامی تاقیکاریدا، ئەنجامی وەک پلەپەندی، کێشەی دۆزراوە، لایەنی باشی، کێشەی کەمتر گرینگ کە دەکرێت چارەسەر بکرێت و هەروەها لیستەیەک بەسەر ئەو خاڵانەی کە بە درووستی جێبەجێ کراون دەردەکەوێت.

گرینگتر لە بەشی High priority دەردەکەوێت کە پێویستە چارەسەر بکرێت، خاڵە دیاریکراوەکان لە بەشەکانی دیکە خاڵی ناوەندیین و چارەسەرکردنیان لەوانەیە بۆ هەموو ماڵپەڕێک پێویست و گوونجاو نەبێت، بەڵام چاولێکردنیان و بەراورد کردنیان سوودی دەبێت.


بە گشتیی Google Page Speed Online چەند پێشنیارێکی بەسوود دەکات کە بریتین لە،

  • بەکاربردنی @import بۆ CSS بەکار مەبە، بەتایبەت کاتێک Full URL ی پەڕەی Import کراو دەنووسیت، لە باتی هێنانی پەڕگەیەکی CSS بۆ نێو پەڕگەیەکی دیکە، کۆدەکان تێکەڵاوی یەکتر بکە و لە یەک پەڕەی هاوبەشدا بەکاریان ببە. ئەوەت لە بیرنەچێت کە کۆدەکان بە ڕێک و پێکی لە نێو پەڕگەی هاوبەش دا دابنێیت بۆ ئاسان دەستکاریکردنەوەی لە داهاتوودا


  • بچووک کردنەوەی قەبارەی پەڕگەکانی CSS، یان Minify CSS، لە کاتی نووسینی CSS بۆشایی زۆر درووست دەبێت بە مەبەستی ئاسان خوێندنەوە و تێگەیشتنی کۆدەکان و هەروەها توانای کارکردن لەگەڵیان. هەندێک جار لەوانەیە قەبارەی بۆشاییەکان زۆرتر بن لە قەبارەی پیتە نووسراوەکان و بە سڕینەوەی بۆشاییەکان قەبارەی پەڕگەی CSS لەوانەیە ٥٠% کەمتر بێتەوە. لە خوارەوە بەستەرێکی بەسوود دانراوە بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی پەڕگەی CSS.
    گرینگە کە ڕوونووسێکی کۆدەکانی CSS ـت هەبێت بە شێوەیەکی ئاسایی کە بتوانیت لە داهاتوودا دەستکاری بکەیتەوە بە ئاسانی.


  • بە هەمان شێوەی بچووک کردنەوەی قەبارەی پەڕگەی CSS، دەتوانرێت قەبارەی پەڕگەکانی JavaScript کەمتر بکرێتەوە بە بەکاربردنی شێوازێکی هاوشێوە. ئامرازی پەیوەندیدار لە خوارەوە بەستەری بۆ کراوە.


  • فۆرمات و قەبارەی درووست بەکار ببە لە کاتی بەکاربردنی وێنە لە نێو ماڵپەڕ، بەکاربردنی وێنە لەسەر ئینتەرنێت زۆر بەربڵاوە و هەموو ماڵپەڕێک دەگرێتەوە. بەکاربردنی جۆری درووست بۆ پاشەکەوتکردنی وێنەکان و هەروەها قەبارەی درووست دەکرێت ببێتە فاکتەرێکی زۆر گرینگ بۆ خێراتر کردنەوەی ماڵپەڕێک. گرینگی بدە و هەوڵ بدە قەبارەی درووست بۆ وێنەکانی ماڵپەڕەکەت هەڵبژێریت.



ئامرازی دووەم، Pingdom Full Page Test


Pingdom Full Page Test

Pingdom Full Page Test جگە لە پێوانەکردنی خێرایی کردنەوەی ماڵپەڕ، چەند تایبەتمەندییەکی دیکە و ورد پێوانە دەکات و پێشناری پێویست پیشان دەدات لە پەیوەندی لەگەڵ هەر خاڵێک.

Pingdom Full Page Test و Google Page Speed Online دوو ئامرازی زۆر پێویستن بۆ هەموو وێبداڕێژێک کە دەیەوێت بەرهەمی کارەکەی ماڵپەڕێکی خێرا بێت و هەموو کات میوانانی ماڵپەڕ و پێداویستیەکانی پەیوەندیدار بە خێرایی کردنەوەی ماڵپەڕی بۆ گرینگ بێت.

بەستەری پەیوەندیدار،

تكایه‌ هه‌ژمارێك درووست بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بۆچوون بنووسیت، كرته‌ له‌ ئێره‌ بكه‌ بۆ درووستكردنی هه‌ژمار
dalia2006-0001-11-30

دەستەکانتان خۆش<br />تکایە بەردەوام بن لە بابەتى لەم جۆرە