ژ.ب ٤٤٩٣

پرۆگرامۆكه‌ی ئاماده‌ یان تایبه‌ت داڕێژراو


زۆر جارێك به‌ مه‌به‌ستی هه‌واڵدان بۆ هه‌ڵبژاردن و داڕشتنی باشترین سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ریی بۆ ماڵپه‌ڕه‌كانمان له‌وانه‌یه‌ زۆر لێكۆڵینه‌وه‌ و پرۆگرامۆكه‌ی جیاواز تێست بكه‌ین. زۆر جارێك به‌بێ ئه‌نجام و هه‌ندێك جاریش به‌ ڕه‌زامه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆوه‌ له‌سه‌ر به‌كاربردنی پرۆگرامه‌كه‌یه‌ك دڵنیا ده‌بین. له‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵ تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر هه‌ندێك خاڵ كه‌ ده‌كرێت هاوكاریت بكه‌ن له‌كاتی بڕیار دان له‌وه‌ی ئایا پرۆگرامۆكه‌ی ئاماده‌ و خۆڕا به‌كار ببه‌یت یان سیسته‌مێكی به‌ڕێوه‌به‌ری تایبه‌ت بۆ پرۆژه‌كه‌تان دابڕێژن.

پرۆگرامۆكه‌ی ئاماده‌
لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ پرۆگرامۆكه‌ی ئاماده‌ ئه‌و سیسته‌مانه‌یه‌ كه‌ به‌ خۆڕا له‌سه‌ر وێب هه‌ن و هه‌موومان ده‌توانین به‌ ئازادانه‌ له‌ پرۆژه‌كانماندا به‌كاریان ببه‌ین بۆ نموونه‌ Joomla, WordPress, Drupal و هتد... چاكیی و خراپییه‌كانی ئه‌و جۆره‌ سیسته‌مانه‌ له‌ خاڵه‌كانی خواره‌وه‌دا كۆ ده‌كه‌مه‌وه‌.

چاكیی
كه‌سێكی دیكه‌ پێشتر كاره‌كه‌ی جێبه‌جێ كردووه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ به‌كاربردن.
له‌وانه‌یه‌ زۆرتر له‌ یه‌ك كه‌س كاری له‌سه‌ر سیسته‌مه‌كه‌ كردبێت كه‌ له‌ خۆیدا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت زۆرتر له‌ یه‌ك كه‌س پێداچوونه‌وه‌ی كۆده‌كانیان كردووه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌بوونی لاوازیی له‌ كۆده‌كاندا له‌وانه‌یه‌ كه‌متر هه‌بن.
زۆربه‌ی پرۆگرامۆكه‌ سه‌رچاوه‌كراوه‌كانی سه‌ر وێب ئه‌مڕۆ به‌كارهێنه‌ران و په‌ره‌پێده‌رانێكی زۆر له‌ ده‌وریان كۆبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ن و تایبه‌تمه‌ندی نوێ و زۆرتر بۆ سیسته‌مه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. بڵاوكردنه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كاتی زۆرت بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك یان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت پێوه‌كراوێكی ئاماده‌ هه‌بێت كه‌ بتوانیت ڕاسته‌وخۆ به‌كاری ببه‌یت.
خۆڕایی و سه‌رچاوه‌كراوه‌ن، ئه‌گه‌ر ویستت گۆڕانكاری له‌ سیسته‌مه‌كاندا پێك بێنیت، ده‌توانیت. به‌ مه‌رجی له‌به‌رچاو گرتنی مه‌رجه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ر پرۆگرامۆكه‌یه‌ك.
له‌گه‌ڵ ئاشكرا بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌كی پاراستن له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ خێرایی چاره‌سه‌ر بكرێت، چوونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان پێداوه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر له‌و جۆره‌ پرۆژانه‌ به‌شدارن كه‌ واده‌كات هه‌موو كات كاركردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رده‌وامه‌.
له‌وانه‌یه‌ خاڵی دیكه‌ هه‌بن...

خراپیی
زۆربه‌ی سیسته‌مه‌كانی ئه‌مڕۆ زۆر قه‌ره‌باڵغ كراون و له‌وانه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ت هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی پێویست نه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌كاندا هه‌ن له‌ بنه‌ڕه‌تدا، له‌وانه‌یه‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ ئاسان نه‌بن. هه‌بوونی هه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زۆرتر له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ هه‌بێت مه‌ترسی لاوازبوونی پارێزراویی پرۆژه‌كه‌ت زۆرتر ده‌كه‌ن.
له‌وانه‌یه‌ سیسته‌مه‌كان نه‌توانن كردارێكی تایبه‌ت به‌ شێوازی ویستراو جێبه‌جێ بكه‌ن و پێوه‌كراو نه‌بێت بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و كرداره‌ و بۆ خۆت نه‌توانیت بۆی دابڕێژێت.
سیسته‌مه‌ ناوبراوه‌كانی سه‌ره‌وه‌ ڕێژه‌ی به‌كارهێنانیان زۆره‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی واده‌كات كه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ریان زۆرتره‌ له‌ پرۆگرامۆكه‌یه‌ك كه‌ كه‌متر به‌ناوبانگ بێت و به‌كارهێنه‌ری كه‌متری هه‌بێت.
كۆده‌كانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت ئه‌و كاته‌ ناسراو ده‌بن بۆ هه‌موو كه‌سێك، له‌سه‌ر وێب نابێت بڕاو به‌ هیچ جۆره‌ میوانێك بكرێت. هه‌بوونی هه‌مان كۆدی سیسته‌می ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت به‌ كراوه‌یی له‌سه‌ر وێب ده‌كرێت ببێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌سێك كه‌ كێشه‌یه‌ك له‌ كۆده‌كاندا بدۆزێته‌وه‌ بتوانێت به‌ مه‌به‌ستی تێكدانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت به‌كاری ببات و بۆت چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.
له‌وانه‌یه‌ خاڵی دیكه‌ هه‌بن...


تایبه‌ت داڕێژراو
مه‌به‌ست له‌ تایبه‌ت دارێژراو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ خۆت یان كۆمپانیایه‌ك سیسته‌مێكی تایبه‌ت بۆ پرۆژه‌كه‌تان داڕشتبێت و كۆده‌كانی بۆ ماڵپه‌ڕی دیكه‌ به‌كار نه‌برابێت. هه‌روه‌ها سیسته‌مه‌كه‌ كاره‌كانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌تان به‌ شێوازی تایبه‌ت به‌ خۆیان جێبه‌جێ بكات.

چاكیی
یه‌كه‌مین سوودی سیسته‌می تایبه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆده‌كانی پارێزراوه‌ و به‌ كراوه‌یی له‌سه‌ر وێب نییه‌. هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ پاراستنی دڵنیایی ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پاراستنێكی باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌ كۆده‌كان به‌ كراوه‌یی له‌سه‌ر وێب هه‌بن.
تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌كه‌ت داڕێژراوه‌، تایبه‌تمه‌ندی زۆرتری له‌ خۆ نه‌گرتووه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێویستتان پێی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ویستتان تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌ی بۆ زۆر بكه‌ن ئاسانتر ده‌توانن، چوونكه‌ بۆ خۆتان سیسته‌مه‌كه‌تان داڕشتووه‌ و له‌ بناغه‌نانی ده‌زانن.
سیسته‌مه‌كه‌ به‌ شێوازی تێگه‌یشتنی خۆتان له‌ پێداویستییه‌كانی پرۆژه‌كه‌تان داڕێژراوه‌ و كاره‌كانی به‌ پێی پێویست جێبه‌جێ ده‌كات.

خراپیی
ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ت تووشی كێشه‌یه‌ك بێت و بۆ خۆتان كاتتان نه‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ن، په‌ك كه‌وتوو ده‌بێت چوونكه‌ هاوكاری دیكه‌تان نییه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات. یان له‌وانه‌یه‌ له‌و كاته‌دا كۆمپانیای كۆدنووس كاتی كاركردنیان نه‌بێت و چاوه‌ڕوانیان بیت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ت چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر تایبه‌تمه‌ندی نوێی پێویست بوو، ده‌بێت بۆ خۆتان بۆی زۆر بكه‌ن. هه‌ندێك كات له‌به‌ر ته‌نیایی و كه‌م كاتیی له‌وانه‌یه‌ زۆركردنی تایبه‌تمه‌ندی نوێ كاتی زۆر بخایه‌نێت.
ئه‌گه‌ر له‌ بواره‌كه‌ت باش نه‌زانیت، له‌وانه‌یه‌ بناغه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ بۆ پرۆژه‌كه‌ دابڕێژیت كه‌ بۆ كاری داهاتوویی كاركردن له‌سه‌ری ئاسان نه‌بێت و له‌ كاتێكدا پێویستی به‌ سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ هه‌بێت.

هیوادارم خاڵه‌كانی سه‌ره‌وه‌ یاریده‌ر بن له‌ كاتی بڕیاردان له‌وه‌ی ئایا سیسته‌می ئاماده‌ یان تایبه‌ت داڕێژراو به‌كار ببه‌یت بۆ پرۆژه‌كه‌ت.
تكایه‌ هه‌ژمارێك درووست بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بۆچوون بنووسیت، كرته‌ له‌ ئێره‌ بكه‌ بۆ درووستكردنی هه‌ژمار